ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە پێشێل دەکرێت

لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەڕاستی غەززە سێ کەس کوژران کە یەکێکیان منداڵێک بوو، بەمەش ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە پێشێل دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە فراوانکردنی جێگیربوونیان لە چوارچێوەی بەناو "هێڵی زەرد"، هەنگاوێک کە پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتنی ئاگربەست پێکدەهێنێت و مەترسی ئاوارەبوون زیاد دەکات و دۆخی مرۆیی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی کەرتی غەززە خراپتر دەکات.

 

لە بەرەبەیانی ٢٩ی حوزەیرانەوە، کەرتی غەززە شایەتی پەرەسەندنی بەرچاوی توندوتیژییەکان بووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە ئامانج و کۆبوونەوەی خەڵکی مەدەنی لە شەقامی بەراکە لە نزیک پردی وادی سەلقا لە دێر بەلاح کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ فەڵەستینی کوژران کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵانە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

 

ئەم بەئامانجگرتنە لە کاتێکدا، بوو کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی هێزەکانی ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە، سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە هێزەکانی ئیسرائیل لانیکەم چوار ئۆپەراسیۆنی ڕووخاندنیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی خان یونس ئەنجامداوە، هاوکات لەگەڵ تەقەی توندی ئۆتۆمبێلەکانی جێگیر لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە، جگە لە تۆپباران کە ناوچەکانی نزیک کامپی پەنابەرانی نەسیرت و بوریج کردە ئامانج، دەوروبەری پردی وادی غەززە.

 

لە باکووری کەرتی غەززە، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلدا کە کۆبوونەوەی خەڵکی مەدەنی لە ناوچەی سەلاتین لە ڕۆژئاوای بەیت لاهیا کردە ئامانج، دوو فەڵەستینی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، هەروەها کوڕێکی تەمەن هەشت ساڵ لەکاتی ناوچەی قەساسیب لە جبالیا تەقە لە سەری کراوە.

 

ناوچە بەرفراوانەکانی خان یونس کەوتوونەتە بەر تۆپبارانی تۆپخانە و دەوروبەری بازنەی بەنی سوهەیلە و ناوەندی شارەکە کراوەتە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئالین فرای تەمەن ١٣ ساڵ، سەرەڕای ئەوەش، لە هێرشێکی ئاسمانی دیکەدا کە ناوچەی تەبریا لە خان یونس کردبووە ئامانج، هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژرا.

 

هاوکات لەگەڵ بۆردوومانەکەدا، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون لە فراوانکردنی جێگیربوونیان لەناو ناوچەی بەناو "هێڵی زەرد"، ناوچەیەکی ئەمنی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناو کەرتی غەززەدا سەپێنراوە، کە فەڵەستینییەکان لێی نزیکبوونەوەیان لێ قەدەغەکراوە.

 

بەپێی وتەی شایەتحاڵان، ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئەو بلۆکە کۆنکرێتییانەی کە هێڵەکەیان دیاری کردووە بە نزیکەی ١٥٠ مەتر لە دەوروبەری کۆمپانیای کارەبا لە کامپی پەنابەرانی نەسیرات بەرەو ڕۆژئاوا گواستووەتەوە، ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل، ئەمەش پێشێلکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستە.

 

سەرچاوە خۆجێییەکان پشتڕاستیان کردەوە، کە فراوانکردنەکە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دیر بەلاح، گوندی مەسدار، کامپی پەنابەرانی مەغازی، وادی غەززە، ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە، گەڕەکی تفاح، کامپی پەنابەرانی جبالیا و ناوچەی عەتاترە لە باکووری ڕۆژئاوای بەیت لاهیا لەخۆ گرتووە، تانکەکان لە نێوان تەقەی بێ جیاوازی و چالاکییە قورسەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە سەدان مەتر پێشڕەوییان کرد.

 

دەوترێت بولدۆزەرەکان دەستیان کردووە بە ڕووخاندنی چادر و داروپەردووی ماڵەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان، لە هەمان کاتدا بلۆکی کۆنکرێتی زەردی نوێیان پاڵناوە بۆ ناوچە نیشتەجێبوونەکان، ئەمەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی شوێنی بەردەست بۆ فەڵەستینییەکان و مەترسی ئاوارەبوونیان زیاتر کردووە، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست کە کامپی پەنابەرانی مەغازی و بورەیج و ڕۆژهەڵاتی دیر بەلاح لەخۆدەگرێت.

 

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی غەززە، ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای ئاگربەستەوە بۆ ١٠٤١ کەس بەرزبووەتەوە و سێ هەزار و ٣٧٢ کەسیش بریندارن، کۆی ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینی لە دوای دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی ٢٠٢٣، ٧٣ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ١٧٣ هەزار بریندار و وێرانکارییەکی بەرفراوان کاریگەری لەسەر ٩٠٪ی ژێرخانی مەدەنی لە کەرتی غەززە هەبووە.