کەسوکاری زیندانیان: تاکە داواکاریمان هەڵگرتنی گۆشەگیرییە

کەسوکاری زیندانییان کە بەشدارییان لە چالاکیی "دەنگ بدە ئازادی"دا کرد، ئاماژەیان بەوەکرد، پێویستە گۆشەگیری لە ئیمرالی هەڵبگیرێت، ئەمە تاکە ئاواتی ئەوان و منداڵەکانیانە، ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئاشتی بۆ وڵات دێت.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد-چالاکی زیندانیانی زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراسی بۆ پرسی کورد" بەردەوامە، هەروەها کەسوکاری زیندانییەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "دەنگ بدە ئازادی" کە دەستیان پێکردووە چالاکیی ئەنجام دەدەن، کەسوکاری زیندانیان لە زۆرێک لە شارەکان لەبەردەم زیندانەکان کۆدەبنەوە و داواکارییەکانیان بۆ ئاشتی و ئازادی نوێ دەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن کە گۆشەگیری جگە لە ئاژاوە و قەیران هیچی تر بۆ گەل ناهێنێت.

 

کەسوکاری زیندانییانی دانیشتووی ئامەد هەموو دووشەممەیەک لە بەردەم زیندانی جۆری D لە ئامەد کۆدەبنەوە و بانگەواز دەکەن بۆ ئەوەی دەنگیان بەرز بکەنەوە دژی گۆشەگیری و دەڵێن: با هەمووان لە خەوی قووڵەوە بەئاگا بێنەوە.

 

"هیچ دڕندەیییەک نەماوە بەرامبەر ئەم گەلە نەکرابێت"

ئایتن کلیچ، دایکی باسری کلیچ کە ماوەی ٢٨ ساڵە لە زینداندایە، ڕایگەیاند، زیندانیان ڕووبەڕووی کێشەی زۆر جددی دەبنەوە لە زیندانداو و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فشارەکان زیاتر دەبن، زیندانییە نەخۆشەکان بە تایبەتی کاریگەرییان لەسەرە، وتی: ٣٠ ساڵ زیندانییان بەسەر منداڵەکەمدا سەپاند، چاوی ​​ئەم دایکانە و ئەم منداڵانە هەمیشە لە دەرگای زیندان بوون، خوای گەورە مافی ئەم دەوڵەتە دڕندەیەمان بەجێ ناهێڵێت، من لێرەم بۆ کوڕەکەم و زیندانییەکانی تر، هەموویان نەخۆشن، بەهۆی مانگرتن لە خواردن کە ساڵی ڕابردوو ڕوویدا، نەخۆشییەکانیان جددییە، تا دەچینە پەرێشانین، بۆ ماوەی ٤٠ خولەک بەم ڕێگایە دەڕۆین، ئیتر ئەشکەنجەیەک نەماوە کە بەرامبەر خێزانەکان نەکرێت، هیچ شتێک نەماوە بەرامبەر گەلی کورد نەکرابێت، تا چەند بە دڕندەیی و خوێنەوە دەڕۆن؟ ئێمەش مرۆڤین و دەمانەوێت وەک مرۆڤ لەم دونیایەدا بژین، وەک دایکان ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین، با گەلی کورد بە هۆش خۆیدا بێتەوە، با پاسەوان و ئاکەپە ڕێگای ڕاست بدۆزنەوە، ئەم خوێنە تا کەی دەڕژێت؟ با ئەم گۆشەگیرییە هەڵبگیرێت، با ئەم فشارانە کۆتایی پێبێت، ئێمە ئاشتیمان دەوێت، ئەشکەنجەمان ناوێت.

 

"دەبێت بێدەنگی بشکێندرێت"

حەلیمە ئاڵتاش، دایکی سەردار ئاڵتاش کە ماوەی ٨ ساڵە لە زیندانی هیلڤاندایە ڕایگەیاند، پێویستە ئێستا خەڵک دەنگ بەرز بکەنەوە، بێدەنگیی ئێستا هەم فشار و هەم گۆشەگیری قووڵتر دەکات و وتی: دەمانەوێت ئەم گۆشەگیرییە لە ئیمراڵی لاببرێت، ئەمە تاکە ئاواتی ئێمە و منداڵەکانمانە، ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئاشتی بۆ وڵات دێت، دەبێت دەنگی ئەوان بین، هەر بۆیە ئێمە ئەمڕۆ لێرەین، هەمیشە لە تەنیشت ئەوان دەبین، هەموو شتێک بەرامبەر بە زیندانییەکان دەکەن، دەمانەوێت ئەم ئەشکەنجەیە کۆتایی پێبێت، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت شتێکی مرۆییە، با ئەم ئەشکەنجەیە کۆتایی بێت، با ئەم گەلە لەم خەوەوە بەئاگا بێتەوە، ئەگەر ئەمڕۆ قسە نەکەین، سبەی کاری جددیتر دەکرێت، پێویستە ئێستا خەڵک ئەم بێدەنگییە ڕابگرن، ئەم کەیسە دۆسیەی هەموومانە، با دەنگمان بەرز بکەینەوە.