کۆنگرەی ستار خولێکی پەروەردەی بە ناوی هێرۆ بەهادین دەستپێکرد

بە ئامانجی گۆڕینی وشیاری کۆمەڵگە، کۆمیتەی پەروەردەی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی حەسەکە خولێکی پەروەردەی بە ناوی شەهید هێرۆ بەهادین دەستپێکرد.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- ئەکادیمیای شەهید پەروین لە کۆنگرەی ستاری کانتۆنی حەسەکە، بە ئامانجی گۆڕینی هۆشیاری کۆمەڵگە بەردەوامە لە چالاکییەکانی، ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم خولێکی پەروەردەی بەناوی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین کردەوە کە لە ٢٣ی ئابدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە باشووری کوردستان تیرۆر کران.

 

 خولەکە بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ٢٥ ژن لە کۆمیتەکانی کۆنگرەی ستار بەشداریان کردووە، ئەو بیرۆکەیانەی کە لە خولەکەدا دەدرێن، تایبەتن بە گرنگی پەروەردە، چەمکەکان، کولتوور و ڕەوشت، کۆمەڵگەی سروشتی، نیشتمان و نیشتمانپەروەری، سەرمایەداری، ژن و خێزان، حەقیقەتی ڕێبەر، مێژووی ژن، ژنۆلۆژی، نەتەوەی دیموکراتیک، سیستمی کۆنگرەی ستار، ژن و بەڕێوەبردن، شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ، پێکەوە ژیانی ئازاد و هەستی سیاسی، هەروەها خوێندنەوەی پەرتوک و سیمینار و فیلمیش لە پەروەردەکەدا جێگیرکراون.

 

"شەهید بێریتان بوو بە بیرو هێزێکی وا کە هەزاران ژن هێڵەکەی پەیڕەو دەکەن"

جەنگیبان شێخۆ، وتەبێژی کۆمیتەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار، جەختی لەوە کردەوە کردنەوەی ئەو خولە بەناوی هێرۆ بەهادین وەڵامێکە بۆ هێرش و بەئامانجکردنی ژنانی پێشەنگ کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە کۆمەڵگەدا هەیە، و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ شەهید بێریتان بە چالاکییەکی خۆبەختکردن شەهید بوو، بوو بە ڕۆحێک و بیرۆکەیەک و ڕاستییەک کە ئەمڕۆ هەزاران ژن پەیڕەوی لێدەکەن، ڕۆژی ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ لە سەیدسادقی سلێمانی، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی چاپەمەنی ئازادی بۆردومان کرد، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا، ئەم هێرشانە چەند ساڵێکە لە دژی ئەو ژنانەی کە پێشەنگن و ڕۆڵیان هەیە لە کۆمەڵگەدا بەردەوامە، ئێمە وەک کۆمیتەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار ئەم خولەمان کردۆتەوە، بەمەش وەڵامی ئەو هێرش و پلانانە دەدەینەوە کە هێڵی بەرخۆدانی ژنان دەکەنە ئامانج، دەمانەوێت ئەو ژنانەی بەشدارییان لە خولەکەدا کردووە، بە عەقڵێکی دروستەوە بچنە ناو کۆمەڵگەوە کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئازاد و ئازادی ژنان بن و بتوانن کۆمەڵگە بگۆڕن، دەمانەوێت لە ڕێگەی پەروەردەوە کۆمەڵگەیەکی ڕەوشتی و زانستی بونیاد بنێین کە ژنان مێژوو و مافیان هەبێت، چونکە ژنان بنەمای بونیادنانی کۆمەڵگەن و ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد و شارەزا بونیاد بنێین، دەبێت ئەوە بزانین کە لە ڕێگەی پەرەپێدانی زانستی ژنانەوە پێکدێت.

 

"ژن لە خاوەنداری کردنی کولتوورو ڕەوشت پێشەنگن"

کامیلا یوسف، ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" جەختی لە گرنگی کولتوورو ڕەوشت لە پەروەردەدا کردەوە و وتی: پەروەردە بۆ هەمووان گرنگ و واتادارە، هەم زانستی مرۆڤ بەرەوپێش دەبات و هەم فێری ڕێکخستن و بەشداریکردنمان دەکات بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕێگەیەوە پەرە بە خۆمان بدەین، ژیان و کارکردنمان لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوە ببەین، واتای ئەمڕۆمان پەیوەندی بە کولتوور و ڕەوشتەوە هەیە، هەموو میللەتێک خاوەنی کەلتوور و ڕەوشتێکە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کۆمەڵگەی سروشتی، دەزانین کە کولتوور لە کشتوکاڵەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەوانەی دروستیان کردووە و پەرەیان پێداوە، ژنانن، بۆیە پەیوەندییەک لە نێوان ژن و خاک و کولتووردا هەیە، ڕەوشت پەیوەندی بە کولتوورەوە هەیە ئەگەر کولتوور نەبێت، ڕەوشت نامێنێت، بۆیە مرۆڤەکان لە ڕێگەی ڕەوشتەوە کولتوورەکەیان پێناسە دەکەن.

 

"ئامانجمان نوقمبوونە لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا"

هیبا ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار لە ناوچەی هۆل وتی: ئامانجی سەرەکییان نوقمبوونە لە فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان، ئامانجمان بە بەشداریکردن لە دانیشتنی داخراو، بەرەوپێشبردنی ڕۆحی هاوڕێیەتی و ناسینی کولتووری ژنانی نەتەوەکانی ترە و گفتوگۆکردن و ڕێکخستنی خۆمانە لەسەر هەمان بیرۆکە و فەلسەفە، بیرکردنەوەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆشنایی دەخەنە سەر شێوازی ژیانمان، بۆیە بەشداریکردنمان لە پەروەردەدا هەنگاوێکە بەرەو باشترکردنی خۆمان، هەرچەندە ئێمە بەشداریمان لە پەروەردەدا کردووە، بەڵام هێشتا پێویستمان بە پەروەردەیە بۆ ئەوەی پەرە بە زانستەکانمان بدەین و وەڵامی هەموو ئەو پلانانە بدەینەوە کە دەیانەوێت کۆمەڵگە لە کەسایەتی ژناندا کۆیلە بکەن.

 

"لە پێناو ژیانێکی ئازاددا بەشدار بووین لە پەروەردەدا"

هیبا ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمەی ژنان پێویستە ئەو شتانە بڵاو بکەینەوە کە لە پەروەردەدا سوودی لێ دەبینین، لە خێزانەکان وەریبگرین بۆ ئەوەی کۆمەڵگە پەروەردە بکەین، کاتێک ئەم بیرۆکانە لە خێزانێکدا پەرەیان پێدرا، کۆمەڵگەیەکی ئازاد بونیاد دەنرێت، ئامانجمان بونیادنانی خێزانێکی دیموکراتیک و یەکسانە، ژنان بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان بوون، وەک کۆمیتەی پەروەردە، ئەرکی ئێمە پەروەردەکردنی کۆمەڵگە و ئاگادارکردنەوەی هەموو ژنانە لە ماف و مێژووی خۆیان.