کژار: بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" و پێشەنگایەتی ژنان کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد دەنێین
کژار لە ئەوروپا یەکەمین کۆنفڕانسی خۆی ڕێکخست و لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات: بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" و پێشەنگایەتی ژنان کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد دەنێن، تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی "ڕیبەر ئاپۆ" یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکان دەبێت.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" لە ئەوروپا دەربارەی یەکەمین کۆنففرانسی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەم یەکەمین کۆنفرانسی بە بەشداری بەشێک لە نوێنەر و ئەندامانی کۆمیتەکانی کژار لە ئەوروپا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەبرد، ئەمەش لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە کوردستان بە بارودۆخێکی زۆر قورسدا تێدەپەڕێت، سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت ئیلام، کرماشان و مەلەکشاهی و هەمو ئێراندا ڕژێمی ئێران ڕەشەکوژی ئەنجام داوە و لە بەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کۆنفرانسەکە بە جۆش و خرۆشیکی گەورە و بە بەشداری کارا و بەهێزی هەڤاڵان بەڕیوەچوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە کۆنفرانسەکەدا ڕۆژەڤی زۆر گرنگ خرانە بەر باس و گفتوگۆ، هەروەها لەم کۆنفرانسەدا کە کۆنفرانسی سەرلەنوێ بونیادنانەوە لە سەر بنەمای کمونالیسم بوو، هەم سیستمی نوێی کژار لە ئەوروپا بە سەرکەوتویی و بەشداری هەموو هەڤاڵان دامەزرا و هەم کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ گیرا، کۆمۆنەکانی "کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار" لە ئەوروپا هەم لە ئاستی هەڕیمی و هەم لە ئاستی ئەوروپا خۆیان بە ڕێکخستن کرد. هەروەها بڕیاری بەهێز کردنی کار و خەبات لە ئاستی ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە ئەوروپا، هەم ژنانی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران و لە ئاستی ناو نەتەوەیی گیرا.
"سێ کوچکەی نەتەوە-دەوڵەت، سەرمایەداری ێرشێکی بەرفراوانیان بۆ لە ناو بردنی فرە ڕەنگی کۆمەڵگەکان دەستپێکردووە"
لە کۆنفرانسی یەکەمی کژار لە ئەوروپا سەرەتا کۆمەڵیک بابەتی گرنگی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنیمان تاوتوێ کرد. سێ کوچکەی نەتەوە-دەوڵەت، سەرمایەداری و ئەندۆستریالیزم هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ لە ناو بردنی فرە ڕەنگی کۆمەڵگاکان، سەروبنکردنی واتای ژیان و پەیوەندی مرۆڤ و سروشت دەستپێکردوە. بە تێکەڵ کردنی لۆژیکی شەڕ و تەکنۆلۆژیا ژیانی مرۆڤایەتی و هەروەها سروشتیان تێکداوە، کە دەربازبوون لێی تەنیا بە پیشەنگایەتی ژنانی ئازاد و لە کەسایەتی ژنی ئازاد دا کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراتیک مسۆگەر دەبێت. بۆیە لە کۆنفرانسدا بەشێک لە باسەکان تایبەت بوو بەوەی کە بۆ بەهێز کردنی هێڵی فکری ژنان و کۆمەڵگا، دەبێت بە باشی سیستەم بناسین و لە بەرامبەری سیستەمی پیاوسالاری ڕەگەزگەرا کە زیاتر لە دوازدە هەزار ساڵە لە سەر بیر و هزر، وێژە، کردەوە و ژیانی ئێمە کاریگەری داناوە تێکۆشان بکەین، چۆن رەگەزگەرایی لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا ئیتر نە کێشەیەکی تاکەکەسی، بەڵکو کێشەیەکی جیهانیە.
"تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی "ڕیبەر ئاپۆ" یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئێمە دەبێت"
هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا، لە سەر شەڕی سێهەمی جیهانی کە لە چڕترین ئاستیدایە و نیشاندانی ئیرادەی ئاشتی لە لایەن ڕێبەری ئازادیخوازان "ڕیبەر ئاپۆ"وە، وەک واتادارترین و گرنگترین بژاردە بۆ دور خستنەوەی ئاگری ئەم شەڕە لە سەر گەلان وەک هەڵویستێکی دیموکراتیک باس و هەڵسەنگاندن کرا. دەستپێشخەرییەک کە نەک تاکتیکی بەڵکوو ستراتژی و پارادیگماییانەیە.
نەخشەڕێگەیەک کە بۆ ئێمەی ژنان، نەتەوە بندەستەکان و بە گشتی ڕەنگینیەکانی کۆمەڵگە بەدیهێنانی پارادایمی ئاشتییەکی مایەندە کۆمەڵگەی دیموکراتیک و نەخشەڕێگەی سەرکەوتنی سەدەی بیست و یەکە، لە سەر بنەمای یەکسانی و ئازادی بۆ هەموو گەلان، ژنان و کولتوور و بیر و باوەڕەکان. هەر بۆیە تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی "ڕیبەر ئاپۆ" یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئێمە دەبێت.
"شۆڕشی ژن سەرچاوەی پرۆسەی گۆڕانکارییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران"
سەبارەت بە بارودۆخی گشتی کوردستان، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەڵسەنگاندی گرنگ هاتە ئاراوە و بڕیاری گرنگ لە کۆنفرانسەکەدا گیراون. بەتایبەت کە لە دوای ٧ی تشرینی یەکەم، زۆرێک لە هاوسەنگیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵوەشانەوە و دەوڵەتی ئێران زیانی گەورەی بەرکەوت و لە بەردەم گۆرانکارییەکی گەورەدایە، ڕاپەڕینەکانی ناو ئێران بە تایبەت شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" نیشانیدا کە شۆڕشی ژن سەرچاوەی پرۆسەی گۆڕانکارییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. هەر بۆیە جیهان جاریکی تر شاهیدی سەرهەڵدانی پۆتانسیێلێکی یەکجار زۆر بۆ شۆڕشی ژنانە، چ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە سەرانسەری ئێران. لە سەر بنەمای ئەم ڕاستییە بڕیارماندا کە لە گەڵ ژنانی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران کە نیشتەجیی ئەوروپان، پەرە بە ڕێکخستن بوونمان دەدەین، بە بەڕێکخستن بونمان ڕێگە لە کۆمەڵکوژی زیاتری ژنان و کۆمەڵگە دەگرین.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش هاتووە: کۆنفرانسی ئێمە دەستپێکی پرۆسەیەکی نوێیە، ڕێکخستنێکی ناوازە و نوێ و هەڵویستێکی ستراتێژیکە بۆ بەهێز بونی ژنان. ڕێبازێک کە ئامادە نابین سازشی لە سەر بکەین، هەوڵ دەدەین پەرە بە کولتوور و فەلسەفەی ڕەوشتی خۆبوون بدەین تا بتوانین پەرە بە پێکەوە ژیانی ئازاد بدەین، چون دەزانین سەرچاوەی توندوتیژیەکانی دژی ژنان کاریگەری سیستەمی دەسەڵاتداری و بیرکردنەوەی پیاوسالارانەیە. ئەمە راستییەکە کە لاواز بونمان لە تێکۆشان دەبێتە هۆکاری هێرشەکانی سەر ژنان وەک هاوسەرگیری پێشوەختە، فرە ژنی، توندوتیژی دژی ژنان، لەشفرۆشی، بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، سیخوڕی و خۆنەپاراستن لە بەرامبەر شەڕی تایبەتی ڕەوانی و سایکۆلۆژی لە سەردەمی شەڕی تەکنۆلۆژیا و زیرەکی دەستکرد. هەروەها جەخت لە سەر ئەوە کرا کە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی سیاسەتی پاکتاو کردن پێویستە کەسایەتی کۆمیناڵ لە ناوخۆماندا زیندوو بکەینەوە. لە بواری ڕۆشنبیری خۆمان پێش بخەین، لە ماتریاڵیست بون یان مادیگەرایی و ڕەگەزگەرایی یا جنسیەتگەرایی خۆمان ڕزگاڕ بکەین. لە مانای خۆیدا کەسایەتی ژنی ئازاد و کۆمیناڵ لە خۆماندا بۆنیادبنێنین.
"کەسایەتی ژنی ئازاد بەڕێکخستن بونمان لە ناو ژیانی کۆمیناڵ و بە کۆمین کردنی ژنان ئاوا بکەین"
بۆ بونیادنانی ژنی ئازاد و کۆمیناڵ گرنگە تێگەیشتن و تێڕوانینمان لە سەر مێژوو بگۆڕین، لە سیستەمی دەیان هەزار ساڵە تا شەڕی ئەمڕۆمان، بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی بە سەر ژنان لە ئەفغانستان، ئێراق، سووریا، غەززە، ئۆکراین و… بە سەر ژندا هاتووە دەتوانین داهاتووی ئێرانیش ببینین. مەگەر ئەوەی کە وەک ژن کەسایەتی ژنی ئازاد بەڕێکخستن بونمان لە ناو ژیانی کۆمیناڵ و بە کۆمین کردنی ژنان ئاوا بکەین. لە سەر ئاستی جیهانی دەسەڵاتی ڕەهای هەژمونگەرای زلهێزە ناونەتەوەیی و هەرێمییەکان کاستی بکوژن و لە ناو کۆمەلگا دین گەرایی، نەتەوە پەرستی، رەگەزگەرایی کاستی کوژەرن. بۆیە کۆمینی ژنان هێزی پێشەنگی بونیادنەری کۆمەلگای کۆمیناڵ و دیموکراتیکە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی کژاردا هاتووە: پاسیڤکردن و بێکاریگەرکردنی ژن لە دیاسپۆرا لە ڕیگای بنەماڵەگەرایی، داگیرکاری هزری و دەروونی و تاکگەرایی لە سیستەمی لیبەرالیزمدا پەیڕەو دەکرێت. ئەو سیستەمە دەیهەوێت ژن بە تەنیا بمێنێت، کۆ نەبێتەوە، نەبێتە ئەقڵی هاوبەش، هۆشمەندی لاواز بکات، نەهێڵێ ببێتە ڕێکخستن و بێکاریگەری بکات. بۆیە بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ڕیکخستن بونمان گەرەنتی گەیشتن بە ئازادی و پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان و کۆمەڵگا دەبێت و بۆ گەیشتن بەو ئازادیە پێویستە لە سەر ژیانێکی کۆمینال کەسایەتی خۆمان بونیادبنێین، کۆمینەکانی خۆمان دامەزراند بەتایبەت لە بواری ڕیکخستنی، دیپلۆماسی و دیجیتال میدیا و… . هەر بەم پێیەش بانگ لە هەموو ژنانی ئازادیخواز لە تاراوگە دەکەین کە بە دروشمی خۆمان ڕێکدەخەین، کەسایەتی ئازاد و کۆمیناڵ لە ناو خۆماندا بۆنیاد دەنێین، تێدەکۆشین و ئازاد دەبین، یەکیەتی ژنان ئاوا بکەین و پیشەنگایەتی ئەم قۆناغە نوێیە بگرینە ئەستۆ. ئێمە وەک کژار لە ئەورووپا بە شێوەیەکی جدی و بە باوەڕ لەو تیکۆشانەدا دەبین و تا گەیشتن بە ئازادی بەردەوام دەبین.