کژار لەدایکبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و دامەزراندنی پژاکی پیرۆز کرد
کۆردیناسیۆنی کژار، ٤ی نیسان ٧٧هەمین ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆو ٢٢ ساڵەی دامەزراندنی پژاکی لە گەلی کوردو ژنانی ئازادیخواز و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان پیرۆز کردو وتی: ٤ی نیسان، ڕۆژی ئازادی و ژیانەوەیە.
ناوەندی هەواڵ
بەبۆنەی ٤ـی نیسان، کە دەکاتە ٧٧هەمین ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٤٨ و ٢٢ ساڵەی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" لە ساڵی ٢٠٠٤، کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ٤ـی نیسانی لە گەلانی جیهان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلی کورد، شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان و ژنانی ئازادیخوازی جیهان بە گشتی و ژنانی کورد بە تایبەت پیرۆز کرد.
کژار، پەیوەست بە لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵەی بەنرخی ژن-دایکە کە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەکی مەزن لە بەرامبەر کۆمەڵگەکەی خۆیدا، ئەم کەلتوورە دێرینەی بە بوونی خۆی جارێکی دیکە سەلماندەوە و زیندووی کردەوە.
لە پلەی یەکەمدا بۆ ژنانی کورد و پاشان بۆ هەموو ژنانی جیهان، لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ وەک لەدایکبوونەوەیەکی دووبارەیە. ژن بە ئەندیشە و فەلسەفەی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، گەیشتە هۆشیاری و ئاگایی لە بوونی خۆی. فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەرگای هەموو ئەو قەفەسانەی کە لەسەر ژنان داخرابوون کردەوە و ژنان گەیشتنە واتای فڕین.
ڕاگەیاندراوەکەی کەژار بەم شێوەیە:
"ئێمە لە سەرەتادا، چواری نیسان کە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆیە و دەچێتە حەفتا و حەوت ساڵەی تەمەنییەوە و هەروەها بیست و دووەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" پیرۆز دەکەین و یادی هەموو شەهیدان بەرز ڕادەگرین. دامەزراندنی پژاک لە ڕۆژێکی وەها پیرۆزدا بێگومان ئەوە نیشان دەدات کە ئەمە تەنیا لەدایکبوونێکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا لەدایکبوون و زایەڵەی دووبارەی زۆرێک لەو بوونانەیە کە جارێکی دیکە ماناکانی ژیانیان لە نێو خۆیاندا دۆزیوەتەوە.
هەندێکجار تاکێک دەتوانێت تەواوی ڕێڕەوی مێژوو بگۆڕێت. هەندێک جار تاکێک دەتوانێت ببێتە هۆکارێک کە کۆمەڵگە بەو پێناسە بکرێت.
هەر تاکێک و هەر بوونێک لە هەمان کاتدا دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە و بنەڕەتی سەرەتا لە ناوخۆی خۆیدا و پاشان لە کۆمەڵگەکەیدا دروست بکات. بێگومان هیچ بوونێک بەبێ کۆمەڵگەکەی خۆی گۆڕانکاری دروست ناکات؛ ئەو بوونەی کە مانای گەورە و جوان لە ناخی خۆیدا هەڵدەگرێت، دەتوانێت هەمان ئەو مانایانە بە کۆمەڵگەکەشی ببەخشێت. ئەو کەسەی کە بتوانێت لە ناوخۆی خۆیدا وەرچەرخانی گەورە لە بواری ئەندیشە و فیکردا پێکبهێنێت، واتە لە تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆی بۆ ژیان بە شێوەیەکی جیاواز بیر بکاتەوە، لەو کاتەدا کۆمەڵگەکەشی دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەیەکی جیاواز. ئێمە ئەم هەوڵ و کۆششەی تاکێکی پێشەنگ بە فیداکاری لە پێناو بەهاکانی کۆمەڵگە ناوزەد دەکەین.
لەو حاڵەتەدا، هەر بوونێک مانای گەورە لە خۆیدا جێ ناکاتەوە؛ هەر بوونێک بەهای پیرۆز نافرێنێت و نامێنێتەوە. ئەو کەسانەی کە خۆیان فیدای کۆمەڵگە دەکەن، لە خود تێدەپەڕن و باری کۆمەڵایەتیبوونی خۆیان بە فیداکارییەوە دەخەنە سەر شانیان، ئەوانە ڕێبەران و پێشەنگەکانن. ڕێبەر ئاپۆ دیارییەکە لە لایەن دایکانی خوداوەندەوە کە دەیانەوێت شوێنپێی یەکسانی، ئەشق و ژیانی ئازادیان هەمیشە لەسەر ئەم خاکانە بەردەوام بێت. ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵەی بەنرخی ژن-دایکە کە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەکی مەزن لە بەرامبەر کۆمەڵگەکەی خۆیدا، ئەم کەلتوورە دێرینەی بە بوونی خۆی جارێکی دیکە سەلماندەوە و زیندووی کردەوە.
دەرچوونی ڕێبەر ئاپۆ لە شاری ئورفا کە لانکەی کەلتوور، زانست و باوەڕەکانە، بێ مەبەست نییە. یەکەمین سەرچاوەی هەموو ئەم زانستانە بە دەستی دایکان و باوباپیران شێوەی گرتووە و هەر بەو هۆیەشەوە سەرەڕای سەختییەکان، هەمیشە لەژێر هێرشدا بووە.
لە درێژایی مێژووی ئەم خاکە دێرینەدا، دەسەڵاتداران هەوڵیان داوە ئەم میراتە لە ڕەگەوە هەڵکێشن و لەناوی ببەن و لە یادەوەری خەڵک بیسڕنەوە. بەڵام دەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی سەلماند کە یادەوەری بەکۆمەڵ هەرگیز لەناو ناچێت. ڕەنگە ڕووبەڕووی هێرشی زۆر ببێتەوە و لە ڕێڕەوی خۆی لا بدات، بەڵام هەمیشە جەوهەری کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی خۆی دەپارێزێت و بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لە زۆرێک لە توێژینەوە مێژووییەکاندا ڕووبەڕووی جەنگی نێوان چاکە و خراپە دەبینەوە. ئێمە لە سەردەمی حاکمە بێ دەمامکەکاندا دەژین؛ ئەوان هێشتا دەیانەوێت بە ڕێگا جۆراوجۆرەکانی خۆیان، یادەوەری کۆمەڵگە بە عەقڵییەتە دژە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بکەنەوە. چەمکە نوێیە ڕەگەزپەرستی و ڕەگەزخوازەکان "جێندەرپەرستی" هەموو ڕۆژێک وەک ژەهرێک دەدەنە دەرخواردی کۆمەڵگەکان. بێئاگا لەوەی کە کۆمەڵگە بوونەوەرێکی زۆر زیندووە؛ تەنانەت ئەگەر وشکیش بێتەوە، وەک ڕووەکێک دەتوانێت دووبارە لە ڕەگەکەی خۆیەوە شین ببێتەوە. ئەندیشە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ئەم دەرفەتەی بە کۆمەڵگەی کوردستان بەخشی تا جارێکی دیکە لەسەر ڕەگە مێژوویی و دێرینەکەی خۆی شین ببێتەوە.
لە پلەی یەکەمدا بۆ ژنانی کورد و پاشان بۆ هەموو ژنانی جیهان، لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ وەک لەدایکبوونەوەیەکی دووبارەیە. ژن بە ئەندیشە و فەلسەفەی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، گەیشتە هۆشیاری و ئاگایی لە بوونی خۆی. فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەرگای هەموو ئەو قەفەسانەی کە لەسەر ژنان داخرابوون کردەوە و ژنان گەیشتنە مانای فڕین. لە کەلتووری ژناندا، فڕین بە مانای زانایی و خۆناسین و خۆهۆشیارییە. ژنان لە نێو چەرخی شەڕ، تاڵانی و داگیرکاریدا بە دوای ساتەکانی ئازادیدا دەگەڕێن. ئەمڕۆش هێزەکان بۆ تاریکترکردنی جیهان دووبارە کۆبووەتەوە. بەڵام چیتر ژنانی کورد وەک ڕابردوو مەحکوومی ئەم شەڕانە نین و نابن.
ڕاوەستان و خۆڕاگری ئازایانە و هۆشیارانەی ژنی کورد لە بەرامبەر هەموو جۆرە دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکان لە ناوچەکە و جیهاندا، لە سایەی ئەندیشەی ڕێبەر ئاپۆدایە.
ژنانی کورد بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» سنوورەکانی نێوان خۆیان شکاند و گەیشتنە هەموو ئەو ژنانەی کە دڵیان بۆ ئازادی لێ دەدات ؛ خۆیان گەیاندە ژنانی ئێرانی، ئەو ژنانەی کە باوەڕیان بە فڕین هەیە. ژن، ژیان، ئازادی لە هەموو شوێنێک گۆڕانکاری دروست کرد. لە ئێراندا، ژن، ژیان، ئازادی تەختی دیکتاتۆرێکی ڕووخاند و کۆتایی بە دەسەڵاتی هەزار ساڵەی دەوڵەتێکی خوێنڕێژ و دژە ژن دەهێنێت.
ژنان لە ئێراندا دەتوانن بە ئەندیشە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ئێرانێکی جوان، سەرشار لە زانست و فەلسەفە، و پڕ لە باوەڕ و کەلتوور، جارێکی دیکە لە دەستی ستەمکاران ڕزگار بکەن. ژنان بە یەکێتی، خۆپاراستن و ڕێکخستنی خۆیان دەتوانن پاشماوەکانی ئەم ڕژێمەش لە ژێر پێیەکانیاندا پان بکەنەوە.
لەبەر ئەوە، ئێمە وەک کژار "کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لەم قۆناغەدا کە هەنگاوی مێژوویی بەرەو شۆڕشی مەزنی ژن، ژیان، ئازادی هەڵدەگرین، بانگهێشتی هەموو ژنانی ئێرانی دەکەین کە لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، چوارەمی نیسان، کە هاوکات ڕۆژی سروشتە، بە ڕۆحی ئەو ژنانەی لەو زستانەی تێپەڕمان کرد گیانی خۆیان فیدا کرد، لە ئێستاوە دەست بکەن بە چنینی ژیانی ئازاد و دیزاینی بکەن. وەرن با داهاتووی خۆمان، خۆمان دروستی بکەین و بەهاری ئێران جوانتر بکەین. بەو باوەڕەی کە ژنانی ئێرانی بە دەستی خۆیان ئێرانێکی ئازاد و دیموکراتیک بنیاد دەنێن، تێکۆشان و بەرخودانی هەموو ژنان بەرز ڕادەگرین. جارێکی دیکە لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ و ساڵڕۆژی دامەزراندنی پژاک لە هەموو ژنانی کورد، لوڕ، ئازەری، بەلووچ، فارس، عەرەب، تورکمان و مازەنی پیرۆز دەکەین.
بژی چواری نیسان...
بژی ئێرانێکی ئازاد و دیموکراتیک...
ژن، ژیان، ئازادی."