پێنی کورد: واز لە پشتیوانیکردنی دەسەڵاتی ئێران بهێنن

ناوەندی پێنی کورد ڕایگەیاند، کە ڕژێمی ئێران بە نزیکبوونەوە لە ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی سەدان کەس لە سەردەمی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر پەخشان عەزیزیدا سەپاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی پێنی کورد لە بارەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "جگه له پەخشان عەزیزی و شەریفه محەمەدی، چالاکی مافی کرێکاری، کە هەفتەی ڕابردوو سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، وریشه مورادی، چالاکی سیاسیی و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەترسیی لە سێدارەدانی لەسەرە".

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پێنی کورد؛

لەگەڵ نزیکبوونەوەی سێیەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و کوشتنی سەدان کەس لە سەردەمی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، ئەم ڕژێمە سزای لەسێدارەدانی بەسەر پەخشان عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتیی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی مافی ژنان سەپاند.

 

تەڤگەری "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا لە کوردستان بۆ سڕینەوەی سنوورە دەستکردەکان، داکۆکییکردن لە مافەکانی ژنان، پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و پاراستنی فرەچەشنییەکان، ژینگە، ئازادیی و دیموکراسیی هاتووەتە کایەوە و گەشەی سەندووە، بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئێرانیشدا تەشەنەی سەند، هەربۆیە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کە سروشتێکی تەواو پێچەوانەی ئەم بزووتنەوەیەیە، بە شێوەیەکی بەرفراوان کەوتە سەرکوتکردنی خەڵک و بە شێوەیەکی بەرفراوان شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە سەربازگە کرد.


لە کاتێکدا ئازادیی ژنان یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی ئەم بزووتنەوەیە، نەک هەر ئەم دەسەڵاتە گرنگی بە داخوازییەکانی خەڵک نەدا، بەڵکو دەستی بە کوشتاری بەرفراوان کرد، بەردەوام بوو لە سیاسەتەکانی دژە ژن، لە دەرەنجامدا ئێستا سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنانی چالاکدا دەسەپێنێت.

 

لە سەرەتای ئەم بزووتنەوەیەوە تا ئێستا دوو ژن سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و ژنێکی دیکەش مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە.


جگه له پەخشان عەزیزی و شەریفه محەمەدی، چالاکی مافی کرێکاری، کە هەفتەی رابردوو سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و وریشه مورادی، چالاکی سیاسیی و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش مەترسیی لە سێدارەدانی لەسەرە.

 

پەخشان عەزیزی یەکەم جار لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩ بە تۆمەتی بەشدارییکردنی لە گردبوونەوەیەک لە دژی لە سێدارەدانی سیاسیی لە کوردستان دەستبەسەر کرا و ٤ مانگ لە زیندان ڕاگیرا، جاری دووەم له ٤ی ئابی ٢٠٢٣ جارێکی دیکە دەستبەسەر کرا، ئەمجارەیان سزای لەسێداره‌دانی بەسەردا سەپێندرا.

 

لای هەمووان ڕوونە، کە سەرکوت و گوشاری ئەم ڕژێمە لەسەر گەلی کورد بە بەراورد بە گەلانی دیکەی ئێران زیاترە و چەندین ساڵە بەردەوامە.


ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی هەژموونی ٤٥ ساڵەیدا بەردەوام ژنان، نووسەرانی ڕەخنەگر، چالاکوانانی ژینگەپارێز، چالاکوانانی سیاسیی، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی مافی گەلانی ئەم جوگرافیایە سەرکوت دەکات و لەم چەند ساڵەی دواییش گوشاری زۆرتری خستووەتە سەر ژنان.


ناوەندی پێنی کورد بە شەرمەزارکردنی لەسێدارەدان و تاوانە قێزەونەکانی دیکەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خوازیاری ئازادکردنی پەخشان عەزیزی و زیندانیان و تێکۆشەرانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دیکەیە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات لە بەرامبەر تاوانەکانی ئەم ڕژێمە بێدەنگ نەبن و داوا لە حکومەتەکانیان بکەن، کە واز لە پشتیوانیکردنی دەسەڵاتی ئێران بهێنن.