ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوان لە تاڵیبان دەکات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی مەنیجە سەدیقی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و هەموو دەستگیرکراوان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای زیاتر لە سێ مانگ لە دەستگیرکردنی مەنیجە سەدیقی، چالاکوانی مافەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نامەیەکی کراوەی بڵاوکردەوە کە بۆ بەڕێوەبەری هەواڵگری تاڵیبان نووسراوە و تیایدا نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە بارودۆخی ئەو چالاکوانە.

 

بە ئاماژە بە ڕەتکردنەوەی دەستگەیشتنی مەنیجە سەدیقی بە پارێزەرێک و خێزانەکەی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نووسیویەتی: مەنیجە سەدیقی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستگیرکراوە تەنها بەهۆی بەکارهێنانی مافی ئازادی ڕادەربڕین و مافی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ئاشتیانەکاندا، زۆر نیگەرانین لەوەی کە مەنیجە سەدیقی لە مەترسی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردنە لەگەڵیدا، کە پشتڕاستکراوەتەوە بەو بەڵگەنامانەی ڕێکخراوەکە بینیویانە لەسەر ئەو کەسانەی لە ناوەندەکانی زیندانەکانی تاڵیبان ئازادکراون.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەو کاتەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، ئەو ژنانەی کە خۆپیشاندانیان دژی سیاسەتی سەرکوتکاری تاڵیبان کردووە، ڕووبەڕووی ونبوون و دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و ئەشکەنجە بوونەتەوە، زۆربەی ئەو چالاکوانانە، وەک مەنیجە سەدیقی هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە.

 

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی دەستبەجێی مەنیجە سەدیقی و کۆتاییهێنان بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و ڕفاندن و پێشێلکارییە جدییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ لە ژنان و خێزانەکانیان کرد.

 

مەنیجە سەدیقی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە کابوڵی پایتەخت بێسەروشوێن بوو، تاڵیبان دواتر ڕایگەیاند کە مەنیجە سەدتقی لە زینداندایە و لە ٥ی کانوونی یەکەم گواسترایەوە بۆ زیندانی بۆڵچەرخی لە ڕۆژهەڵاتی پایتەخت.