کۆنفرانسی ئەنجومەنی ژنانی بنەماڵەی شەهیدان دەستیپێکرد

کۆنفرانسی ئەنجومەنی ژنانی بنەماڵەی شەهیدان لە ڕمێڵان بە دروشمی "پاراستنی بەهای شەهیدان و شۆڕشی ڕۆژئاوا بە تێکۆشانی ژنانی ئازاد مسۆگەر دەکات" دەستیپێکرد.

قامیشلۆ

 

بە دروشمی "پاراستنی بەهای شەهیدان و شۆڕشی ڕۆژئاوا بە تێکۆشانی ژنانی ئازاد مسۆگەر دەکات"، دووەمین کۆنفرانسی ئەنجومەنی ژنانی بنەماڵەی شەهیدان لە ناوەندی چاند و هونەری ئارام تیگران لە شاری ڕمێڵانی کانتۆنی قامیشلۆ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بەشداری ٤٠٠ ئەندام بەڕێوەچوو.

 

کۆنفرانسەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە هەموو شەڕڤانانی ئازادی دەستیپێکرد، پاشان ڕوانگەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر گرنگی پاراستن و بەهای شەهیدبوون خوێندرایەوە.

 

"ڕێبەرایەتیی ژنان لە شۆڕشدا سەرکەوتنی گەورەیە"

هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیکی-TEV-DEM زەلال جەگەر لە کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا قسەی کرد و وتی: ڕێکخستنی وەها کۆنفرانسێک لەم هەلومەرجەدا زۆر گرنگە، ڕێبەرایەتیی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەموو ژنان سەرکەوتنی گەورە بوو، ئەمڕۆ ژنان لە هەموو ناوچەکاندا جێگای خۆیان گرتووە ئەرکی قورسیش لەسەر شانی ژنانە، ئەرکی ئێمەیە شەهیدان بپارێزین و ئەم ئەرکەش زۆر پیرۆزە و پێویستە لەئاست ئەو ئەرکەدا بین، لەماوەی ١٠ ساڵی شۆڕشدا ڕەنجی زۆرمان داوە و تائێستا بەردەوامین، ئازادی بەرامبەری نییە و لەو پێناوەدا پێویستە نرخی شەهیدان بپارێزین.

 

دوابەدوای وتارەکان بۆ دیوانی کۆنفرانس سێ کەس هەڵبژێردرا. بەپێی بەرنامەی کۆنفرانسەکە، ڕاپۆرتی دوو ساڵەی ئەنجومەنی ژنانی بنەماڵەی شەهیدان دەخوێنرێتەوە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هەروەها بارودۆخی سیاسی و ڕێکخراوەیی و ژنانی ناو کۆمەڵ هەڵدەسەنگێنرێت.

 

کۆنفرانسەکەش بەردەوامی هەیە.

ت.پ