ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لەبارەی زیندانییانی قەرچەک بانگەوازێکی ڕاگەیاند

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، داوای لێکۆڵینەوەی لە هۆکاری گیان لە دەستدانی زیندانییانی سیاسی قەرچەک کردو ڕایگەیاند، دەبێت بۆ زیندانییانی زیندانی قەرچەک ڕێوشوێن بگیرێتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران سەبارەت بە سومەیە ڕەشیدی و جەمیلە عەزیزی کە لە کاتی زیندانیکردنیان لە زیندانی قەرچەک کێشە تەندروستییەکانیان چارەسەر نەکراوە و لە نەخۆشخانەی ورامین موفاتەح گیانیان لەدەستدا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، دوو زیندانییەکە بەهۆی کەمتەرخەمییەوە گیانیان لەدەستداوە، هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی ئەو دوو زیندانییە، بە تایبەت سومەیە ڕەشیدی بۆ نەخۆشخانە دوای ئەوەی دۆخی تەندروستی خراپتر بووە و کەوتووەتە کۆماوە، سەرکەوتوو نەبووە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، دەبێت دەستبەجێ کۆمیتەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکانی گیان لە دەستدانی ئەو دوو زیندانییە بکات، دەبێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئیدی لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بێدەنگ نەبێت.

 

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران جارێکی دیکە بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و هەمووکەسێکی خاوەن ویژدانکرد بۆ زیندانیانی زیندانی قەرچەک ڕێ و شوێن بگرنەبەر.