"هەوڵەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلان بێ ئەنجامە"

لە ئێران حکومەت هەوڵی دووبەرەکی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و سڕینەوەی ناسنامەیان دەدات، بەڵام دەرەنجامەکان نیشانی دەدەن کە شکستی هێناوە لە ئامانجەکانی.

شەهلا محەممەدی

 

ناوەندی هەواڵ-  ڕژێمی ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە لە ڕێگەی بەرنامەی ڕێکخراو و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان نەتەوە جیاوازەکاندا درێژە بە دەسەڵاتی خۆی دەدات، لە شارەکانی وەک ورمێ و کرماشان هاووڵاتیان لەگەڵ ئایین، نەتەوە و زمانی جیاوازدا دەژین، سیاسەتەکانی سڕینەوە نەتەوەکان لەلایەن حکومەتە دیکتاتۆرەکانەوە، ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە.

 

ئەو حکومەتانەی کە نەک هەر زمان و ناسنامە و ئایین دەکەنە ئامانج، بەڵکو دەسەڵاتداری و کۆلۆنیالیزمی خۆیان بەرەوپێش دەبەن بە تاڵانکردنی یەدەگی کانزاکان و ئاگرکردنەوە و لەناوبردنی دارستانەکان و ژینگە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووداوی هاوشێوەی بەدیکراوە .

 

کرێکارانی چەند گوندێکی شاری تەکاب داوای مافە سەرەتاییەکانیان دەکرد کە دامەزراندن بوو لە کانەکانی زێڕ، ناڕەزایەتیان دەربڕی، بەڵام سەرەڕای خستنەڕووی داواکارییەکانی گوندنشینانی ناڕازی، سەرکوتکاریی توند لە دژی ئەوان کرا و ژمارەیەکی زۆریان دەستبەسەر کران، تەنانەت هەندێکیان بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی جەستەیی و تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکانەوە بە سەختی برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

لەو چوارچێوەیەدا چنور مورادی چالاکوانی مەدەنی، ئەو ڕووداو و پرسانەی کە لەم هەرێمەدا سەریان هەڵداوە و دابەشبوونی حکومەتی ئایینی لە نێوان خەڵکدا هەڵدەسەنگێنێت.

 

"لەماوەی ئەم ساڵانەدا شاهیدی زۆر نادادپەروەری بووین لەلایەن بوکەڵەکانی حکومەتەوە"

لە سەرەتای قسەکانیدا چنور مورادی لەبارەی مێژووی شاری تەکاب و هۆشارەوە قسەیکرد و وتی: " تەکاب یەکێکە لە شارەکانی باشووری ورمێ، ئەم شارە ژمارەی دانیشتووانی ٨٠ هەزار کەسە و بەشێکە لە دەڤەری هۆشار کە شارەکانی تەکاب و شاهین دژ لەخۆدەگرێت، خەڵکی ئەم ناوچەیە بە زمانەکانی تورکی، ئازەری و کوردی بە شێوەزاری سۆرانی، کرمانجی و کەڵهوڕی قسە دەکەن، ئایینی خەڵکی ئەم ناوچەیە شیعە و سوننەیە.

 

تەکاب مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، لە ڕابردوودا ناوی شیز بووە، پەرستگای ئاگری ئازەرگەشسابیش بە یەکێک لە گەنجینەکانی شاری تەکاب دادەنرێت، بۆیە سەردەمی گەشەسەندنی پەرستگای ئاگرینی ئازەرگەشسابیش لە سەردەمی ساسانییەکان بووە و هەندێک پێیان وایە کە شوێنی لە دایکبوونی زەردەشت بووە، دوای ناساندنی ئیسلام ناوەکەی دەگۆڕدرێت بۆ تەخت سلێمان، ساڵانە شاهیدی بوونی خەڵکی زەردەشتی لە هەموو ئێرانەوە لەم شوێنەدا بووین و ڕێوڕەسمی ئایینی خۆیان تێدا ئەنجام دەدا، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بەداخەوە بە هۆی ئەو سنووردارکردنانەی کە ڕژێمی ئێران سەپاندوویەتی، ئیتر ڕێگەیان پێنادرێت ئەم کارە بکەن، لە دوای شۆڕشی ١٩٧٨ەوە هەوڵەکانی ڕژیمی ئێران بۆ دابەشکردنی تورک و کورد لە ناوچەکە بە بیانووی سیاسی و مەزهەبی بێ ئاکامبووە و لە ماوەی ئەم ساڵانەشدا شاهیدی زۆر نادادپەروەری ئەم حکومەتە بووین."

