"ژن تا ئێستا لەلایەن کۆمەڵگەوە بە شەرەف دادەنرێت"
ڕوناهی پێی وایە "ژنان بە هێزی بیرکردنەوە و ئیرادەیان توانیویانە خۆیان بسەلمێنن کە جیاوازی ڕەگەزی ناتوانێت سنووردارکردن بۆ ژنان دروستبکات".
ژوان کەرەمی
سەقز- لە چەند دەیەی ڕابردوودا و بە چوونی خوێندکارانی کچ بۆ ناو زانکۆکان و بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی کۆمەڵگە و بەرەکانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیاکاری و نایەکسانی و بیری ڕەگەزی تا ڕادەیەکی زۆر پووچەڵ کردەوە، ژنان بە هێزی بیرکردنەوە و ئیرادەی خۆیان سەلماندیان کە جیاوازی ڕەگەزی ناتوانێت سنووردارکردن بۆ ژنان دروستبکات.
ژنان دەتوانن نەک هەر خۆیان بەڵکو مێژووی جیهان و پەیوەندییەکان بگێڕنەوە، زۆربەی ئەو شتانەی دەیخوێنینەوە و دەیبیستین و دەیزانین، یان بە واتایەکی تر زۆربەی ئەو شتانەی لەسەر دونیا دەیزانین، دەنگی مرۆڤە، هەروەها زانستی ئێمە زانستی پیاوە، ئەگەر پێمان وایە دەسەڵاتی باڵا هەمیشە گێڕەرەوەی مێژوو بووە، ئەوا دەبێت ژێردەستەکان بۆ یەکسانی و هاوسەنگی هێز سەرلەنوێ خۆیان و جیهان بگێڕنەوە.
پیاوان هەمیشە هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ ژنان قسەیان کردووە، کاتی ئەوە هاتووە ژنان سەکۆ و مینبەر لە پیاوان وەربگرن و دەنگی خۆیان بن، بێگومان ئەگەر ئێمە تەنها لە ڕوانگەی ڕۆشنبیر و بیرمەندی ژنەوە بە گێڕانەوەی جیهانی ژنان ڕازی بین، نەگەیشتوینەتە ئامانجی خۆمان، لەو حاڵەتەدا ئێمە تەنها گێڕانەوەی چینێکی ژنانمان بەدەست هێناوە، لەم پڕۆژەیەدا مەبەستمانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ژنان لە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان قسە بکەین، لەم کۆبوونەوانەدا هەوڵدەدەین پرسیارەکانمان تەنها تا ڕادەی پاڵنەرەکان بهێڵینەوە بۆ کردنەوەی گفتوگۆکان و تا دەتوانین دوور بکەوینەوە لە ڕێنماییکردن و ئاراستەکردنی گێڕانەوەی ژنان.
لە درێژەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ ژنێک بە ناوی ڕوناهی " ناوی خوازراو"، کە ژنێکی خوێندەوارە و لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و چالاکی سیاسی لەدایکبووە، ئەم چالاکییە سیاسییەی دایکان و باوکان بووەتە هۆی ئەوەی خێزانەکان لە چەندین سوود و ئاسانکاریی کە هاووڵاتیانی ئاسایی بۆ ژیان هەیانە بێبەش بکرێن و دۆخێکی سەختی ئابووری بەخۆیانەوە ببینن.
ئایا لەبیرتە چ کاتێک لە منداڵیدا وەک کچێک تێگەیشتیت کە جیاوازیت لە کوڕان؟ ئەم جیاوازییە لەو کاتەدا بۆ تۆ چەندە بەهای هەبوو؟
یەکەم جار ڕەنگە تەمەنم ٦ یان ٧ ساڵ بووبێت، کاتێک دایکم لەگەڵ ژنە دراوسێکەمان قسەی دەکرد دەربڕینێکی کوردی بەکارهێنا کە دەڵێت "کوڕەکەت نەمرێت"، بۆ ساتێک بیرم لەوە کردەوە کە ژنی دراوسێکەمان کچێکیشی هەیە! بۆچی دایکم تەنها کوڕەکەی وت!؟ یان یەکێک لە خزمەکان شەش کچی هەبووە هەرچەندە باری داراییان باش نەبووە و هەمیشە دوعایان بۆ دەکردن کە کوڕێکیان ببێت ان شاءاللە! یان کاتێک دەچووینە مەراسیمێکی پرسە، هەمووان دەیانوت باوک و براکەت تەندروستن! هاوسەر و کوڕەکەت تەندروستن! من پرسیارم دەکرد بۆچی ئەوەندە جەخت لەسەر تەندروستی و مانەوەی پیاوان دەکەنەوە؟
دایک و باوکم خوێندەوار بوون و بە ڕۆشنبیر هەژمار دەکران بە بەراورد لەگەڵ دراوسێ و خزمەکان و هەرگیز ئەو هەستەیان پێ نەدام کە من کوڕ نیم یان بۆ ئەوان گرنگە کە دەبێت لە دوای من کوڕێکیان هەبێت، بەڵام دایکم خۆی بەم ئازارە تێپەڕی بوو، جگە لەوەش ژن هەیە لەکوردستان ناوێکی وایان لێناوە بۆئەوەی بەدوای ئەواندا کوڕێکیان هەبێ و کچیان نەبێت ئیتر! دایکم یەکێک بوو لەو ژنانە.
