کۆنگرەی ستار بە بەڵێندان بە درێژەدان بە خەبات بەرنامەی خۆی بۆ ٨ی ئادار ڕادەگەیەنێت
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، کۆنگرەی ستار لە کانتۆنەکانی جزیرەو فورات بەڵێنی خۆی نوێکردەوە بۆ درێژەدان بە خەبات لەسەر بنەمای فەلسەفەی ڕزگاری ژنان، زنجیرەیەک چالاکی بۆ یادکردنەوەی ٨ی ئادار ئاشکرا کرد.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی جیهانی ژنان کە ساڵانە لە ٨ی ئاداردا بەڕێوەدەچێت، بۆنەیەکە بۆ تیشک خستنە سەر خەباتەکانی ژنان لە سەرانسەری جیهان و ڕۆشنایی خستنە سەر ئەو ئاڵەنگاریانەی کە بەردەوام ڕووبەڕوویان دەبنەوە لە بوارەکانی ماف و یەکسانی و پاراستن لە توندوتیژی.
ڕۆژی ١٩ی شوبات، پلاتفۆرمی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژئاوی کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرنامەی بۆنە و ئاهەنگەکانی خۆی بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان بە دروشمی فەلسەفەی ”ژن، ژیان ئازادی” دەپارێزین دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان دەپارێزین ڕاگەیاند.
ڕۆژی ٢٨ی شوبات کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە لە میانی ڕاگەیاندراوەکە بە ئامادەبوونی دەیان ژنی خەڵکی تل تەمر، حەسەکە، دەرباسیە، کامپی واشۆکانی و سەرێکانی پێشکەشی کرد، پەردەی لەسەر بەرنامەی خۆی بۆ ٨ی ئادار لادا، بەشداربووان ئاڵای کۆنگرەی ستار و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"یان بەرزکردەوە، بەردەوامی تەڤگەری ژنانیان لە ناوچەکە و ئامادەیی بۆ یادکردنەوەی ئەو بۆنەیە بە چالاکی جیاواز دووپاتکردەوە.
بەڵێنی بەردەوامی خەبات
لە ڕاگەیاندراوەکەی کۆنگرەی ستاردا هاتووە:بە ڕۆحی خەباتی ژنانی ئازاد و ئیرادەی نەبڕاوەی ژنان، لە قۆناغێکی گرینگدا لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە هێرشەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن، پێشوازی لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەین، ئێمە ئەم ڕۆژە نەک تەنها وەک ڕێوڕەسمێکی ئاهەنگگێڕان، بەڵکو وەک قۆناغێکی گرنگ لە خەباتەکەماندا یاد دەکەینەوە، بەڵێنمان بۆ شەهیدان نوێ دەکەینەوە و دووپاتی دەکەینەوە، کە فەلسەفەی ”ژن، ژیان، ئازادی” تەنها دروشم نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی گشتگیرە و دیدگایەک بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی.
دووپاتی کردەوە، کە بەئامانجگرتنی ژنان و هەوڵدان بۆ ترساندنیان لە ڕێگەی توندوتیژی و کوشتن و بڕینی جەستەوە نابێتە هۆی شکاندنی ئیرادەیان، هێزەکانی داگیرکەری و عەقڵی پیاوسالاری هەوڵی تێکدانی دەستکەوتەکانی یەڤگەری ژنان دەدەن، بەڵام ژنان لە بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی خۆیان بە چەقبەستوویی دەمێننەوە، هەروەها توندوتیژی نایانترسێنێت، تاوانیش ڕێگریان لێناکات و پاشەکشە ناکەن لە پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، لە دەنیز سیاوە تا شەڕڤان ئامارا و هەموو ئەو شەهیدانەی گیانیان بەخت کرد بۆ پاراستنی کەرامەتی ژنان و ئازادی کۆمەڵگە، دووپاتی دەکەینەوە کە خوێنیان بووەتە هێزێکی بزوێنەر بۆ خەبات و هۆشیارییەکی قووڵی لای ژنان دروستکردووە، هەر تاوانێک کە بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدرا، ئیرادەی ئێمەی بەهێزتر کردووە بۆ ڕێکخستن و بەرەنگاربوونەوە، هەموو هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی ئێمە، دەنگەکان وای لێکردووین زیاتر ئامادەبین و خۆڕاگر بین.
"ئێمە بەرگری لە دەستکەوتەکانمان دەکەین"
کۆنگرەی ستار لە ڕاگەیامدراوەکەیدا ڕایگەیاند، کە ٨ی ئازار بڕگەیەکی گرنگە کە تەڤگەری ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، کە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان هێڵێکی سوورە کە ناتوانرێت تێپەڕێنرێت، پاراستنی ئەم دەستکەوتانە بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە و پێویستی بە هەوڵی هاوبەش و پلە ڕێکخراوەکان هەیە، قۆناغی داهاتوو شایەتی بەهێزبوونی ڕێکخستن لە بوارە جیاوازەکان و چڕبوونەوەی هۆشیاری و خەباتدا دەبێت، کە لە باوەڕێکی پتەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە شۆڕشێک بە سەرکردایەتی ژنان سەرکەوتوو نییە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بەرنامەی بۆنەکان بریتییە لە ڕازاندنەوەی شارەکە کە سبەینێ ١ی ئادار، لەلایەن کۆنگرەی ستار وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕۆژی ٨ی ئادار، هاوکات لەگەڵ چاندنی نەمام و گوڵ لەسەر گۆڕی شەهیدان. ئەم هەنگاوە هێماییە ئامانجی یادکردنەوەی یادەوەرییان و بەرزکردنەوەی ئامادەیی ژنانە لە کایەی گشتیدا لە ڕێگەی دەستپێشخەریی بە سیمایەکی ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەوە.
لە ٢ی ئاداردا کۆمەڵێک ژن چەک هەڵدەگرن و بەشداری خۆیان لە کۆکردنەوەکەدا ڕادەگەیەنن، ژنانی گەنج دەروازەکانی شاری حەسەکە بە تاجە گوڵینە دەڕازێننەوە، ٣ی ئادار گوندی ژینوار و زرگان سەردانی دەکرێن، لە شاری حەسەکە ژنانی گەنج کۆدەبنەوە بۆ پێکهێنانی ژمارە ٨ کە هێمای ڕۆژی جیهانی ژنانە، ٤ی ئادار مۆم لەسەر گۆڕی شەهیدان داگیرسێنرێت، هەروەها ژنانی گەنج پێشانگایەکی کاری دەستی و وێنەی ژنە شەهیدەکان دەکەنەوە، لە ٥ی ئاداردا، سەردانی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان دەکرێت، فیلمێک دەربارەی "کەزی" و واتاکەی نمایش دەکرێت، هەروەها ژنانی گەنج ئاهەنگێک سازدەکەن. لە ٦ی ئاداردا کاروانێک بەڕێوەدەچێت کە ژنان تێیدا کۆدەبنەوە بۆ بڕینی قژیان، نمایشی شانۆی سەر شەقامەکان لەلایەن ژنانی گەنجەوە بەڕێوەدەچێت، لە ٧ی ئاداردا ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی ژنان دەست پێدەکات، ژنانی گەنج نامیلکە سەبارەت بە "کەزی" و گرنگییە مێژووییەکەی بۆ کورد دابەش دەکەن، لە یاریگای شەهیدانی بەنداوی تشرین لە شاری حەسەکە ئاهەنگێکی ناوەندی بەڕێوەدەچێت.
”٨ی ئادار: بڕگەیەکی بەرچاو لە خەباتی ژناندا”
سەرەڕای ئەو گەمارۆیەی کە بەسەر شاری کۆبانێدا سەپێندرا، ژنان بڕیاریان دابوو کە نەهێڵن ڕێگر بێت لە یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی ژنان، زنجیرەیەک چالاکی و بۆنەی هەمەچەشنیان ئامادە کرد و کۆنگرەی ستار لە ناوچەی فورات لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، کە لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد لە کۆبانێی ڕۆژئاوا پێشکەشی کرد، بەرنامەی بۆنە و ئاهەنگەکانی ٨ی ئاداری ڕاگەیاند.
ڕاگەیا دراوەکە بە پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی ژنان لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد، هەموو ئەو ژنانەی لە سەرانسەری جیهاندا خەبات دەکەن بۆ پاراستنی مافەکانیان، هەروەها ژنانی شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"، جەختی لەسەر گرنگی ئەم ڕۆژە بۆ هەموو ژنان کردەوە: لەم ڕۆژەدا خەبات لە دژی ئەو توندوتیژی و دیکتاتۆریەت کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە، پەرەپێدەدەین، ئەمڕۆ لەم کۆبوونەوەیەدا، بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە بۆ چڕکردنەوەی خەبات، و هەموو ڕۆژێک دەکەینە ٨ی ئادار.
جەخت لەوە کراوەتەوە، کە سەرەڕای هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی ئیرادەی ژنان، ئێمە وەک ژنی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبانێەوە، هەموو ئەو هەوڵانە پووچەڵ دەکەینەوە، خەباتی خۆمان لە هەموو گۆڕەپانەکانی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتیدا فراوانتر دەکەین، بە پەیڕەوکردنی فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان ”ژن ،ژیان، ئازادی” و ڕێبازی ئازادیی ژنان، ئەمەش بەڵێنمانە بۆ جیهان، هەروەها کوشتنی ژنان و بڕینی کازیەکانیان و دەستدرێژیکردنە سەریان، ئیرادەی ژنان ناشکێنێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ڕۆحی تۆڵەسەندنەوە و ئیرادەیان بۆ بەردەوامبوون لە خەبات زیاد دەکات.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، بەرنامەی بۆنە و ئاهەنگەکانی ٨ی ئادار ئاشکرا کراوە کە بریتییە لە ڕازاندنەوەی شارەکە، ڕێکخستنی ڕێپێوانێک بۆ پشتیوانی لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"، ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە ناوچە گوندنشینەکان و گەڕەکەکانی شار، کۆبوونەوەی ناوەندی لە شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری، سەردان بۆ یەپەژە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکرێت، جگە لە ڕێکخستنی ماراسۆن بۆ ژنانی گەنج، بۆنەیەکی پاسکیلسواری و چاندنی دار ئاهەنگی ناوەندی لە ٨ی ئادار بەڕێوەدەچێت، لە کۆتایی ڕاگەیامدراوەکەدا دووپاتکرایەوە کە لە ڕێگەی خەباتی ژنان و ڕۆحی ٨ی ئادارەوە، سووریایەکی دیموکراتیک بونیاد دەنێن.