کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات: ڕۆژنامەنووسانی تورکیا ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و هێرش و سانسۆر دەبنەوە

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان لە ماوەی مانگی ئایاردا بڵاوکردەوە، دووپاتیکردەوە کە فشارەکان سەرەڕای بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری بەردەوامن.

ئامەد

 

ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو دەبنەوە کە پەیوەندییان بە ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە هەیە، لەگەڵ زیادبوونی سنووردارکردنەکان، دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە بەهۆی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان، هێرشی جەستەیی و لێپێچینەوە.

 

 کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی فورات و دیجلە ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان لە مانگی ئایاردا بڵاوکردەوە، دووپاتیکردەوە کە ڕۆژنامەنووسان تەنانەت لە مانگی ئایاریشدا ڕووبەڕووی پێشێلکاری کراون، ئەو مانگەی کە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری تێیدا بەڕێوەدەچێت. 

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە کە هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ پەرەسەندنی ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بووە، "لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ڕۆژنامەنووسان بۆ گەیاندنی ڕاستی بە ڕای گشتی، ڕێگرییان لێکراوە ڕووماڵی پێشهاتەکانی ڕووداوەکانی ١ی ئایار لە پارێزگای تەقسیم لە ئەستەنبوڵ، ناڕەزایەتی سەبارەت بە خوێندکارە دەستبەسەرکراوەکان و دادگاییکردنی نارین کوران. هەروەها شەش ڕۆژنامەنووس تووشی مامەڵەی خراپ بوون".

 

جەخت لەوە کراوەتەوە کە ڕۆژنامەنووسان لەسەر کارەکانیان بەردەوام ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردن دەبنەوە. وتی:  فورکان کارابی، رۆژنامەنووس کە بەهۆی ڕووماڵە ڕاگەیاندنییەکانیەوە تۆمەتبارکرابوو، دەستگیرکرا و ڕاگیرا، هەمان ڕۆژ تانەکەی لە فەرمانی دەستبەسەرکردنەکە ڕەتکرایەوە، هەروەها هەژمارەکەی لەسەر پلاتفۆرمی ئاکس بە شێوەیەکی نایاسایی داخرا. هەروەها جان ئۆزتورک،  پەیامنێری تی٢٤ لەکاتی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران لە زانکۆی بۆغازیتشی دەستگیرکرا، کارتی ڕۆژنامەوانیشی لە کاتی ڕووداوەکەدا دڕا.

 

 لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، مانگی ڕابردوو پێنج ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون و سێ ڕۆژنامەنووسیان ڕاگیراون، هاوکات ٧٨ ڕۆژنامەنووس لە ٤٣ دۆسیەی جیاوازدا لەبەردەم دادگا ئامادەبوون. چوار ڕۆژنامەنووس سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا، دە کەسی دیکەش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا، سێ لێکۆڵینەوەش گۆڕدرا بۆ دۆسیەی یاسایی. 

 

کۆمەڵەکە لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، دەسەڵاتی دادوەری لەبری لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان، لێکۆڵینەوەیان لە دژی ئەو ڕۆژنامەنووسانە کردەوە کە یادی هاوکارە کەوتووەکانیان دەکردەوە. پێنج ڕۆژنامەنووس دوای یادکردنەوەی ڕۆژنامەنووسان نازم دەشتان و جیهان بەلگین و گوڵستان تارا و هێرۆ بەهائەدین ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە. دانیشتنێکی تایبەت بە دادگاییکردن لە ناوەندی پارێزەرانی ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، کە ئیبراهیم کابۆئۆغڵو، سەرۆکی ناوەندی پارێزەران و ئەندامانیان لە دانیشتنەکەدا داکۆکییان لە مافی ڕۆژنامەنووسانی کوژراو کرد، جەختیان لەوە کردەوە کە سەرەڕای فشارەکان، ڕۆژنامەنووسان بەردەوامن لە داوای لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە کوشتنی هاوکارەکانیان.

 

 ڕاپۆرتەکە سەرنجی بۆ دۆسیەی ئایسەمدین ئاکین،ڕۆژنامەنووسی قوبرسی ڕاکێشاوە، کە دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ جەمیل ئونال کە دواتر لە هۆڵەندا تیرۆرکرا، هەڕەشەی لێکرا. وتی: سەرەڕای ئەو هەڕەشە بەردەوامانەی لە دژی ئایسەمدین ئاکین دەکرێت، بەڵام ماوەی مانگێکە سەرەڕای دووبارە داواکارییەکانی پارێزراوی وەرنەگرتووە، داواش دەکات ئەو لایەنانەی هەڕەشەی لێدەکەن ناسنامەکەیان ئاشکرا بکرێت و بەپەلە سەلامەتییەکەی مسۆگەر بکرێت. 

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلەو فورات پشتڕاستی کردووەتەوە کە سنووردارکردن بۆ ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە، لەوانە دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە و سانسۆرکردنی ڕاگەیاندنەکان. ئاماژەی بەوەشکردووە، ٤٦٥ ناوەڕۆکی دیجیتاڵی بلۆک کراون، پلاتفۆرمی ئێکس پشتگیری لە سیاسەتی سانسۆری تورکیا دەکات. ئەمەش بۆ یوتیوبیش درێژبووەوە، کە لەسەر داوای فەرمی لە ناوخۆی تورکیادا چوونە ناو کەناڵەکانی ڕۆژنامەنووسان غونای ئەسڵان، ئامەد دیجل، ئەرداڵ ئێز، فەهیم ئیشیک و جاهد مەروان سنووردار کرا. هەروەها دەسەڵاتداران ٤٥٤ ڤیدیۆیان بلۆک کرد، کە لەلایەن تیپی یۆرۆمەوە بەرهەم هێنرابوون، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٢٣ لە ٥٦ کەناڵی جیاوازدا پەخشکرابوون، دەستڕاگەیشتن بەو ڤیدیۆیانە بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ڕێکخستنی گشتی سنووردار کرابوو. هەروەها سێ ماڵپەڕ داخران، سنووردارکردن بۆ ١٢ هەواڵ و دەستڕاگەیشتن بە ٤٦٥ ناوەڕۆکی دیجیتاڵیش ڕێگری لێکرا.  هۆڵەکانی دادگا شایەتحاڵی هاودەنگییەکی بەهێزی ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانیەکان بوون، کە یارمەتیدەر بوون بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی چەند ڕۆژنامەنووسێکی دەستبەسەرکراو. بەڵام تا ئێستا ٣١ ڕۆژنامەنووس لە پشت مێزی دادگا ماونەتەوە. هەوڵە هاوبەشەکان لە مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو ئازاد دەکرێن و بەرگری لە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکرێ