ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان: ساڵانە ٥٠ ژن لە باشووری کوردستان دەکوژرێن

ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان ڕایگەیاند، لە کۆمەڵگەی کوردستان هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و بێڕێزی کردن بە ژن لە ئاستی کۆمەڵگەدا بەڕێوەدەچێت، ساڵانە ٥٠ ژن لە باشووری کوردستان دەکوژرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان دژی کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە کۆمەڵگەی کوردستان هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و بێڕێزی کردن بەکەسایەتی مرۆڤی ژن بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە ئاستی کۆمەڵگەدا بەڕێوەدەچێت، لەڕووی کۆمەڵایەتی، یاساییەوە و میدیاییەوە “فرەژنی” وەک کاڵایەک ڕۆژانە گوێبیستی دەبین.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، گێچەڵی سێکسی و هاندانی توندووتیژی لە مینبەرە فەرمییەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەک ژەهر دەڕێژرێت و هاندان بۆ بەکەم دانانی ژن دەکرێت، برەودان بە کلتووری پیاوسالاری، ئایینی و نامووسپەرستی و جیاکاری لەلایەن دەسەڵاتەوە، وایکردووە ببنە هۆکاری بەردەوامی  کوشتنی بە لێشاوی ژنان.

 

باس لەوەشکراوە، دیاردەی ژنکوژی بووەتە قێزەونترین پرسی ئەم کۆمەڵگەیە و مۆری ڕەشی لە نیوچاوانی دەسەڵات و سیستمی پیاوسالاری داوە، بەپێی ئامارە فەرمیەکانی دامودەزگاکانی حکومەت ساڵانە ٥٠ ژن دەکوژرێن، هەندێک لە کوشتنەکانی ژنان دەشاردرێتەوە و دەکرێنە ڕووداو و خۆکوشتن، هەروەها لە خۆسووتاندنی ژنان و سووتاندنی ژنان دەچیتەوە ناو چوار چێوەی کوشتن بەناوی شەرەف.

 

ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە ژنان و پیاوان دەکات پیکەوە خەبات بکەن و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بگەڕێننەوە بۆ تەواوی کۆمەڵگە.