لە نێو هاوپۆلەکانمدا دەمبینی کە خێزانەکانیان پاسکیل و یاریان بۆ کوڕەکانیان دەکڕی بەڵام وەک پێویست بۆ کچەکانیان نەدەکڕی، لە پۆلی چوارەمدا، چووینە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەک لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری دیواندەرێ، دوو بووک و دوو زاوا هەبوون و تێگەیشتم کە ئەمە دابونەریتێکە و ناوەکەی "ژن بە ژن"ە، لەم دابونەریتەدا، بەو پێیەی دوو کوڕ خوشکی یەکتریان بەدڵ بووە، کچەکان مافی قسەکردنیان نەبووە و هەمان بڕی کڕین و خەرجییان بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری هەردووکیان هەبووە، ئەگەر یەکێکیان لێیدرا، ئەوا ئەویتر دەبوو لێی بدرێتەوە، یان ئەگەر یەکێکیان تەڵاق بدرایە، ئەوی تریشیان تەڵاق دەدا! شەوی زەماوەندەکە لە حەوشەکەیان یاریمان دەکرد، بەڵام بینیمان پیاوەکانیان تفەنگەکانیان دەرهێنا و تەقەیان دەکرد بە ئاسمان، ترسام و لە دایکمم پرسی ئایا شەڕ هەیە؟ وتی نەخێر لەبەر خۆشی! بۆ من ڕەوا نەبوو کە ئەم جۆرە شادییە بە تەقاندنی فیشەک ڕابگەیەنرێت.
دواتر بۆم دەرکەوت کە ئەمە دەربڕینی دڵخۆشی بوو بۆ کوڕی خێزانەکە کە بووە بە زاوا، وە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە بووکەکەش کچ بووە!! من خۆم تا قۆناغی ناوەندی زیاتر قژم کورت بوو، هیچ ڕێگریم نەبوو لە پاسکیلسواری و تۆپی پێ و ئەو یارییانەی کە تایبەت کرابوون بە کوڕان، بەڵام هاوڕێکانم دەبوو لە پۆلی دووەم یان سێیەمەوە سەرپۆش و تەنوورە لەبەر بکەن، مافی پاسکیلسوارییان نەبوو
لە قۆناغی هەرزەکاری و سەرەتای گەنجیدا، قۆناغی هەستکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی چەمکێکی وەک خۆشەویستی، چ جیاکاری و سنووردارکردنێک بۆ ئێوە و کچانی دیکە جێبەجێ کراوە؟
لە دەربڕینی هەستی خۆشەویستی، کوڕان هەڵیانبژارد و کچان هەڵدەبژێردران، جگە لەوەی کە دیوارێکی ڕەگەزی درێژ لە نێوانماندا هەبوو و لە ڕەگەزی نێر دەترساین بەڵام ئەگەر کچێک حەزی لە کوڕێک بووایە، پێویست بوو چاوەڕێی کوڕەکە بکات تا ئارەزووی خۆی نیشان بدات، چەند کچێکم لە دەوروبەرم بینی کە هەرگیز نەیانتوانی خۆشەویستی خۆیان بۆ کوڕە دڵخوازەکەیان بڵێن و بۆ هەمیشە بووە پەشیمانییەک لە دڵیان، بەڵام کوڕەکان ئازادانە هەستەکانیان دەردەبڕی و کچەکانیان هەڵدەبژارد.
