کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی تاران: پچڕانی ئینتەرنێت خەریکە لەکارمان دوور دەخاتەوە
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی تاران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی کێشە ئابوورییەکان، پچڕانی ئینتەرنێت و شەپۆلی دەرکردن لە میدیاکان. هەروەها هۆشداریشی داوە لە لاوازبوونی ڕەوتی زانیاری.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی پیشەیی ڕۆژنامەنووسانی تاران دوێنێ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە میدیاکان لە هەموو کاتێک ڕۆڵێکی گەورەتریان هەیە لە بەهێزکردنی هۆشیاری گشتی و زیادکردنی هاودەنگیی نەتەوەیی.
کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، فشارە ئابوورییەکان و سنووردارکردنی ژێرخانی ئابووری بە شێوەیەکی جددی ڕێگری لە چالاکییەکانیان دەکات.
لە ڕاگایەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو نائارامییە بەردەوامە کاریگەری لەسەر پیشەسازی چاپکردن هەیە، جگە لەوەش ڕیکلامەکان بەرەو دابەزین دەچن، هەروەها سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت وایکردووە زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی چاپ و دیجیتاڵی زۆر قورس بێت کە بەردەوام بن لە کارەکانیان.
هەروەها کۆمەڵەکە جەختی لەوە کردەوە کە سنووردارکردنی پەیوەندییەکان و داخستنی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر تۆڕی دیجیتاڵی هەبووە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و بۆ داهاتووی ئەو میدیایانە باش نییە، شەپۆلێک لە ڕۆژنامەنووسان لە مانگەکانی ئادار و نیساندا کارەکانیان بەجێهێشتووە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕۆژنامەنووسان کارەکانیان لەدەست بدەن، کە نەک هەر سەختییە ئابوورییەکان گەورەتر دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی لەدەستدانی زانیاری لە بەشێک لە هێزی میدیایی پیشەیی وڵات.