خێزانی شەیما عیسا داوا لە ڕێکخراوە دادپەروەرەکان دەکەن ڕزگاری بکەن دوای دەستپێکردنی مانگرتنی لە خواردن
شەیما عیسا لە ناڕەزایەتی بەردەوامیی دەستگیرکردن و دادگاییکردنەکەی، مانگرتنی کراوەی لە خواردن دەستپێکردووە. خێزانەکەی داوا لە ڕێکخراوەکان دەکات پشتیوانی لێ بکەن.
تونس
لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دەسەڵاتدارانی تونس شەیما عیسا، چالاکوانی سیاسیی دیاریان دەستگیرکرد، وەک جێبەجێکردنی بڕیارێکی کۆتایی تێهەڵچوونەوە بە زیندانیکردنی بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بە تۆمەتی پیلانگێڕی دژی ئاسایشی دەوڵەت، لە دۆسیەیەکدا کە گفتوگۆی فراوان و ڕەخنەی دادپەروەریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.
خێزانی شەیما عیسا، زیندانیی سیاسی لە ڕاگەیاندراوێکدا، دەستپێکردنی مانگرتنی کراوەی کچەکەیانی لە خواردن ڕاگەیاند، لە دەقی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: لەگەڵ نزیکبوونەوەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەستگیرکردنیدا کە لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ ئەنجامدرا، ئێمە وەک خێزانی شەیما عیسا، زیندانیی سیاسی ڕایدەگەیەنین کە کچەکەمان لە ١٦ی تشرینی دووەمدا دەستی داوەتە مانگرتنی کراوە لە خواردن، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەردەوامیی زیندانیکردنی بە شێوەیەکی ستەمکارانە و ئەو ستەم و پێشێلکارییە گەورانەی کە خۆی و سەرجەم زیندانییانی دیکەی پیاو و ژن ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە بەرامبەر ئەو دادگاییکردنانەی کە سەرەتاییترین بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانییان تێدا نییە.
"ساڵێک بەسەر بێبەشبوون لە ئازادی و ئازار و چاوەڕوانیدا تێپەڕی"
ڕاگەیاندراوەکە جەختی لەوە کردەوە، کە مانگرتنی شەیما عیسا لە خواردن تەنها شێوازێک نییە لە شێوازەکانی ناڕەزایەتی، بەڵکو هاواری ژنێکە کە هەڵیبژاردووە بە جەستەی ڕووبەڕووی ستەم ببێتەوە، لە کاتێکدا بە تاڵییەوە وتی: دەرگای دادپەروەری بە ڕوومدا داخرا، چونکە من لە ڕێپێوانێکی ژناندا لەبەردەم هەموو چاوەکاندا دەستگیرکرام و ڕفێندرام، بۆ ئەوەی لە برسێتییەکەیەوە پەیامێک دروست بکات بۆ ویژدانی ئەم نیشتمانە، بۆ هەموو ئەوانەی هێشتا بڕوایان وایە کە ئازادی مافە نەک بەخشین، دادپەروەری بە هەڵبەستنی تۆمەت و دەرکردنی سزای قورسی زیندانیکردن بۆ دەیان ساڵ لە دۆسیەگەلێکدا کە پشت بە ڕاستییەکان نابەستن بەدی نایەت، بەڵکو پشت بە گێڕانەوەی هەڵبەستراو و سیناریۆی چنراو لە خەیاڵی ئەوانەدا دەبەستن کە دروستیان کردووە و ویستوویانە وەک ڕاستی بەسەر گەلێکدا بە تەواوی بیسەپێنن.
ڕوونیکردەوە کە ساڵێک لە بێبەشبوون لە ئازادی و ئازار و چاوەڕوانی، ساڵێک لە مەینەتی کە تەنها لە زیندانییەکە خۆیدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ خێزانەکەشی کە هەموو ڕۆژێک لەسەر ئاوازی دڵەڕاوکێ و ترس و ئازار دەژین، دادگاییکردنەکان بوونەتە ئامرازێک بۆ سزادانی سیاسی و پاکتاوکردنی نەیاران و بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکان، ئێمە وەک خێزانی شەیما عیسا جەخت دەکەینەوە کە شەیما لە جەنگەکەیدا لەپێناو ئازادی و کەرامەتدا تەنها نییە، بە هەموو ئەو ئیرادە و خۆڕاگرییەی هەمانە لە تەنیشتی دەوەستین، هاوارەکەی ئەو هاواری هەموو زیندانییە سیاسییەکان و هەموو ئەو خێزانانەیە کە کارەساتی دەستگیرکردنی سیاسی و تاڵیی چاوەڕوانی دەژین.
بانگەواز بۆ بەرزکردنەوەی دەنگەکان
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ژیان بەبێ ئازادی ژیان نییە، بەڵکو مردنێکی لەسەرخۆیە کە تێیدا ڕۆح ڕۆژ دوای ڕۆژ دەپوکێتەوە، ناکرێت مرۆڤ قبووڵی بکات مافی ئازادی و کەرامەتی لێ داگیر بکرێت و پاشان داوای بێدەنگبوونی لێ بکرێت وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، شەیما عیسا لەسەر مافی خۆی لە ئازادی بێدەنگ نابێت و سازش لەسەر مافی خۆی لە دادپەروەری ناکات، قبووڵی ناکات ستەم ببێتە قەدەرێکی سەپێنراو بەسەریدا، مانگرتنە کراوەکەی ڕاگەیاندنێکی ڕوونە بەوەی کە ئیرادەی ئازادی تێکناشکێت، زیندان هەرچەندە درێژە بکێشێت ناتوانێت مافی کەرامەت داگیر بکات و دەنگی بەرخۆدان بکوژێت.
خێزانی شەیما عیسا لە ڕاگەیاندراوەکدا بانگەوازیان ئاراستەی هەموو هێزە نیشتمانی، دادپەروەری و مەدەنییەکان، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، هەموو خاوەن ویژدانە زیندووەکان کردووە کە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و بەپەلە بجووڵێن بۆ پشتگیریکردنی شەیما عیسا و سەرجەم زیندانییانی دیکە، بە تەنها جێیان نەهێڵن ڕووبەڕووی ستەم ببنەوە، وتی: بێدەنگیمان لە بەرامبەر ئەم ستەمەدا هاوبەشیکردنە تێیدا، چاوپۆشیکردن لە پێشێلکارییەکانی بەشداریکردنە لە ئاساییکردنەوەی ستەم، خێزانەکەش ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەڕێوبەری زیندانەکە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە چاودێری مانگرتنەکەی دەکات، هەروەها مەرجی زیندانی گونجاوی بۆ دابینکردووە.