لە دۆخێکدا کە زۆرێک لە ژنانی کۆمەڵگەی ئێمە لە ژێر فشاردا هاوسەرگیری دەکەن یان هاوسەرگیریەکەیان هەڵبژاردنە لە نێوان خراپ و خراپتر، ئایا دەتوانرێت وەک هەڵبژاردنێکی ئازاد پێناسە بکرێت؟
بۆ من کە لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و خوێندەوارەوە هاتبووم، هاوسەرگیرییەکەم هەڵبژاردنی خۆم بوو، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەر کە تەمەنی گەیشتە ١٥ ساڵ خوازبێنی دەست پێدەکات، لە هەموو چین و توێژێکەوە و لە هەموو جۆرە کەسێک، تەنانەت ئەو پیاوانەی کە دەزانن لە ئاستی پەروەردە و کەسایەتی و سیمای ئەو کچەدا نین، کۆمەڵگە متمانەی پێبەخشیوون کە پێشنیار و هەڵبژاردن بکەن، دەیانوت کچ وەک درەختی میوەیە، هەرکەسێک بەردێکی بۆ فڕێ دەدات، هەرچەندە لەو تەمەنەدا هەستم بە باشی دەکرد کە خوازبێنیم هەیە، بەڵام بۆم پرسیاربوو بۆچی ناتوانم داوای هاوسەرگیری لە کەس بکەم؟ لە نێو ئەو بابەتانەی کە لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا هەبوون، دەتوانین ئاماژە بە هەندێک شت بکەین، بۆ نموونە ناسینی یەکتری لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە زۆر ڕووکەشی بووە و چیرۆکی سەرەکی بۆ دوای پێکەوە ژیان ماوەتەوە.
بەهەمان شێوە زەلیلکردنی ژنان، وەک پشکنینی کچێنی و دانانی باجێک بۆیان لەڕێگەی مارەیی و ئاڵتون، یاخود لە کاتی ئاهەنگی هاوسەرگیری خێزانی زاوا زیاتر دڵخۆش بوون و خێزانی بووک شەرمیان دەکرد، پاشان بووک دەبوو بچێتە ماڵی زاوا و پیاوەکەش مافی ئەوەی هەبوو بڕیاربدات لە کوێ بژی، بووک و خێزانی بووکەکە دەگریان و کچەکەیان دەسپارد بە بنەماڵەی زاوا!
من مافی هەڵبژاردنم هەبوو لە بڕیاردانم بۆ هاوسەرگیری، بەڵام ناچار بووم هەڵبژاردنێک بکەم کە ناڕەزایەتی باوکم بەدوای خۆیدا نەهێنێت، دەبوو پێوەرەکانی باوکم لەبەرچاو بگرم، چونکە لە بەرامبەر میهرەبانی باوکم ناچار بووم هەموو لایەنەکان سەنگ بکەم بۆ ئەوەی هەڵەیەک ڕوونەدات و جیابوونەوەش بژاردە نەبێت.
سەربەخۆیی دارایی و ئابووری ژن لە هاوسەرەکەی یان باوکی تا چەند دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی ژنان هەبێت؟
سەربەخۆیی دارایی ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە هەڵبژاردنی ڕێبازی ژیانی ژنان، دەتوانین بڵێین ٪٩٠ ژنان لە ژیانی هاوژیانی خۆیاندا تووشی برینداری دەروونی و جەستەیی بوون، یان پێش هاوسەرگیری یان دوای هاوسەرگیری یان لە حاڵەتی جیابوونەوەدا، بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی و بارودۆخی دارایی، یان نەبوونی عەقڵیەتی سەربەخۆ و متمانە بەخۆبوون بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ بژین.
فشارە دابونەریتیەکان، تاوانبارکردنی خێزان، نەبوونی ئاسایشی دارایی و کەسی، زۆرێک لە ژنانی ناچار کردووە بەرگەی ژیانی هاوسەرگیری و هەموو جۆرە توندوتیژی و نایەکسانییەک بگرن.
لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا، لوتکەی بە کاڵاکردنی ژن بە کڕینی زێڕ و جلوبەرگ و مارەیی دەردەکەوێت و بە پێچەوانەی نەبوونی مافی یەکسان لە جیابوونەوە و سەرپەرشتیکردنی منداڵ و هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و درێژەدان بە خوێندن و دامەزراندن و گەشتکردن و جێهێشتنی وڵات ئەمانە بەشێکن لە جیاکارییەکی سەخت، ئەمەش وا دەکات ژنان زیاتر بێزار بن و ببنە ڕەگەزی دووەمی کۆمەڵگە.
شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" وەرچەرخانێکی مێژووییە لە ڕووی بوونی ژنان لە مێژووی کوردستان و ئێران، تا چ ڕادەیەک دەنگی ئەم شۆڕشەت بە دەنگی خۆت دەناسی؟ ئایا ئەم شۆڕشە نوێنەرایەتی خواستەکانی ئێوە دەکات؟
لە چەند دەیەی ڕابردوودا و بە چوونی ژنان بۆ ناو زانکۆکان و بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی کۆمەڵگە و بەرەکانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیاکاری و نایەکسانی و بیری ڕەگەزی تا ڕادەیەکی زۆر پووچەڵ کرایەوە.
ژنان بە هێزی بیرکردنەوە و ئیرادەی خۆیان توانیان بیسەلمێنن کە جیاوازی ڕەگەزی ناتوانێت سنووردارکردن بۆ ژنان دروستبکات، هەموو ئەم جیاوازی و جیاکاریانەش هۆکاری عەقڵیەت و پەروەردەی کۆمەڵگەن، لەم ساڵانەی دواییدا سەرەڕای هۆشیاریی میدیا و کۆمەڵگە بۆ بابەتەکان و بەراوردکردنی لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتووتر، ژنانیش ئازادی و یەکسانییان دەویست، بەرخۆدانی ژنانی لە هەموو بەرە نایەکسانەکانی ژیان بەهێزتر کرد، کە شەرم و حەیا و چەوساندنەوە چیتر تایبەتمەندی ئەرێنی ژن نین، بەڵام تا بوێرتر و بە ئیرادەتر بێت بۆ خەباتکردن بۆ مافەکانی، ئەوەندە ئەو ژنە بەهێز تر دەبێت، هەرچەندە لەم نێوەندەدا ناچارە بەرامبەر نزیکترین ئەندامانی بنەماڵە بوەستێت و بەرەنگاری ببێتەوە، چ جای کۆمەڵگەیەک لە بیری پیاوسالاریدا نوقم بووە.
ژنانی کوردستان لە ناوچەکانی دیکە بوێرتر و ئازادترن و بە هۆی بوونیان لە بەرەکانی شەڕ توانیان خۆیان لە جیهان و کۆمەڵگەکان بسەلمێنن، جگە لەوەش ئەم بەڵگەیە و بەدەستهێنانی شەرعیەت لە کۆمەڵگەی پیاوسالاری، یەکێکە لە ئازارەکانی ژنبوون، ژنان لە شۆڕشی ئەم دواییەدا ئامادەیییەکی ڕەنگاوڕەنگیان هەبووە، بیرکردنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیان لە خۆیاندا خوڵقاندووە و ئێستا بە کردەیی ئەو ڕاستییە بۆ کۆمەڵگە دەسەلمێنن.
ئەگەر ئەم شۆڕشە گۆڕانکاریی سیاسیی بنەڕەتیی بەدواوە بێت، چاوەڕوان دەکەیت کۆمەڵگەی سبەینێ چۆن بێت و چ گۆڕانکارییەک لە ژیانی ژناندا ڕووبدات لە ڕووی ماف و یەکسانی و ئازادییەکانی تاک و بەشداری سیاسی و ئابووری؟
پێویستە ژنان لە مەیدانەکانی شۆڕشدا ئامادەبن تا ئازادی و یەکسانی بەدی دێت، شۆڕش گیان و ڕۆحی دەوێت، بەڵام جیاوازی ئێمە و پیاوێک کە لە زیندان دەستدرێژی دەکرێتە سەر چییە؟! ژن تا ئێستاش لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵگای ئێمەوە بە شەرەف دادەنرێن و پیاویش هەبووە نەیهێشتووە دایک و خوشک و ژن و کچەکانیان لە شەقامدا بن بەڵام دروشمی "ژن، ژیان ئازادی" یان لە شەقامەکان دەوتەوە! کاتێک دەگەڕانەوە ماڵەوە، هاواریان دەکرد و سووکایەتییان بە ژنانی دەوروبەریان دەکرد، ئەمانە هەموو ئەو ئازارانەن کە ژنان پێی ئاشنان و پێویستە لە ئەمڕۆوە داوای مافەکانیان بکەن، حیجابی زۆرەملێ لاببرێت و ژنان لە هەموو لایەنە کەسی و کۆمەڵایەتییەکاندا مافی یەکسانیان هەبێت، ئاسایشی ژیان و دارایی و سیاسییان هەبێت، ژنان خۆیان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە گەیشتن بە یەکسانی مافەکانیان.