کۆنگرەی ستار: کۆبانێ کە داعشی تێکشکاند بە گەمارۆ ناشکێت
لەناو ئەو گەمارۆ خنکێنەرە بەردەوامەی کە بەسەر شاری کۆبانێدا سەپێندراوە، کۆنگرەی ستار هۆشداریدا لە کارەساتێکی مرۆیی نزیک کە هەڕەشە لە دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی دەکات، دەڵێت: ئەو شارە کە سیمبولی جیهانی بوو لە شەڕی دژی داعش، ئێستا بە تەنها جێهێهێڵدراوە.
کۆبانێ
شاری کۆبانێ ڕووبەڕووی یەکێک لە سەختترین قۆناغەکانی دەبێتەوە لە دوای شەڕەکانی دژی داعش، چونکە لە ئێستادا لە ژێر گەمارۆی خنکێنەردایە کە لەلایەن چەتەکانی سەر بە تورکیا و چەکدارانی هەتەشە سەپاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی لەکارکەوتنی تەواوەتی ژیانی ڕۆژانە و پەککەوتنی تەواوەتی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
کۆنگرەی ستار لە شیرانی ناوچەی فورات لە ڕۆژئاوای کوردستان ١٩ی شوبات ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشدارییدا لە کارەساتێکی مرۆیی نزیک کە هەڕەشە لە دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی کۆبانێ دەکات، لە ڕاگەیاندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێرشەکانی ئەم دواییە بەشێکن لە "پلانی جینۆساید" بە تایبەتی ژنان و منداڵان دەکاتە ئامانج.
جەخت کراوەتەوە، کۆبانێ کە بووە سیمبولێکی جیهانی لە شەڕی دژ بە داعش، ئێستا بە تەنها ماوەتەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گەمارۆیەکی خنکاندن و بێدەنگییەکی نائارامی نێودەوڵەتی ببێتەوە، لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: شارەکە لە ژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردایە کە لەلایەن چەکدارانی هەتەشە و چەتەکانی تورکیا سەپاندووە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە کە مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر ناوچەکەیان تێدایە.
ڕوونیکردەوە، هێرشەکان تەنها لە کۆبانێ سنوردار نەبوون، بەڵکو ناوچەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەبیشی گرتەوە، جگە لە تەبقا و ڕەققە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلی بەربڵاوی کۆچکردن، چەتەکانی داگیرکەری تورکیا بە تەواوی بەرپرسیاری ئەو پێشێلکارییانەن لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا، لەوانەش هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و بەکارهێنانی وەک قەڵغانی مرۆیی.
ئاماژە بەوە کراوە، کە هێرشەکان لە سروشتدا تۆڵەسەندنەوە بوون و ژنانیان کردۆتە ئامانج، هەروەها چەوساندنەوە و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بەشێک بووە لە ئایدۆلۆژیایەکی جینۆساید کە ئامانج لێی شکاندنی ئیرادەی ژنان وەک گیانی کۆمەڵگە بووە، پێشێلکارییەکانی دژی تەرمی شەهیدانی ژن ئاشکرا کردووە، کە لە دیمەنەکاندا هەڵکەندراون و تێکدراونن و ڕاگەیاندراوەکە بە "کردەوەی دڕندانە کە ئەنجامدەران بۆ جیهان ئاشکرای دەکەن".
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لە ئێستادا کۆبانێ یەکێک لە خراپترین قۆناغەکانی بەخۆیەوە دەبینێت لە دوای شەڕەکانی دژی داعش نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوبەر، ئەم گەمارۆیە بووەتە هۆی پچڕانی تەواوەتی ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت و هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ناچاربوون پەنا بۆ خوێندنگەکان ببەن دوای ئەوەی ڕێگرییان لێکرا بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان، کەمی پێداویستییە سەرەتاییەکان زۆرە، لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا دەیان هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەش کراون.
کۆنگرەی ستار دووپاتیکردەوە، کە ئەم کارانە ئامانجیان "برسیکردن و ملکەچکردنی شار"ە لە هەوڵێکدا بۆ شکاندنی بەرخۆدانی مێژوویی، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد دەستبەجێ دەستوەردان بکەن، بیریان هێنایەوە کە کۆبانێ لە شەڕی داعشدا قوربانییەکی بێئەندازەی داوە بۆ بەرگریکردن لە هەموو مرۆڤایەتی.