ڕێکخراوە مەدەنییەکان سکاڵای یاسایی دژی تورکیا تۆمار دەکەن

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ١٧ ڕێکخراوی مەدەنیی ڕایانگەیاند کە سکاڵای یاسایی دژی دەوڵەتی تورکیا تۆمار دەکەن و هێرشەکانیش بە جینۆسایدی سروشتی بەناو دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە بارەگای پارتی سەوزی کوردستان لە شاری سلێمانی ١٧ ڕێکخراوی ژینگەیی و مەدەنی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا یاداشتیکیان ئاراستەی ڕای گشتی کرد لەبارەی بڕینەوەی دارەکان و تاڵانکردنی خاکی کوردستان و ئاماژەیان بەوەدا سکاڵای یاسایی دژی دەوڵەتی تورکیا تۆمار دەکەین.

 

یاداشتی ڕێکخراوەکە لەلایەن دانا عەلی، وتەبێژی پارتی سەوزی کوردستان خوێندرایە و باسیان لەوەکرد کە دەوڵەتی تورکیا بە قوڵی ٤٠ کیلۆمەتر خاکی باشوری کوردستانی داگیرکردووە و سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستانی پێشێلکردووە، ژینگەی کوردستان تێکدەدات و هاوڵاتی مەدەنی لە گوندی خۆیان دەردەکات و شەهیدیان دەکات، ئەمانەشیان بە پێچەوانەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لە قەڵەمدا.

لە یاداشتەکەدا ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرا و بە جینۆسایدی سروشتی کوردستان دانرا، هەروەها هاتووە: ساڵێک زیاترە سوپای تورکیا لە ڕێگەی چەند کۆمپانیایەکەوە هەوڵی لەناوبردنی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، بەردەوام دارەکان دەبڕدرێن و ڕەوانەی شارەکانی هەکاری، شرناخ، گەڤەر و وان دەکرێن و لەوێ دەفرۆشرێن.

 

ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان لە کۆنگرەکەدا وتی: پارێزگاری دهۆک دەڵێت ئەو وێنانە کۆنن، بەڵام ئێمە نوێنەرمان ناردووە و بۆمان دەرکەوتووە، تورکیا بۆ کۆمپانیایەک تەنها لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار داری دارستانەکانی بڕیوەتەوە.

 

یاداشتی ١٧ ڕێکخراوی ژینگەیی و مەدەنی و سکاڵاکەیان دژ بە دەوڵەتی تورکیا، ئاڕاستەی کونسوڵی ولاتان، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت.

 

ت.پ