"ڕێکخستن و یەکڕیزی باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەرێکی ڕاستەقینە و هەمەلایەنە"

ژنانی پێکهاتە جیاجیاکانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر پێویستی یەکخستنی خاکی سووریا کۆک بوون، جەختیان لەسەر گرنگی کۆنفرانسی "پێکەوە بۆ فرەچەشنی و بەهێزکردنی یەکێتیمان و هاوبەشی بۆ بونیادنانی داهاتومان" کردەوە کە لە حەسەکە بەڕێوەچوو.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ-ڕۆژی ٨ی ئاب، هاوڵاتیانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ کۆنفرانسی پێکهاتەکان کۆبوونەوە کە بە دروشمی "پێکەوە بۆ فرەچەشنی و بەهێزکردنی یەکێتیمان و هاوبەشی بۆ بونیادنانی داهاتومان" لە شاری حەسەکە بەڕێوەچو، لە کۆنفرانسەکەدا ٤٠٠ کەسایەتی کە نوێنەرایەتی پێکهاتە هەمەچەشنەکانی ناوچەکەیان کردبوو، لەوانە پارتە سیاسییەکان، دامەزراوە مەدەنیەکان، کارگێڕیەکان، سەربازیەکان، و ئاسایشییەکان، هەروەها نوێنەرانی پێکهاتە و ئایینزا و پێکهاتە نەتەوەی و ئایینیەکانی ناوچەکە بوون، ئامانج لێی چەسپاندنی فرەچەشنی نەتەوەی و ئایینی و کولتووری بوو لە پێکهاتە سیاسیەکان و پەسەندکردنی دەستوورێکی دیموکراتی کە مسۆگەری حوکمڕانی دیموکراتیک و بەشداری کاریگەرانەی هەموو پێکهاتەکان بکات.

 

کۆنفرانسەکە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەچوو، بەڵام کەوتە بەر قسەی ڕق و کینە و هەڵمەتی فیتنە و شێواندن، بۆ تیشک خستنە سەر بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان لە کۆنفرانسەکەدا و ئەو ڕاسپاردانەی کە سەریهەڵدا، ئاژانسەکەمان لەگەڵ ژنانی کۆمەڵگە عەرەبی، سریانی و ئەرمەنیەکان کۆبووەوە.

 

"ڕێکخستن و یەکێتی نەتەوەیی"

خاتون عیسا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شاری حەسەکە، ئەندامی کۆمەڵگەی سریانی، وتی: کۆمەڵگەی سریانی یەکێکە لە گەلە ڕەسەنەکانی ناوچەکە نەک دەستدرێژکار، ئامادەبوونی لە کۆنفرانسەکەدا گرنگ بوو، بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستای سووریادا، بوونی هەموو پێکهاتەکان هێز و کاریگەری مۆزایک دەبەخشێت کە گوزارشت لە یەکڕیزی دەکات، کۆنفرانسەکە یەکگرتووییەکی گەورەی لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا بەبێ جیاوازی نیشاندا.

 

جەختی لە پێویستی بەپەلەی داڕشتنی دەستوورێک کردەوە کە مافی هەمووان مسۆگەر بکات، وتی: ئامادەبوونی ژنان لە هەموو ڕویەکەوە لە سەرەتای شۆڕشەوە زۆر گرنگ بوو، چونکە ئەوان هێزی خۆیان نیشان دا، بەشدارییان لە کۆنفرانس و هەڵمەتەکاندا کرد و توانیان بەهای خۆیان لە پرسەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەدا بسەلمێنن، ژنان لەم قۆناغەدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن، و بەبێ ئەوانیش ناتوانین هیچ شتێک بەدەستبهێنین، چونکە دۆزی کۆمەڵگە بەستراوەتەوە بە دۆزی ژنانەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، تاکە ڕێگە بۆ بەرەوپێشبردنی سووریا بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە بەهێزکردنی یەکگرتوی و یەکێتی نیشتمانیدایە، چونکە هێز لە یەکێتیەوە سەرچاوە دەگرێت، ئاماژەی بە دەرەنجامە هەرە دیارەکانی کۆنفرانسەکە کرد، کە بانگەوازی ڕێکخستنی کۆنفرانسێک بوو کە هەموو سوورییەکان لەخۆ بگرێت، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا، بە ئامانجی دامەزراندنی نەتەوەیەکی دیموکراتی و فرەیی و دیموکراتیک.

