کۆنگرەی ستار کوشتنی یەنار محەمەدی شەرمەزار کرد
کۆنگرەی ستار کوشتنی یەنار محەمەد، چالاکوان و سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ژنانی شەرمەزار کرد و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە و لێپرسینەوەی لە تاوانباران کرد.
ناوەندی هەواڵ
کۆنگرەی ستار لە ڕاگەیاندراوێکی نووسراودا، کوشتنی یەنار محەمەد، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ژنان لە عێراق شەرمەزار کردو ئەم ڕووداوەی وەک بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی دژی ئیرادەی ژنی ئازاد و دەنگی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ پێناسە کرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا کۆنگرەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم تاوانە لە چوارچێوەی ئەو تاوانانەدایە کە دژ بە چالاکوانان و پێشەنگەکانی مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن.
کۆنگرەکە داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد کە بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەمنییەکانیان لەئەستۆ بگرن، و لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و شەفاف دەست پێبکەن.
کۆنگرەی ستار تیشکی خستە سەر پێویستیی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ.
لە کۆتاییدا کۆنگرەی ستار پشتیوانیی خۆی بۆ بنەماڵەی چالاکوانەکە و هاوکارانی دەربڕی.