کەمپەینی کەزی هاوکاری بۆ کوردانی ڕۆژئاوا کۆدەکاتەوە
کۆمەڵێک هاوڵاتیی خۆبەخش لە شارۆچکەی کەلار کەمپەینێکی نیشتمانییان بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییە جۆراوجۆرەکان بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، کە چەندین جۆر پێداویستی بنەڕەتی وەک خۆراک و دەرمان لەخۆدەگرێت.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ دەستپێشخەرییەک لە لایەن ژمارەیەک هاووڵاتیی خۆبەخش لە ناوەندی شارۆچکەی کەلار ڕاگەیەندرا، کە مەبەست لێی کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ هاونیشتمانیانی ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەم کەمپەینە لە شوێنێکی دیاریکراو لە فلکەی جادەی مارینای کەلار جێگیرکراوە، تاوەکو هاوڵاتییان بتوانن بە ئاسانی هاوکارییەکانیان بگەیەنن.
ئەم چالاکییە مرۆییە هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر ٩:٠٠ەیانی تاوەکو ١١:٠٠ی شەو بەردەوام دەبێت، تیمی خۆبەخشان ئەرکی وەرگرتنی هاوکارییەکانیان گرتووەتە ئەستۆ.
هاوکارییەکان بریتین لە ماددە خۆراکییەکان، پۆشاک، پێخەف، پێداویستییەکانی منداڵ و دەرمان، هەروەها ڕێکارێک دانراوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە پارە هاوکاری بکەن، بتوانن بیبەخشن.
ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بڕیارە تاوەکو ۲۷ی ئەم مانگە درێژەی هەبێت.
ڕێکخەرانی کەمپەینەکە داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەن بەشدارییەکی کارا بکەن، چونکە ئەم هەوڵە وەک ئەرکێکی مرۆیی و نەتەوەیی بەرامبەر بەو کوردانە دەبینرێت کە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین.