کەمپەینی ڕق وکینە دژی عەلەوی و درووزەکان لە سووریا
وتاری ڕقوکینە و بانگەوازی جیاکاری دژی پێکهاتەکانی عەلەوی و درووز لە سووریا لە ڕێگەی کەمپەینی میدیای دیجیتاڵییەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە ئامانجی دابڕان و گۆشەگیرکردنیان لە ڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕێگەی کەمپەینێکی نوێی هاشتاگەوە کە لە ٣١ی ئایاردا دەستپێکرا، داوای بڕینی پەیوەندییە بازرگانی و کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ هاووڵاتییانی عەلەوی و درووز کرا. ئەو کەسانەی لە ناو کەمپەینەکەدا بەشدارن، داوایان لەو سوورییانە کرد کە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەژین، بایکۆتی کار و بازرگانییەکانی عەلەوی و درووزەکان بکەن.
لە بڵاوکراوەکاندا، لێدوانی جیاکاریی وا بڵاوکراونەتەوە وەک: ڕێگریکردن لە منداڵان بۆ ئەوەی هاوڕێیەتی منداڵانی عەلەوی و درووز نەکەن، دوورکەوتنەوە لە سڵاوکردن لە خەڵکی ئەم پێکهاتانە، دوورکەوتنەوە لە کار و بازرگانییەکانیان، بەکرێنەدان یان نەفرۆشتنی خانوو پێیان و پێندانی هەلی کار پێیان.
کەمپەینەکە لەلایەن لایەنەکانی نزیک لە تەحریری شام پاڵپشتی لێکرا
هەرچەندە کەمپەینەکە لەلایەن لایەنەکانی نزیک لە دەستەی تەحریری شام پاڵپشتی لێکرا، بەڵام ئەو کەسانەی داکۆکی لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی بیروباوەڕ و ناسنامە جیاوازەکان لە سووریا دەکەن، کاردانەوەی توندیان دژی ئەم بانگەوازانە نیشاندا. لەو ڕوونکردنەوانەی لە میدیا دیجیتاڵییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە کەمپەینی لەم شێوەیە هانی جیاکاریی تایفی دەدات، ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکدەدات، وڵات زیاتر دابەش دەکات و گرژییە مەزهەبییەکان قووڵتر دەکاتەوە.
هێرشەکان بۆ سەر عەلەوییەکان
لەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی دان ،کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی دەسەڵاتیان لە دیمەشق گرتەدەست ــ گومان و دەنگۆکانی پەیوەست بە فشار و توندوتیژی دژی پێکهاتەی عەلەوی هێشتا لە ڕۆژەڤدان.
ئەو ڕاپۆرتانەی پێشتر لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگا ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، تۆمەتەکانی وەک ڕفاندن، مامەڵەی خراپ، ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی دژی عەلەوییەکان لەخۆدەگرن. لە زۆرێک لە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکاندا هاتووە کە بە تایبەتی لە ئاداری ٢٠٢٥ەوە، ژنان و کچانی منداڵ لە هێرشەکانی سەر پێکهاتەی عەلەویدا کراونەتە ئامانج. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش داوایان کردووە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر ئەم تۆمەتانە دەستپێبکات و هاووڵاتییانی مەدەنی بپارێزرێن.