 

دوپاتی کردەوە، کە ئێمە ڕێکخستن وەک هێز دەبینین، بەبێ ئەویش هیچ دادپەروەری و مافێک بۆ هیچ پێکهاتەیەک یان تاکێکی کۆمەڵگە نامێنێت، لە ڕێگەی ڕێکخراوەکەمانەوە هێزێکی نەشکێنمان بۆ خۆمان دامەزراندوە و لەو توێکڵە دەرچوین کە هەزاران ساڵە کۆمەڵگەمان تێدا قەتیس کردوە، هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی ڕێکخستن و یەکڕیزییەوە بەدەست هاتون.

 

"گفتوگۆی سووریا - سووریا ڕێگایەکە بۆ داهاتوویەکی هاوبەش"

وەسایف دەندەح، جێگر لە کۆمیسیۆنی ژنان لە پێکهاتەی عەرەبیەوە، وتی: شۆڕش وەک خاڵی دەستپێک بۆ یەکخستنی پێکهاتەکانی هەرێم دەستیپێکرد، بناغەی پێکهێنانی خۆبەڕێوبەری بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان بوو، ئەم یەکگرتنەش بەشداری لە سەرکەوتنی پڕۆژەکە کرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک نوێنەرایەتیەکی دادپەروەرانەی پێکهاتەکان هەبێت، لەگەڵ توانای دەربڕینی بۆچوون و گفتوگۆ، ئەمە بەڵگەیەکی ڕونە کە پڕۆژەی نەتەوەیەکی دیموکراتی و خۆبەڕیوبەری پڕۆژەیەکی دادپەروەرانەیە و مامەڵەیەکی دادپەروەرانە لەگەڵ هەمووان دەکات و مافەکانیان پێدەبەخشێت، ئەمەش وایکردوە ببێتە پڕۆژەیەکی کاریگەر و بەرجەستە لەسەر زەوی.

 

ڕونیشیکردەوە، کە کۆنفرانسەکە گرنگیەکی بەرفراوانی وەرگرت هەم لە ناوخۆی سووریا و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی کۆکردنەوەی پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا لە یەک شوێن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هەستیارەکان لەم قۆناغە گرنگەدا، گفتوگۆکان دەریانخست کە گفتوگۆی سووریا - سووریا پایەیەکی بنەڕەتی پێکدەهێنێت بۆ بونیادنانی نەتەوەیەک کە هەموو گەلەکەی لە باوەش بگرێت، دادپەروەری تێیدا زاڵ بێت، و مسۆگەری ئازادی ڕادەربڕین بۆ کلتوور و زمانە جۆراوجۆرەکان بکات، هەروەها پەیامێکی بەهێزی نارد کە یەکگرتوی پێکهاتەکان و گرنگی ئامادەبوونیان لە داڕشتنی داهاتوی سووریا دوپاتکردەوە و سەلماندی کە دەنگیان لەم قۆناغەدا ناووەکیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەستێوەردانەکانی دەرەکی تەنها یارمەتیدەرە بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، و نابێت بڕیارەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی سووریاوە بسەپێنرێت، بەڵکو دەوری وڵاتانی دیکە سنووردار بکرێن لە پێشکەش کردنی پشتیوانی و هاوکاری لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سووریا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، داوای کۆبوونەوەی هەمەلایەنەی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریای کرد لە دیمەشقی پایتەخت و کۆنفرانسێکی هاوشێوەی ئەوانەی پێشو، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە بە ڕۆشنایی ئەو دۆخەی ئێستا وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، جەختی لەوە کردەوە، کە گوێگرتن لە دەنگی هەمووان باشترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕاستەقینە و گشتگیر.

