کرێکارانی میزۆپۆتامیا هەڵوێستی پەدەکە شەرمەزار دەکەن

لە بەیاننامەیەکدا کرێکارانی میزۆپۆتامیا پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەو خێزانە کوردەی باکوری کوردستان دەربڕی کە لە هەولێر دەرکراون، وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کارە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی نشینگە دەکەن لە ئاستی ئەو کارە نایاسایدا بێنە دەنگ.

سلێمانی

 

ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا ئەمڕۆ لە پارکی نالی شاری سلیمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا پاڵپشتی خۆیان بۆ حەسەن کاچار و خێزانەکەی دەربڕی.

 

لە کۆنگرەکەدا بەیاننامەی ڕێکخراوەکە لەلایەن ئۆرهان ئەکار، ئەندامی ڕێکخراوەکە خوێندرایەوە و ئاڕاستەی ڕای گشتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی نشینگە کرا، ڕایانگەیاند بەهۆی ستەمی دەوڵەتی تورکیا هەزاران هاوڵاتی کۆچدەکەن، حەسەن کاچار و خێزانەکەی ماوەی حەوت ساڵە هاتوونەتە باشوری کوردستان و لە هەولێر نیشتەجێبوون.

 

ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، ئەو خێزانە بە بیانووی کاروباری مانەوە داوایانلێکراوە سەردانی فەرمانگەی نشینگە بکەن، بەڵام لەوێ خۆی و خێزانەکەیان دەستگیرکردووە و لە سنوری سلێمانی ئازادیان کردوون و بەجێیان هێشتوون، لەبەرئەو کارەی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە، ئەوان وەک ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا ئەو هەڵوێستەی ئاسایشتی پەدەکە شەرمەزار دەکات، بە هەڵەیەک دژی هەموو گەلی کوردی دەزانن.

 

بانگەوازیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی نشینگە دەکەن، کە دژی ئەو کارە نایاسایی و نامرۆڤانەی ئاسایشی پەدەکە بێنە دەنگ و هەڵوێست بنوێنن.

 

ت.پ