ڕێکخراوی سی پی تی چیرۆکی لەدایکبوونی دەنیزێکی تر دەگێڕێتەوە

ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی چیرۆکی ڕەنگین محەمەد خەڵکی حەلەب دەگێڕێتەوە کە لەکاتی چڕبوونەوەی هێرشی چەتەکانی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە حەلەب لەکاتی هەوڵدان بۆ دەرچوون لە شارەکە سەرەڕای دووگیانبوونی بریندار دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لقی کوردستانی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی کە ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووداوەکان بەڵگە دەکات چیرۆکی ڕەنگین محەمەدی تەمەن ٣٤ ساڵ دەگێڕێتەوەو لە پەیجی فەرمی فەیسبوکی خۆی نووسیویەتی: ڕەنگین محەمەد، تەمەنی ٣٤ ساڵە و خەڵکی باژێری حەلەبە، لەکاتی چڕبوونەوەی هێرشی چەکدارانی حکومەتی نوێی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە حەلەب، ڕەنگین دوو گیانە و کاتی منداڵبوونەکەیەتی، بەڵام زۆری هێرشەکان و بەردەوامی شەڕ، ڕێگردەبن لەوەی کە ڕەنگین بچێت بۆ نەخۆشخانە و منداڵەکەی ببێت، لە کاتژمێر ٦:١٥ خولەکی ئێوارەی ١٣ی کانوونی دووەمدا، دەنگی فڕۆکەی بێفرۆکەوان لە نزیک ماڵەکەی ڕەنگین دێت و شەڕ و پێکدادان، دەگاتە کۆڵانەکەی ئەوان. ڕەنگین لەتاو گیانی خۆی و سێ منداڵەکەی و منداڵەکەی ناو سکی ڕادەکاتە دەرەوە. کاتێک دەگاتە سەر شەقام، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی شەقامەکە دەکات. پارچەیەکی بۆردوومانەکە بەر سکی ڕەنگین دەکەوێت، سکی دەبڕێت و بە سەختی برینداری دەکات.

 

دەنیز لە ئاوارەییدا لەدایکبوو

ئاماژە بەوەشکراوە، هاواری منداڵەکان و خوێنی ڕەنگین تێکەڵ دەبن، ڕەنگین، بە گاگۆڵکێ و هەندێک جاریش خۆ نوشتاندنەوە لەگەڵ سێ منداڵەکەی، خۆی دەگەیەنێتە نەخۆشخانەی "خالید فەجر" لە حەلەب، پزیشکەکان پێی دەڵێن کە ناتوانن چارەسەری پزیشکی پێویستی بۆ بکەن چونکە مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەکەی ناو سکی دروستدەکات، ڕەنگین، کە هاوژینەکەشی لە شوێنێکی تری شارەکە برینداربووە و پارچە لە ڕانی دایە، بەهۆی مەترسی لەسەر حەلەب، بەرەو قامیشلۆ کۆچدەکەن و ئاوارە دەبن، پاش چەند کاتژمێرێک لە گەیشتنیان، منداڵەکەی ناو سکی ڕەنگین لە دایک دەبێت و لە ئاوارەییدا دێتە ژیانەوە، لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵەکە، پارچەی تەقینەوەی بۆمبەکە، لە سکی ڕەنگین بەبێ نەشتەرگەری دێتە دەرەوە، منداڵی لە دایکبوو کچە. ڕەنگین و هاوژینەکەی، بۆ بەرزڕاگرتنی تێکۆشانی ژنە شەڕڤانێکی گەڕەکەکەیان، گەڕەکی شێخ مەقسود بە ناوی "دەنیز" کە لەلایەن چەکدارانی دەوڵەتی سووریاوە لە ١٠ی کانوونی دووەمدا کوژرا و لەسەر باڵەخانەیەک فڕێدرایە خوارەوە، ناوی کیژۆڵەکەیان دەنێن "دەنیز".

 

ڕێکخراوەکە ئەوەشیخستەڕوو لە ئێستادا، ڕەنگین و منداڵەکانی "دەنیز، جەنگیز و مریەم" و هاوژینەکەی "ڕەفعەت عەزیز" لە ژوورێکی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان لە قامیشلۆ پەنادراون. بارودۆخی تەندروستیان باش نیە و سەرباری پێویستی چارەسەری پزیشکی، پێویستیان بە خۆراک و جێگەی خەو و هۆکارەکانی گەرمکردنەوە هەیە.

 

ڕەنگین بە نوێنەری ڕێکخراوی CPT وتووە: ئێمە لە قامیشلۆش هەست بە سەلامەتی ناکەین. ترسمان هەیە میلیشیاکانی حکومەتی نوێی سوریا بگەنە ئێرەش و کۆمەڵکوژیمان بکەین. هەموو ئەوەی کە بەسەرمان دێت، بە هۆی کوردبوونمانەوەیە، نەک لەبەر ئەوەی تاوانێکمان کردبێت.