 

ئەم چالاکوانە مەدەنییە بە ئاماژەدان بە چڕبوونەوەی کۆلۆنیالیزم و دابەشبوونی ڕژێمی ئێران لە نێوان نەتەوەکاندا وتی: "ناوچەی هۆشاری کوردستان کوردن و دەکەوێتە سەر سنووری ئازەربایجان، خاوەنی ٦٥ کانگای بەرد، دوو لە گەورەترین کانەکانی زێڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوەکانی زێرە شوران و ئەقدەرە، کانگای زرەشۆران لە ساڵی ٢٠١٠ کرایەوە و یەدەگی زێڕی ئێرانی هێندە ونیوێک زیاد کردووە، هیچ کام لە بەرپرس و بەڕێوەبەرانی ئەو کانانە خۆجێی نین، وە تەنانەت ڕێگە بە خەڵکی ڕەسەنی ئەم هەرێمە نادەن کە کوردن لەم کانانەدا کار بکەن.

 

وتیشی: "لەم ساڵانەی دواییدا چەندین ناڕەزایەتیی خەڵکی ڕەسەنی ئەم هەرێمەمان بینی، حکومەت بە سەرکوتکاری و توندوتیژی ڕووبەڕووی بووەوە، هۆکاری دزەکردنی پاشماوەی ژەهراوی لە دەرهێنانی زێڕ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئاوی ژێر زەوی ئەو ناوچانە پیس بووە و خەڵکێکی زۆر تووشی نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە، گەدە، ڕیخۆڵە و گورچیلە بوون، ژمارەی دانیشتووان لەم ناوچانەدا زیادیکردووە و بە هۆی نەبوونی ژێرخانی ئابوورییەوە دژواری بۆ دانیشتووانەکەی دروست کردووە و لەباربردنی منداڵ زیادی کردووە، خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی خۆیان ناچارن کۆچ بکەن بۆ شارە گەورەکانی وەک شیراز، تاران و تەنانەت بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام تاکە ئاواتی ئەوان ئەوە بوو کە بتوانن وەک کرێکار لەم کانانەدا کار بکەن، ئەم کانانە نەک تەنها سوودی بۆ خەڵکی ناوچەکە نەبووە، بەڵکو بووەتە هۆی لەناوچوونی ژینگە و دروستبوونی نەخۆشی جۆراوجۆر، بەشێکن لە هەژارترین شارەکانی ئێران."

 

"وەک ژن ئەرکی سەر شانمانە بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکانمان بناسین"

چنوور مورادی، ئاماژەی بە کۆلۆنیالیزم و تاڵانکردنی سامانی کانزاکانی کوردستانی کرد، وتی: " ڕژیمە دیکتاتۆرییەکان بۆ پاراستنی مانەوەی خۆیان هەموو شتێکیان کرد و ڕژیمی ئێرانیش لەم حوکمە بێبەری نییە، هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ دابەشکردن و ئاسمیلەکردنی خەڵک و نەتەوە جیاوازەکان لە ناوخۆی ئێراندا کردووە، بەڵام یەکگرتوویی نەتەوەکان لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ هەموو جیهانی سەلماند کە خەڵک زۆر ئاگاداری فێڵەکانی ئەم ڕژێمەن وە تەمەنی دیکتاتۆر کورت دەبێت."

 

چنوور مورادی، چالاکوانی مەدەنی لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنان لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و پاککردنەوەی ناسنامەی نەتەوەکان و ڕۆڵی خەڵک لە بەرامبەر کردەوە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران کرد و وتی: "ئەمە یەکەمجار نییە حکومەتێک هەوڵی پاککردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیەک بدات، وەک لە مێژوودا بینیمان، ئێمە شاهیدی کۆچی زۆرەملێی کورد بووین لە کوردستانەوە بۆ خۆراسان، بەڵام ئەمڕۆ دەیبینین کە هێشتا ناسنامەی خۆیان پاراستووە، هێشتا کوردن و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەکەیان، شوناسی هەموو گەلان، بێ ئەنجامە، حکومەتێک چەندە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیەک بدات بە ستەم و توندوتیژی، ئەوا ئەنجامەکەی پێچەوانەی دەبێت و گەلان زیاتر هەوڵی پاراستنی ناسنامەکەیان دەدەن.

 

لە کۆتای قسەکانیدا وتی: "بەگشتی ژن بوون لە حکومەتە ئیسلامییەکان زۆر ئەستەمە، بەتایبەت ئەگەر ژنی کورد بیت یان ژنێکی سوننە ئەوە سەد ئەوەندە قورستر دەکات، بەڵام خۆشبەختانە زۆربەی ژنانی ئێمە خوێندەوارن، وەک ژنان ئەرکمان لەسەر شانە سەرەتا بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانمان بناسین، بۆ ئەوەی بتوانین منداڵەکانمان لەسەر ئەم بەهایانە پەروەردە بکەین و ئەوانیش هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە کۆمەڵگە."