ڕێکخراوە کوردییەکانی ئەمریکا بۆ ڕۆژئاوا بانگەوازییان لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد
١١ ڕێکخراوی کورد کە لە ئەمریکا کاردەکەن و ئەندامی ئەنجومەنی شاری بێلڤیو لە ویلایەتی واشنتۆن نارین بڕیار، داوای وەرگرتنی بەرپرسیارێتییان لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد سەبارە بە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
ناوەندی هەواڵ
بە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش، ١١ ڕێکخراوی کورد لە ئەمریکا و ئەندامی ئەنجومەنی شاری بێلڤیو لە ویلایەتی واشنتۆن نارین بڕیار، داوایان لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد بەرپرسیارێتی خۆی بنوێنێت لەو ڕووداوانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت و بە ئاشکرا ئیدانەی هێرشەکانی حکومەتی سوریا بکەن و فشار بخەنە سەر ئیدارەی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو هێرشانە وا دەکات کورد و گەلانی دیکە بە زۆر ئاوارە ببن و ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مەترسی جینۆساید ببنەوە. ئاماژە بەوە کرا کە هێزەکانی دەوڵەتی سووریا هەزاران دیلی داعشیان ئازاد کردووە و حکومەتی ڕاگوزەری سووریا ڕەتیدەکاتەوە ئاگربەستەکە قبوڵ بکات، هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی دەدات لە ڕێگەی هێرشەکانەوە، هەروەها وڵاتەکە ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی و ئەگەری هەڕەشەی جینۆساید دەبێتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە ئەمریکا سەرەڕای هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "هەسەدە" دژی داعش، دەستوەردانی لەو هێرشانەدا نەکردووە و ئاماژە بەوە کراوە کە دۆخی ڕۆژئاوا هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٤یە.
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا، داوا لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا کرا کە بە ئاشکرا ئیدانەی هێرشەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا بکەن و فشار بخەنە سەر ئیدارەی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان. هەروەها داوا لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا کرا کە هاودەنگی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوا زیاد بکەن و فشار بخەنە سەر کۆنگرێس.
دامودەزگا کوردییەکان و نارێن بڕیار داوایان کرد کە ئەمریکا دەستبەجێ دەستوەردان بکات و هێرشەکان ڕابگرێت، چەتەکانی سەر بە تورکیا بکشێنەوە، دانوستانەکان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ سووریایەکی فیدراڵی دەستپێبکاتەوە کە هەموو مافەکانی گەل مسۆگەر بکات و چاودێرانی نێونەتەوەیش لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بەشداربن.