ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: توندوتیژی دژی ژنان لە بەرزترین ئاستدایە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی"WHO" لە راپۆرتێکی نوێیدا ئاشکرای کردووە کە توندوتیژی دژی ژنان لە هەموو جیهان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی مێژوویی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی"WHO" ڕاپۆرتێکی نوێی دەربارەی ئاستی توندوتیژی دژی ژنان بڵاوکردەوە کە کۆمەڵێک ئاماری بەرفراوان لە خۆ دەگرێت، دەریدەخات سەرەڕای هەوڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ماوەی ٢٠ساڵی ڕابردوودا، بەجۆرێک پەرەسەندنەکان ڕاوەستاون.

 

٨٠٠ ملیۆن ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، یەک لەسەر سێی ژنانی جیهان، یانێ ٨٤٠ ملیۆن ژن لە ماوەی ژیانیاندا تووشی توندوتیژی جەستەیی یان دەستدرێژی بوونەتەوە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕێژەیە لە هەموو جیهاندا بە نیسبەت وەکوو یەکە، بەبێ جیاوازی.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکە بۆ یەکەمجار لەمساڵدا ئاماری بەرفراوانی لەبارەی توندوتیژی ڕەگەزییەوە کە لەلایەن کەسانێک جیا لە هاوسەرانەوە ئەنجامدراوە ئاشکرا کردووە. بەگوێرەی ئامارەکان ٢٦٣ملیۆن ژن لە تەمەنی ١٥ساڵییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی و دەستدرێژی بوونەتەوە. هەروەها لە لایەکی دیکەوە لە ١٢مانگی ڕابردوودا ٣١٦ ملیۆن ژن بوونەتە ئامانجی توندوتیژیی هاوسەر یان هاوبەشەکانیان.

 

تەنها لە ماوەی ٢٠ساڵدا، ٢٪ کەمی کردووە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە توندوتیژی دژی ژنان تەنها لە ماوەی ٢٠ ساڵدا ٢٪ کەمی کردووە. بەڕێوەبەری گشتی WHO دکتۆر تێدرۆس ئەدهانۆم، توندوتیژی دژی ژنان بە "یەکێک لە کۆنترین نادادپەروەرییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی" و "قەیرانی قووڵی کۆمەڵایەتی" پێناسە دەکات.

 

زۆرترین مەترسیەکان لەسەر ژنانی گەنجە

لە ڕاپۆرتەکەدا دەردەکەوێت کە ژنانی گەنج کە تەمەنیان لە نێوان ١٥بۆ ٢٤دایە مەترسی زیاتریان لەسەرە. ڕێکخراوی WHO ئاماژە بەوەش دەکات کە توندوتیژی کاریگەرییەکی جددی لەسەر گەورەبوونی ژنانی گەنج و گەشەکردنیان هەیە.