ڕێکخراوەکان: بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەنفال داوادەکەین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی

ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکان لە بەیاننامەیەکدا داوا دەکەن، تۆمەتبارانی تاوانی ئەنفال بە سزای خۆیان بگەن، سەرۆک کۆمار عێراق بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە داوای لێبووردن بکات و لیستی مووچەی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ناوی ساختە پاکبکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی ڕێکخراوەکانی چیرۆکەکانی ئەنفال، کورداتان بێ جینۆساید، ئایکان، قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە کوردستان، جیهانی بێ چەکی کیمیای و بایەلۆجی) لەگەڵ تۆڕی هاوپەیمانی ڕێکخراوە کوردستانییەکان لەپێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بۆ ٣٣ـیەمین ساڵیادی ئەنفال ئەنجامدا.

 

بەیاننامەکە لەلایەن دیمەن محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید خوێندرایەوە، تێیدا ڕایانگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا ٤٢٣ تۆمەتباری ئەنفال لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە بەڵام تا ئێستا کەسیان دەستگیرنەکراون، لەلایەن بەرپرسانی حزبیەوە دەپارێزرێن و پلەوپۆستیشیان پێبەخشراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیشیان وەک تاوانباری یەکەم لە قەڵەمدا کە ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر تاوانی ئەنفال بەجێنەهێناوە، خواستی کەسوکاری ئەنفالکراوان جێبەجێ ناکات و گوێ لە خواستەکانیان ناگرێت.

 

داواشیانکرد، ئەو کەسانەی تۆمەتبارن لە دۆسیەی ئەنفالدا بدرێنە دادگا، لیستی ناوی تۆمەتبارەکان بدرێتە پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپوڵ، سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەنفالدا بکرێت و پارتە سیاسیەکان ئەستۆپاکی خۆیان لە بوونی تۆمەتبارانی تاوانی ئەنفال لە ڕیزەکانیاندا ڕابگەیەنن، سەرۆک کۆماری عێراق بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە داوای لێبووردن لە سەرجەم کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات، مووچەی بنەماڵەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدان زیاد بکات و لیستی ناوی مووچەخۆرانیش لە کەسانی بندیوار و تۆمەتبارانی تاوانی ئەنفال پاک بکاتەوە.

 

دواتر لە بەیاننامەی تۆڕی هاوپەیمانی ڕێکخراوە کوردستانییەکان لەپێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا داواکرا، عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و ببێتە یەکێک لە ١٢٤ وڵاتی ئەندام لەو دادگایەدا، تا تاوانی ئەنفال لە جیهاندا بە جینۆساید بناسێندرێت و تاوانی ئەنفال بەرامبەر کوردەکان هیچ کات دووبارە نەبێتەوە.

 

ت.پ