ڕێکخراوێکی پزیشکی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سودان لێدەدات

لەگەڵ بەردەوامی شەڕ لە سودان، پزیشکانی بێ سنوور هۆشدارییان داوە لە کاریگەری شەڕەکە لەسەر خەڵک و ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەریان ئەنجام دراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٥ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣وە سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامن لە شەڕ, بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی ١٥ هەزار کوژراو و نزیکەی ١٠ ملیۆن ئاوارە و پەنابەری لێکەوتووەتەوە.

 

ڕاپۆرتێک کە لەلایەن پزیشکانی بێ سنوورەوە ئەمڕۆ ٢٢ی تەمووز، بە ناونیشانی “جەنگی مرۆڤایەتی –باجی مرۆیی ململانێ و توندوتیژی لە سودان” بلاوکرایەوە، بەشێک لەو ئازارانەی ئاشکرا کردووە کە بەهۆی شەڕی سودان هاتوونەتە ئاراوە، لەوانەش کوشتن و توندوتیژی زایەندی.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێزە چەکدارەکانی سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا و لایەنگرانیان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە "توندوتیژییەکی ترسناکیان ئەنجامداوە" بەسەر خەڵکدا، کۆمەڵگە ناوخۆییەکان ڕووبەڕووی توندوتیژیی بێ جیاوازی بوونەتەوە، کوشتن و ئەشکەنجەدان و توندوتیژی زایەندی.

 

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور ڕایگەیاندووە، لە نێوان ١٥ی ئابی ٢٠٢٣تا ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٤ بە گشتی ٦ هەزارو ٧٧٦ برینداریان چارەسەر کردووە، لە یەکێک لەو نەخۆشخانانەی کە پشتگیریان دەکات، نەخۆشخانەی ئەل نوو لە ئۆمدورمان لە ویلایەتی خەرتوم بە تێکڕا ٢٦ کەس لە ڕۆژێکدا، هەزاران نەخۆشی چارەسەری برینەکانی پەیوەست بە ململانێ لە سەرانسەری وڵاتدا کردووە، زۆربەیان برینەکانیان لە ئەنجامی تەقینەوە و تەقە و چەقۆ لێدان بووە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا ڕاپۆرتی دا کە لە ناوچە سەختەکانی گەیشتنیان، ڕێژەی سەدی دامەزراوە تەندروستییەکان کە توانای کارکردنیان هەبوو تەنها گەیشتە ٢٠-٣٠% و تەنانەت ئەو کاتەش تا ڕادەیەکی زۆر سنووردار کاریان دەکرد.

 

هاوکات دەیان کەسی ئاوارە لە قەزارف لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سودان بانگەوازیان کرد بۆ فریاگوزاری بەپەلە و دابینکردنی هاوکاری مرۆیی لەوانە خۆراک و دەرمان و شوێنی حەوانەوە.