 

"یەکێتی نێوان پێکهاتەکان مافی هەمووان لە سووریادا مسۆگەر دەکات"

هەروەها پێکهاتەی ئەرمەنیش بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا کرد، گوهار خەجادوریان، ئەندامی پارتی یەکێتی ئەرمەنستان باسی لە پرۆژەی نەتەوەی دیموکرات کرد، ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک پێکهاتەیەکی ئەرمەنی لە دامەزراندنیەوە لەگەڵ خۆبەڕێوبەری کارمان کردوە، پابەندین بە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و پێکەوەژیان، توانیمان خۆمان ڕێکبخەین و ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی ئەرمەنستان دابمەزرێنین بۆ پاڵپشتی و بەهێزکردنی یەکتر، ئەمەش دوای ئەوە هات کە یەکێتی ژنانی ئەرمەنستان دامەزرا، بۆ پەرەپێدان و پەروەردەکردنیان، بوژاندنەوەی ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا، و دوبارە بەهێزکردنەوەی کلتووری ئەرمەنییەکان.

 

ڕونیشیکردەوە، ئێمە شانبەشانی هەموو پێکهاتەکان لە بۆنە جیاوازەکاندا بەشداریمان کرد، بەدرێژایی ساڵان فێری کلتوور و بیرۆکەی یەکتر بووین، کە ئەمەش یەکگرتوی ئێمەی تا ئەمڕۆ بەهێزتر کردوە، پێکهاتەی ئەرمەنی ڕۆڵێکی چالاکانەی لە کۆنفرانسی پێکهاتەکاندا بینی، کە یەکێکە بوو لە ڕوداوە دیارەکان، پێویست بوو لە ڕۆشنایی بارودۆخی ئێستای سووریادا ڕێکبخرێت، بەهۆی کاریگەریە بەرفراوانەکەی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی سووریا.

 

ڕوونیشیکردەوە، هەموو پێکهاتەکان بۆچونەکانی خۆیان دەربڕی و بیرۆکەیان پێشکەش کرد بۆ کۆتاییهێنان بە کۆنفرانسەکە بە ڕاگەیاندراوێکی کۆتایی پوختەکردنی کە سەرجەم داواکاریەکانی پێکهاتەکان لە ناوچەکەدا بە یەکڕیزی سووریا و مافی هەموو پێکهاتەکان بە گشتی بێت، ژنانی ئەرمەنستان داوایان کرد کە پێویستە کارێکی فراوانتر و چڕتر بکرێت بۆ یەکخستنی ژنان و بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بۆ ئەوەی هەموو سووریا بگرێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تۆمەتانەی دوای کۆنفرانسەکە سەریان هەڵدا لەسەر بنەمای ڕاستی نەبوون، کۆبوونەوەی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا مەترسی بۆ سەر سووریا و گەلەکەی دروست ناکات، بە پێچەوانەی لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع "جولانی"، کە بانگەشەی ئەوەی کردبوو کۆنفرانسەکە نوێنەرایەتی هەموو سووریاییەکان ناکات و مافی پێکهاتەکانیش مسۆگەر ناکات.

 

گوهار خەجادوریان ڕونیشیکردەوە، لە کاتی بەراوردکردنی ڕاگەیاندراوی کۆتای کۆنفرانسەکە لەگەڵ بڕگەکانی ڕێکەوتنی ١٠ی ئادار، ئەوە ڕون دەبێتەوە کە هیچ دژایەتیەک یان جیاوازیەک لە دیدگاکاندا نییە، بەو پێیەی هەموویان لەسەر یەکگرتوی خاکی سووریا و گەڕانەوەی ئاوارەکان و مسۆگەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان کۆکن، بە ئاماژەدان بەوەی کە لە دوای کۆنفرانسەکە وروژێنرا هیچ نەبوو جگە لە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەزمونی بەڕێوبەرایەتی داهاتو و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک.