کۆنفڕانسی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد
"کۆنفرانسی یەک هەڵوێست بۆ پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا’ بە بەشداری زیاتر لە ٤٠٠ نوێنەری پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد.

حەسەکە
بە دروشمی "پێکەوە بۆ ئەو هەمەچەشنییەی کە یەکێتیمان بەهێز دەکات و هاوبەشییەک کە داهاتوومان بونیاد دەنێت"، "کۆنفرانسی یەک هەڵوێست بۆ پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا" دەستیپێکرد.
زیاتر لە ٤٠٠ نوێنەری کورد، عەرەب، سریانی، ئەرمەنی، ئاشووری، ئێزدی، تورکمان و چەرکەسی بە جلوبەرگی فۆلکلۆری خۆیانەوە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد. کۆنفرانسەکە لە هۆڵی کولتووری و هونەری خوێران بەڕێوەدەچێت.
لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا وتارەکان لەلایەن خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی جزیرە، ڤیڤیان باهۆ ئۆسی، هاوسەرۆکی کانتۆنی جزیرەو ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لەیلا قەهرەمان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک و ئەمینە عومەر بەناوی ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرایەوە.
لە کۆنفرانسەکەدا تاوتوێی ئەو ڕەشنووسە دەکرێت کە لەلایەن لیژنەی ئامادەکارییەوە ئامادەکراوە و بە ڕاپۆرتێک کۆتایی پێدێت.
لیژنەی ئامادەکاری کە لە ٢٠ کەس پێکهاتبوو لە شارە جیاوازەکانی ناوچەکە، لە مانگی حوزەیرانەوە وەک دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵایەتی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆدەبوونەوە و دەستیان کردبوو بە ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسەکە.