کۆنگرەی ستار: تاکو دەستکەوتەکانی ژنان مسۆگەر دەکرێن تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت

کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو سەرنجی خستەسەر دەستکەوتەکانی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕایگەیاند کە دەستکەوتەکان دەپارێزن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانەوە، کوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو بەڵێنی پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنانی دووبارە کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: بەبۆنەی هاتنی ٨ی ئاداری ٢٠٢٦، سەرەتا ئەمڕۆژە لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین کە بە ڕەنجێکی بەنرخەوە بووە هۆی ئەوەی بە ڕۆحی بەرخۆدانی ژنانەوە ئەم ڕۆژە پیرۆز بکرێت. جارێکی تر ئەم ڕۆژە لە ژنانی قارەمان و فیداکار شەهید دەنیز چیا، سیدار عەفرین، زیلان کۆبانێ، ڕەوشەن عەفرین، لەیلا قاسم و گەریلا ئاماراکان پیرۆز دەکەین کە گیانی خۆیان لە پێناو گەلەکەیدا فیداکرد و گەیشتنە ئاستی شەهادەت. هەروەها ئەم ڕۆژە لە هەموو ژنانی کوردستان و ژنانی جیهان پیرۆز دەکەین کە لە دژی دڕندەیی دژ بە مرۆڤایەتی تێدەکۆشن و بە دڵ و گیان سڵاویان ئاراستە دەکەین.

 

لەبەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ٨ی ئاداری ئەمساڵ خاوەن گرنگیەکەی خۆی هەیە ڕاگەیەندراوە: لە هەموو کاتێک زیاتر هێرش بۆ سەر هەبوونی ژنان هەیە. شۆڕشی ڕۆژئاوا بە دڵسۆزی، فیداکاری، ئازایەتی و تێکۆشانی ژنان گەیشتووەتە ئەمڕۆ. بەدرێژایی شۆڕش، ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا پێشەنگایەتی شۆڕشیان کردووە بۆ شکاندنی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس هەموو توانایەکی خۆیان خستە گەڕ، بۆیە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئەنجامی بەرچاومان بەدەست هێناوە، هەر لە سەربازییەوە تا ئابووری، شارەوانییەکان، تەندروستی و پەروەردە، ئەمەش بووە هۆی هێز بەخشین بە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا.

 

لە بەردەوامیدا بە جەختکردنەوە لەسەر بارۆدۆخی دوایی و ئەو شەڕانەی لە ڕۆژئاوا لەبەردەوامی پیلانگێڕیدا ڕوویدا ئاماژە بەوەکرا: " شەڕڤانای ئازادی کە بەرگرییان لە مرۆڤایەتی کرد لە دژی چەتەکانی داعش بە شێوەیەکی ترسنۆکانە و دڕندانە کرانە ئامانج و کەزییەکانیان بڕدرا، بێگومان ئەمجۆرە مامەڵەکردنانە لە دژی شەڕڤانانی شۆڕشی ڕۆژئاوا تەنها مامەڵەی کۆمەڵێک چەتە نەبوو. بەڵکو نزیکایەتی سیستەمە دەسەڵاتدارەکانە کە هەموو مرۆڤایەتی دەکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. بەڵام با هەموو جیهان بزانێت کە ژنانی ڕۆژئاوا هەرگیز ئەم کردەوانە لەبیر ناکەن و هەمیشە بە ڕۆحی شەڕڤانانی شێخ مەقسوودەوە درێژە بە تێکۆشانیان دەدەن، ئەگەرچی ئەمڕۆ دەسەڵاتی جۆلانی لە یاسا و دامەزراوە ئیدارییەکان و لە بواری سەربازیدا ڕێگە بە بەشداربوونی ژنان نادات و مافەکانی ژنان پێشێل دەکریت بەڵام ئێمەی ژنان دەبێت بڕیاری تێکۆشانی خۆمان بەرز بکەینەوە.

 

ئێمەی ژنان دەستکەوتەکانی ئەم ١٤ساڵەمان بە ئاسانی بەدەست نەهێناوە و بە دڵنیاییەوە بەئاسانی دەستبەرداری نابین. هەروەک چۆن ئێمە لەبەرامبەر ڕژێمی بەعس تەسلیمیەتمان قبووڵ نەکرد، ئەمڕۆش تەسلیمی ڕژێمی جولانی نابین. بەهەموو توانای خۆمانەوە تا مسۆگەرکردنی دەستکەوتەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان تێدەکۆشین، ئەمە بەڵێنی ئێمەیە بۆ گەلەکەمان.