کۆردیناسیۆنی ژنان داوای شکاندنی گەمارۆی سەر کۆبانێ دەکات
کۆردیناسیۆنی ژنانی خۆبەڕێوەبەری لە کانتۆنی فۆرات، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد بەرپرسیارێتی یاسایی خۆیان هەڵگرن و گەمارۆی سەر کۆبانێ کۆتایی پێ بهێنن و ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بکەنەوە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ کۆردیناسیۆنی ژنانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە کانتۆنی فۆراتی ڕۆژئاوای کوردستان، دەربارەی دۆخی نالەباری شاری کۆبانێ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی هێرشی گرووپە چەتەکانەوە، ژنان و مەدەنییەکان ڕووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە ماوەی ۱٤ ڕۆژە گەمارۆیەکی توند خراوەتە سەر کۆبانێ و کارەبا و ئاو و ئینتەرنێت بڕدراوە، هەروەها کەلوپەلی بنەڕەتی و خۆراک و سووتەمەنی و شیری منداڵان لە شارەکەدا نەماوە، ئەمەش ژیانی دەیان هەزار مەدەنی و منداڵانی خستووەتە مەترسییەوە.
کۆردیناسیۆنی ژنان جەختی کردەوە کە لە کۆبانێ نزیکەی ٦۰۰ هەزار کەس دەژین و ڕووبەڕووی زەحمەتی گەورە بوونەتەوە، داوایان لە جیهان کرد هەوڵی جیدی بدەن بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی، داواشیان لە گەل کرد یەکگرتوو بن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان.