کۆمەڵکوژی لە دێر حافر؛ زیانبەرکەوتووان دەگەنە ناوچەکانی خۆبەڕێوبەری

دێر حافر و گەڕەکەکانی حەلەب شاهیدی هەڵکشانێکی خوێناوی بوون کە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، کە لە نێویاندا منداڵ و ژنان هەن، پێش ئەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

چەتەکانی هەتەشە کۆمەڵکوژییەکی ترسناکیان لە شاری دێر حافر لە تەبقا ئەنجامدا، ئەوەش دوای تۆپبارانێکی سەخت کە بووە هۆی کوژرانی چوار هاوڵاتی مەدەنی، کە سێ منداڵی کچیان تێدابوو: فاتمە ئەحمەد "١١ ساڵ"، حەمیدە هیلال "١٣ ساڵ"،  غرام تاریق حەمەد "١٣ ساڵ"، هەروەها عەبدوڵا لەتیف شێخ حسێن "٦٥ ساڵ".

 

هەروەها فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی سەر بە هەمان گروپ پۆستەخانەی شارەکەی کردە ئامانج و زیانی ماددی لێکەوتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی دیکەی گیانی نەبوو.

 

زیانبەرکەوتووانی بۆردوومانەکانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید لە شاری حەلەبن، کە گەیشتنە ناوچەکانی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەوێدا بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکان بۆ چارەسەرکردن.

 

هێرشەکان کە لە ٦ی کانوونی دووەم دەستی پێکرد و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لەسەریەک بەردەوام بوو، کە تۆپخانەی قورس و موشەک و هێرشی زەمینی لەخۆگرتبوو، هەروەها نەخۆشخانەی خالد فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسود کرایە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ١١ کەس گیانیان لەدەست داوە کە منداڵ و ژنیشیان تێدابووە و زیاتر لە ٧٠ هاوڵاتی مەدەنیش برینداربوون.

 

دوابەدوای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و حکومەتی کاتی سووریا، بە نێوەندگیری نێودەوڵەتی، سەدان دانیشتووی شاری دێرحافر بە گەرمی پێشوازییان لە کوژراو و بریندارەکان کرد، لە دیمەنێکدا کە ڕەنگدانەوەی ڕادەی هاودەنگی جەماوەری لەگەڵ دانیشتووانی گەڕەکە گەمارۆدراوەکانی شاری حەلەب بوو، دامەزراوە تەندروستییەکان و مانگی سووری کوردی دەستیان کرد بە دابینکردنی فریاگوزاری سەرەتایی و چارەسەری پێویست بۆ بریندارەکان.