کرماشان بۆتە هێمای بەرخۆدان لە دژی ستەمکاری
ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە کرماشان و ئابدانان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیان نایە هەفتەی دووەمی خۆی و خۆپیشاندەران سەرەڕای سەرکوتی توند و ئامادەبوونی قورسی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، بەردەوامن لە کۆنتڕۆڵکردنی بەشێک لە شەقامەکان و بەڕێوەبردنی شارەکە.
کرماشان
زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕیوە و سەرەڕای سەرکوتی توند و توندوتیژی هێزەکانی ئێران، خۆپیشاندەران هێشتا خۆڕاگرین، هەروەها لە ڕۆژانی یەکەمەوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کرماشان بریندار یان دەستبەسەر کراون، بە پێی ڕاپۆرتەکانیش زیانی گیانی هەیە.
هەروەها هێزە ئەمنییەکان لە شاری کرماشان و پارێزگاکانی دەوروبەری بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، بە پێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی پێشوو، لە زۆربەی پارێزگاکانی کرماشان تاڤگەری گەل هەیە، لەوانە سەحنە، بێسۆتون، سونقور، هەرسین، سەرپل زەهەب، ئیسلام ئاباد، دالاهو، ماهیدەشت، ئابدانان و ناوچەکانی دیکە.
لە ڕێپێوانێکی بەرفراوانی سەرتاسەری خەڵکی ئابدانان، کە ٦ی کانوونی دووەم ڕێکخرابوو، خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر ئیدارەی شارەکەدا گرت.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، ڕێژیمی ئێران ڕێوشوێنی توندتری لەو پارێزگایە گرتەبەر و ئامرازەکانی سەرکوت نەک تەنها بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆر، بەڵکو بۆ کوشتنی ڕاستەوخۆی خەڵکیش ئامادەکرابوون، لەو چوارچێوەیەدا ڕژێم بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی و هەڵدانی مووشەک هەوڵیدا هێز و دەسەڵاتی خۆی نیشان بدات.
چاودێران پێیان وایە، ئەم ڕێوشوێنە لە ترسی ئەگەری هەنگاوەکانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ڕەنگە هەنگاو بنێن بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کرماشان لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئەو پارێزگایە.
بەپێی ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان، دەسەڵاتداران بە دوای بەکارهێنانی سیاسەتی تۆقاندن و هەندێکجار فێڵکردنەوەن، کە هەندێکجار بە سەرکوت و هەندێکجاریش بە بەڵێندان بە خەڵک بە دابینکردنی پارسێلی خۆراکی تایبەتە، هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەقیبێک لە سوپای کرماشان، بۆ ئاژانسەکەمان پشتڕاستی کردەوە، کە فەرماندەی کەتیبە جگە لە بەڵێنی دابینکردنی خۆراکی تایبەت، لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە سەربازەکانی لە هەر جۆرە پشتیوانییەک بۆ ناڕەزایەتییەکان ئاگادار کردەوە و ڕایگەیاند، کە بە وردی چاودێری دەکرێن و بچووکترین هەڵە دەکرێت ببێتە هۆی سەرزەنشتکردن و سزادانی تەواوی فەوجەکە.
بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، فەرمانیش دەرچووە کە ئەگەر هەر ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی پەیوەندیی مەجازییەوە پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە دەربڕی، ئەوا تەواوی ئەو هێزانەی کە دەمێننەوە پابەند دەبن بە ڕادەستی دەسەڵات، ئەم هەڕەشانە، بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئاماژەن بۆ نیگەرانی دەسەڵاتداران لە پەیوەستبوونی بەشێک لە هێزەکانیان لەگەڵ خۆپیشاندەران.
بەڵام لەبەر ئەوەی ئەرتەش بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ڕژێم لە پارێزگای کرماشان تاوانی کوشتن ئەنجام دەدات، بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بە هاوپەیمانێکی جێی متمانەی خەڵک هەژمار بکرێت.
لەم هەلومەرجەدا پەیامنێرمان لە کرماشان پشتڕاستی دەکاتەوە، کە دۆخەکە لە ڕادەبەدەر توندە، سەرەڕای هەڕەشەکان و ئامادەبوونی قورسی ئەمنی، خەڵک لە ڕێگەی شێوازی جۆراوجۆری بەرخۆدانی مەدەنی و جەماوەرییەوە دەنگی ناڕەزایەتی بەرز دەکەنەوە، هەروەها نووسینی دروشم و گردبوونەوەی پەرشوبڵاو و مانگرتن و داخستنی دووکانەکان لە گەڕەکە جیاجیاکاندا ئەوە دەردەخات کە ئیرادەی بەکۆمەڵ بۆ درێژەدان بە خەبات لاواز نەبووە.
لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئێران بە پچڕان یان پەکخستنی ئینتەرنێت و بەرتەسککردنەوەی ڕۆیشتنی ئازادانەی زانیاریەکان هەوڵ دەدەن گێڕانەوەی فەرمی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن، به ڵام ئه و وێنه و ڕاپۆرتانه ی له ناو شاره وه کە لە لایەن هاوڵاتیانەوە بڵاوکراونەتەوە، ڕاستی سەرکوت و به رخۆدانی ئاشکرا کردووه ، کە ئەوەش ڕێگری له پەردەپۆشکردنی ته واوی ڕاستییه کان ده کات.
لەم هەلومەرجەدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەلێنی نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕژێم فراوانتر دەبێت و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە فەرمییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، زۆرێک لە هاووڵاتیان پێیان وایە تاکە ڕێگە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری، پێکەوە وەستانەوە و یەکگرتنە لە دژی ستەمکاری، ئەم بارودۆخە ئەوە دەردەخات کە کرماشان و ئابدانان ئیتر تەنها قۆناغێک نین بۆ ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان، بەڵکو بوونەتە هێمای بەرخۆدانی بەربڵاو لە دژی ستەمکاری.