کەنەکە لە ڕۆژئاوا: پێویستە لایەنەکان هەڵمەتی میدیایی دژی یەکتر ڕابگرن
دیالۆگی کەنەکە-رۆژئاوا دوێنێ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، وەک ئەنجام بڕیاردرا کە شەڕی کورد بە کورد حەرام بکرێت و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد، ڕێگە لە دەستتێوەردانی دەوڵەتی تورکیا بگیرێت.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ کۆنگرەی تەنەوەیی کوردستان-کەنەکە لە ڕۆژئاوا، دیالۆگێکی بە دروشمی "بە یەکێتیی نەتەوەیی، داگیرکاریی تێکدەشكێنین و ڕێگری لە شەڕی ناوخۆ دەکەین" ڕێکخست تێیدا حزبە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کۆمەڵە کلتورییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، کەسایەتیی ئاینی، کەسایەتیی نیشتمانی و سەرۆك هۆزە کوردەکان ئامادەبوون، جگە لە ئەنەکە و پەدەکەسە کە ئامادەییان دەرنەبڕی لە بەشداریکردن، سەرەڕای بانگهێشت کردنیان.
دوای تەواوبوونی دیالۆگەکە، وەک ئەنجام بە چەند بڕیارێک کۆتایی بە دیالۆگەکە هات، کە تێیدا هاتبوو:
-پێویستە هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم دیالۆگی کورد و کورد لاببرێن .
-هۆکارەکەی هەرچییەک بێت، شەڕی کورد لەگەڵ کورد حەرم بكرێت.
-بۆئەوەی شکست بە داگیرکاری بهێنرێت و دەستێوەردانەکانی تورکیا لە کاروباری ناوخۆی کوردستان بوەستێنرێن، پێویستە پێگەی گشتیی کوردستان، بەهێز بکرێت.
– پێویستە ڕێکكەوتنەکانی کورد و کورد جێبەجێ بکرێن، بەتایبەتی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٨٢ بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی کورد و کورد.
– داوا لە لایەنە کوردستانییەکان دەکەین، هەڵمەتی میدیایی لە دژی یەكتر ڕابگرن.
– دەبێت هەموو ناكۆكییەك بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت .
-بۆ پاراستنی گەلی كورد، بانگ لە برایان لە پەدەكە دەکەین، کە هێزی خۆیان نەنێرنە ناوچەكانی شەڕ.
– بۆ پاراستنی دەستکەوتەكانی گەلی کورد، پێویستە بە زووترین کات کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ببەسترێت.
لە کۆتایشدا بڕێاردرا کە کەنەکە-ڕۆژئاوا، شاندێك پێکبهێنێت بۆئەوەی پەیامەكانی وۆركشۆپی دیالۆگ بگەیەنێت بە هەمووو لایەنەكان.
ت.پ