خولێکی پەرستاری لە کۆیە کۆتایی هات و ژنان بەشداربوون
خولێکی هاوینەی پێنج ڕۆژە بۆ پەرستاری و فریاگوزاری سەرەتایی لە کۆیە کۆتایی هات، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەشداربوون و لە کۆتاییدا بڕوانامەیان پێدرا.
شڵێر کۆیی
کۆیە-خولێکی تەندروستی و فریا گوزراری سەرەتایی کە لە لایەن ڕێکخراوی گەشەی لاوان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی "CBAA" کەنەدی بەڕێوەچوو، لە پێنج ڕۆژداو ڕۆژانە سێ کاتژمێر بە شێوەی پڕاکتیکی و تیۆری بەبەشداری ٤٠ فێرخواز کۆتایی هات، دواتر بڕوانامەی ڕێکخراوی نێود بەخشرایە فێرخوازان.
کانی بەشدا، یەکێک لەبەشداربووانی خولەکە، خوێندکاری کۆلێژی زانست لەزانکۆی کۆیە وتی: بەشداریم کردووە لە خولی پەرستاری و برینەوانی، ئەم پشووی هاوینم بەهەل زانی تا ئەزموونێکی نوێ فێرببم، هەرچەندە خوێندکارم بەڵام لام گرنگە کە شارەزابم لەبواری نوێ جگە لە بواری خۆم، بەتایبەت خولی پەرستاری و فریا گوزاری سەرەتایی زۆرگرنگە بۆ هەر تاکێک، هەرچەندە ماوەی خول کەم بوو بەڵام توانیمان زۆر شت فێر ببین، گرنگی ئەم خولە لەوەیە هەرکاتێک ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوو بدات لە ماڵەوە یان لەدەرەوە، بتوانی فریاگوزرای بۆ کەسەکە بکەیت تا ئەوکاتەی کەسەکە دەگاتە لای پزیشک و نەخۆشخانە.
ڕێژنە فریاد، بەرپرسی بەشی ڕێکخراوەکان لە مەڵبەندی کۆیە کە ئامادەی مەراسیمی کۆتایی خولەکە بوو وتی: دەستخۆشی لە ڕێکخراوی گەشەی لاوان دەکەم بۆکردنەوەی ئەو خولە بۆ ژنان و گەنجان، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە فێروازان بەشداربوون، ئەوەی جێی دڵخۆشیە زۆربەی بەشداربووان ژنانن، هیوادارم ڕێکخراوەکان چالاکی زیاتر پێشکەش بە ژنان بکەن لە داهاتوو، گرنگە ڕێکخراوەکان ڕۆڵیان هەبێت لە پێشکەشکردنی زانیاری و کردنەوەی خولی هەمەجۆر بۆ ژنان بەتایبەت لەخولە هاوینەکان، چونە ژنان ڕۆڵی گرنگ دەبینن لە کۆمەڵگە، بێگومان بەشداریان لەم خولانە خزمەتێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگە.