"کۆمەڵەی برینداران و داواکارانی دادپەروەری شۆڕشی ژینا" پشتیوانی بۆ وریشە مورادی ڕاگەیاند

"کۆمەڵەی برینداران و داواکارانی دادپەروەری شۆڕشی ژینا" ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە پشتیوانیکردنی لە مانگرتنی وریشە مورادی بڵاوکردەوەو خوازیاری کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەی بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەم "کۆمەڵەی برینداران و داواکارانی دادپەروەری شۆڕشی ژینا" بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، پشتیوانی خۆی لە مانگرتنی زیندانی سیاسی کورد وریشە مورادی کە لە زیندانی ئەڤینە ڕاگەیاندووەو خوازیاری کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەیەتی.

 

ئەم کۆمەڵەیە کە بەشێک لە ئەندامەکانی قوربانی و داواکارانی دادپەروەری شۆڕشی "ژن، ژیان،  ئازادی"ن، ڕایانگەیاندووە، بەهۆی نیگەرانی جددی لەبارەی تەندروستی وریشە مورادی، دەمانەوێت دەستبەجێ کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت و ئێمە ڕژێمی ئیسلامی بەرپرسیار دەزانین لە هەر زیانێک یان بەدبەختییەک کەڕەنگە بەسەریدا بێت.

 

دەقی تەواوی ڕاگەیندراوەکە بەم شێوەیەیە:

ئێمە وەک کۆمەڵەی برینداران و داواکارانی دادپەروەری شۆڕشی ژینا، ئاگاداری بارودۆخی ترسناکی وریشە مورادی زیندانی سیاسیین؛ ئێمە بە توندی نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤   لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان و پشتیوانی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەوسزا نامرۆڤانەیە، ژنانی زیندانی ئەڤین لە تاران مانگرتنێکی نادیاریان لە خواردن گرتووە، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی لە زیندانی ئەڤینەوە بڵاوکراونەتەوە، وریشە بەهۆی دابەزینی زۆری پەستانی خوێنەوە باری تەندروستی ناجێگیرە و ئەگەری زۆرە کە بچێتە کۆما.

 

وریشە مورادی لە مانگیئابی ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە لە کوردستان دەستبەسەر و دوای ئەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک تووشی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کرایەوە، ناوبراو لەلایەن سیستمی دادوەریی ڕژیم و بەتایبەتی لەلایەن دادوەر سەلواتی بە "یاخیبوون" تۆمەتبار کرا و تا ئێستاش لە دۆخێکی نادیاردایە. هەروەها وریشە مورادی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەسزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی ئامادە نەبووە بەشداری دانیشتنەکانی دادگا بکات.

 

وەکو کۆمەڵەی برینداران و داواکارانی دادپەروەری شۆڕشی ژینا، هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ وریشە مورادی و هەموو زیندانیانی سیاسی ڕادەگەیەنین کە دژی ستەم و نادادپەروەری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن، ئێمە دەمانەوێت دەستبەجێ مانگرتن لە خواردنی وریشە مورادی بە هۆی نیگەرانی جیددی سەبارەت بە تەندروستی ناوبراو کۆتایی پێبێت، هەروەها ڕژێمی ئیسلامی لە هەر زیانێکیان بەدبەختییەک کەڕەنگە بەسەریدا بێت بە بەرپرسیار دەزانین.

 

هەروه ها داوا له هه موو دامه زراوه کانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوه نێودەوڵەتییەکان و ئازادیخوازان له سەرتاسەری جیهان دەکەین بەرگری له مافەکانی وریشه مورادی و هەموو زیندانیانی سیاسی له ئێران بکەن و گوێ له دەنگیان بگرن.

 

ئەمە لە کاتێکدایە لەچەن ڕۆژی ڕابردوودا زۆرێک لە چالاکانی مەدەنی بەتایبەت لە شاری سنە پشتیوانیان لە مانگرتن لە خواردنی ئەم زیندانییە کردووە و خوازیاری کۆتایی هێنان بە مانگرتن لە خواردن بوون.