کۆنگرەی ستار کۆبوونەوەی بەرفراوانی لە قامیشلۆ ڕێکخست

لە کۆبوونەوەی کۆنگرەی ستار لە چوارچێوەی هەڵمەتی پلاتفۆرمی هاوبەش لە ٢٥ی تشرینی دووەم، جەخت لەوە کرایەوە کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنها ئەرکی ژنان نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەموو کۆمەڵگەیە.

قامیشلۆ

 

لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ژنان لە زۆر شوێنی جیهان چالاکیی و هەڵمەتی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن بە ئامانجی بەرزکردنەوەی دەنگ و بەهێزکردنی شەڕی دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی.

 

لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ کۆنگرەی ستار لە چوارچێوەی هەڵمەتی پلاتفۆرمی کردەوەی هاوبەشی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان کۆبوونەوەیەکی گشتگیری ئەنجامدا.

 

دوای خولەکێک بێدەنگی، بنەڤش شاهین بە ناوی کۆنگرەی ستار قسەی کردو باسی لە گرنگی ٢٥ی تشرینی دووەم و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی ژنان کردو سەرنجی ڕاکێشا بۆ دۆخی ژنان و ئەو ئاستەنگانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

 جەختی لەوە کردەوە کە توندوتیژی تەنیا لە توندوتیژی جەستەیی و لێدان سنووردار نییە، بەڵکو چەندین شێوەی هەیە؛ وەکو دەروونی، زارەکی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەسەڵات بەسەر بڕیارەکانی ژناندایە.

 

"دەرئەنجامەکانی توندوتیژی تەنها لە ژناندا سنووردار نییە"

هەروەها بنەڤش ڕەخنەی لە هەندێک لە نەریت و بیرکردنەوەی باڵادەستی کۆمەڵگە گرت و وتی: هێشتا لە هەندێک بەشی کۆمەڵگەدا باوەڕێک هەیە کە ژن لە دوای هاوسەرگیری دەبێتە موڵکی پیاو و دەبێت بە پێی خواست و بڕیارەکانی مامەڵە بکات، ئەم بۆچوونە پێشێلکردنی مافی ژنانە بۆ هەڵبژاردن و بڕیاردان و سەربەخۆیی و ڕێگا خۆش دەکات بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژی. لە هەمانکاتدا، لێکەوتەکانی توندوتیژی تەنها لە ژناندا سنووردار نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر خێزان و منداڵان و کۆمەڵگە بەگشتی هەیە بۆیە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنها ئەرکی ژنان نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموو کۆمەڵگەی پێویستە.