ڕێکخراوەکانی ژنان لە بەڕازیل پشتیوانی لە کەمپەینی "ئێمە هەموومان یەپەژەین" دەکەن
ڕێکخراوەکانی ژنان و ناوەندە ئەکادیمییەکان لە وڵاتی بەڕازیل، بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە هێزەکانی یەپەژە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە شێوەیەکی بەرفراوان چوونە پاڵ کەمپەینی "ئێمە هەموومان یەپەژەین".
ناوەندی هەواڵ
لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦وە، ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان کەمپەینێکیان بۆ پشتیوانی کردنی یەپەژە دەستپێکردووە. ئەم بانگەوازە لە کاتێکدایە کە ناسنامەو جەستەی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا ڕووبەڕووی هێرشی توندی سیستمی باوکسالاری و میلیتاریزمی دەوڵەتان بووەتەوە.
تێکۆشانی یەپەژە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٦ دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو و بووە هیوایەک بۆ ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت لە ناوەندی کۆمەڵگە و بەرخۆدانی ڕۆژانەدا بن. لە بەڕازیلیش مێژوویەکی دەوڵەمەندی تێکۆشانی ژنان هەیە؛ لە گەلە ڕەسەنەکانەوە کە دژی داگیرکاری خاکەکەیان دەجەنگن، تاوەکو کۆمەڵگەکانی "کیلومبۆلا" و ئەو ژنانەی لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکاندا دژی مافیاکانی ماددەی هۆشبەر تێدەکۆشن، لەگەڵ مامۆستا و توێژەرە ئەکادیمییەکان کە هەموویان یەپەژە وەک هاوپەیمانی خۆیان دەبینن.
بەڕازیل کە تا ساڵی ١٩٨٥ لەژێر سایەی دیکتاتۆریی سەربازیدا بووە، ئەزموونێکی زۆری لە بەرخۆدانی نهێنی و جەماوەریدا هەیە و ژنان تێیدا ڕۆڵێکی کارایان گێڕاوە. ئێستاش ئەو تێکۆشانە لە ناوچەکانی وەک ماتۆ گرۆسۆ، ئەمازۆن، باهیا و شارە گەورەکانی وەک ساوپاولۆ، ڕیۆ دی جانیرۆ، برازیلیا و پۆرتۆ بەردەوامە.
یەکەم هەنگاوەکانی کەمپەینی پشتیوانی لە یەپەژە لە شاری ساوپاولۆ لەلایەن "فێمینیستە دژە فاشیست و سۆسیالیستەکان (FAS)"، "ڕێکخراوی ژنانی باکووری ڕۆژئاوا" و ناوەندی ئەکادیمی "NUPIEC" "کە ناوەندێکی توێژینەوەیە لەسەر دۆزی کورد" نراون. ئامانجی ئەم کەمپەینە لە بەڕازیل، بەشداریکردنە لەو دەستکەوتانەی ژنانی ڕۆژئاوا بەدەستیان هێناوە، بەو باوەڕەی کە ڕێگای تێکۆشانی ژنان لە بەڕازیل و ڕۆژئاوا یەکە.
ئەندامانی گرووپی "FAS' سەبارەت بە بەشدارییان لە کەمپەینەکەدا ڕایانگەیاند: "تێکۆشانی ژنانی کورد و تێکۆشانی ژنان لە گەڕەکە هەژارەکانی بەڕازیل یەکە. پاراستنی جەستە و خاکمان مافێکی سروشتییە، بۆیە تێکۆشانی یەپەژە، تێکۆشانی ئێمەیە.
هەروەها ئەندامانی ناوەندی "NUPIEC" جەختیان کردەوە: "یەپەژە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە تێکشکاندنی داعشدا هەبوو. ئەوان لە ناوەندی شۆڕشێکدان کە پارێزگاری لە سیستمێکی پەروەردەیی، زمان، دامەزراوە کلتورییەکان و یاساکانی ژنان دەکات. لە کاتێکدا حکوومەتی کاتی سووریا دەیەوێت دەستکەوتەکانی ژنان بۆ دواوە بگەڕێنێتەوە، پێویستە ئێمە پارێزگاری لە ماندووبوونی یەپەژە بکەین.
ئەم قۆناغەی کەمپەینەکە بە چالاکی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری بەڕازیل دەستی پێکردووە و بڕیارە لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا، زنجیرەیەک چالاکی، کۆڕ و دیبەیت لە بەڕازیل و ئەمریکای لاتین لەژێر دروشمی "ئێمە هەموومان یەپەژەین" بەڕێوە بچن.