ڕێکخراوی مافی مرۆڤی دیدەبان : لە مانگێکدا ٢٦ ژن لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی دیدەبان ڕایگەیاند، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٦ ژن لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بەهۆی توندوتیژییەوە کوژراون.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی دیدەبان تایبەت بە ژنکوژی سەبارەت بە ئامارێکی شۆکهێنەری کوژرانی ژنان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانی کەم ٢٦ ژن لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بەهۆی توندوتیژییەوە کوژراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەناو قوربانییەکاندا، ژنان لەلایەن هاوژینەکان یان هاوسەرانی پێشوو، خوازبێنیکەران، منداڵەکانیان، کەسوکار، هاوکارەکانیان یان بە مەبەستی دزیکردن کوژراون، هەروەها سێ کەسیش کە یەکێکیان ١٦ ساڵانەیە، پاڵیان پێوەنراوە بەرەو خۆکوژی.
باس لەوەشکراوە ١٢ حاڵەت لەم تاوانانەی ژنکوژی لەلایەن هاوسەرانی قوربانییەکانەوە ئەنجام دراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەڵگەنامەی تاوانی ژنکوژی لەلایەن هاوژینی پێشوو، داواکاری هاوسەرگیری، کوڕ،نەوە، هاوکار و کەسە نزیکەکانی دیکەش تۆمار کراون.
هەروەها لە بەشێک لەم دۆسییانه، هۆکارەکانی وەک، دژایەتیکردنی جیابوونەوە، بابەتی بەناو شەرەف، ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری، دەستەواژەی ناڕاست و بێبایەخکراوی کێشەی خێزانی، یان دزیکردن وەک هۆکاری تاوانەکان دیاری کراون.