ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە هەولێر گردبوونەوە

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ناوەو و دەرەوەی هەرێم بەردەوامە و داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین فشار بخەنە سەر وڵاتانی دراوسێی عێراق بۆ دوورخستن

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە شاری هەولێر دەربارەی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گردبوونەوە و لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

 

هۆزان قادر، سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند، بەمەبەست ئەم کۆنگرەیەمان هێناوەتە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، تا هەڵوێستی لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا و بەتایبەتی دەربارەی دۆخی ڕۆژنامەنووسان هەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ناوە و دەرەوەی هەرێم بەردەوامە، بەتوندی سەرکۆنەی ڕووداوەکەی دوێنێ کە دوو رۆژنامەنووسی ژن تیرۆر کران دەکەین، داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین فشار بخەنە سەر وڵاتانی دراوسێی عێراق بۆ دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو کەسانەی دەستیان لە هەڵگیرساندنی شەڕ نیە و بەشدار نین تێیدا و مەدەنین.

 

باسی لەوەشکرد، بەهۆی شەهیدبوونی هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینەوە، لێرە بە پێویستی دەزانین داوا لە تورکیا بکەین هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ڕابگرێت و ئێمەی ڕۆژنامەنووس تێکەڵی ململانێکانی نەکات، بەداخەوە لەم نێوەندا هەڵوێستی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم زۆر لاوازە و ناتوانن سەروەری خاکەکەمان بپارێزن، لە کاتێکدا ڕۆژانە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بۆردوومان گوند و ناوچەکانی کوردستان دەکرێت و خەڵکی بێتاوان دەکرێنە ئامانج.

 

هۆزان قادر دووپاتیشی کردەوە، شەهیدکردنی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە پاساو هەڵنەگرە و دژی هەموو ڕێسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە.