خولێکی دروومان لەکۆیە ژنانی پارچەکانی کوردستان کۆدەکاتەوە

لیژنەی ناوچەی کۆیەی كومەڵەی ئافرەتانی کوردستان، بەهاوکاری ڕێکخراوی "ئەحمەدی بانی خێڵانی" خولی بڕین و دروومانی بۆ ژمارەیەک لە ژنانی سنووری کۆیە کردەوە کە پێکهاتوون لە ژنانی پارچەکانی کوردستان.

شیا کۆیی

 

کۆیە_بەهۆی ئەوەی شاری کۆیە دوورە دەستە و هەلی کاری کەمە و دانیشتووانەکەی بژێوی ژیانیان لەسەر فەرمانبەریە و موچەخۆرن، هەروەها چەندین ساڵە دامەزراندن وەستاوە، ئەوەش وایکردووە ژنانی گەنج بێ کار بن، جگە لەوەش شاری کۆیە وەک هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان چەندین پێکهاتەی جیاوازی تێدایە، پەنابەرانی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کەبەهۆی زوڵمی ڕژێمەکان کۆچبەر بوون ڕوویان لەو شارە کردووە، بۆیە بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان لەهەوڵی ئەوەدان هاوکار و پاڵپشتی ژنان بن بەتایبەت ئەو ژنانەی هیچ هەلێکی کاریان بۆ نەڕەخساوە ئەوەش بە دۆزینەوەی هەلی کار لە ڕێگەی خولە پیشەییەکان.

 

"با ژنان خاوەن کارو داهاتی خۆیان بن"

نەمام میکایل، مامۆستا و سەرپەرشتیاری خولی دروومان، لە  لیژنەی کۆیەی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان وتی: ئێمە وەک کۆمەڵەی ئافرەتانی ناوچەی کۆیە، ساڵانە هەڵدەستین بەکردنەوەی خولی بڕین و دروومان بۆ ژنانی سنووری کۆیەو  گوندەکانی، تا بتوانین کۆمەڵێک لە ژنانی کۆیە پێبگەیەنین و ببنە خاوەن پیشەی خۆیان، هەر لەناو ماڵ دانەنیشن و خاوەن کارو داهاتی خۆیان بن، ئەوانەی بەشداری خولەکان دەکەن بەشێکیان خوێندکارن و  دەرچووانی زانکۆن و بەشێکیان ژنانی ماڵەوەن، دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو خولانەوە ببنە خاوەن  کاری سەربەخۆ، چونکە لەشارێکی وەک کۆیە هیچ هەلی کاری تێدانییە، خەڵکەکەی تەنیا پشتیان بە موچە بەستووە، لە ئێستاشدا دامەزراندن نییە هاوکات موچەکەش وەک پێۆیست مانگانە دابەش ناکرێت، لە کۆیە ڕێکخراوی گەورەش نین تا سودێک بەخەڵک بگەیەنن.

 

"هیچ ئومێدێکمان نییە دابمەزرێین"

شەوین دارا، دەرچووی زانکۆیە وەک فێرخوازێک بەشداری لەخولەکە کردووە وتی: دوای تەواو کردنی زانکۆ بەهۆی ئەوەی هیچ  دامەزراندنێک نییە بۆیە بیرم کردەوە خۆم کارێک فێر ببم، چونکە هیچ ئومێدێکمان نییە دابمەزرێین، بۆیە دەسخۆشی  لەو ڕێکخراوە دەکەین کە ئەو خولەیان بۆ ڕەخساندین بێ بەرامبەر، هەرچەندە ئامیری دروومانم نییە دوورمانی پێ بکەم هەوڵدەدەم لە ڕێگەی کەسێک یان ماڵەوەمان بۆم دابین بکەن.

 

" سودێکی باشمان بینیووە کە چۆن پیشەکە فێربین"

ئەفسانە ناڵەشین، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە چەندین ساڵە نیشتەجێی شاری کۆیەیە، خۆشحاڵە کە لە خولێک ژنانی هەموو پارچەکانی کوردستانی تێدا کۆبۆتەوەو وتی: ئێمە هاتوین لێرە فێری پیشەی دروومانی جلی کوردی بین بە کرداری نەک بۆ بڕوانامە،  خۆشحاڵم کە  لەم خولە ژنانی پارچەکانی دیکەی کوردستان  کۆبوونەتەوە، هەموو هاوکاری یەک دەکەین بێ جیاوازی، و سودێکی باشمان بینیووە کە چۆن پیشەکە فێربین، جێی خۆشحاڵیە کە دەبینم ئەوهەموو ژنە هاتوون وهەوڵدەدەن فێری پیشەیەک ببن، ولەهەمو خۆشتر ئەو تێکەڵاویەک لە کوردانی ڕۆژ ئاواو باکورو ڕۆژهەڵات و باشور کۆبوینەتەوە و یەک ڕیزیمان  درووست کردووە.

 

عایشە محەمەد موراد، خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری خولەکەی کردووەو وتی: سوپاسی ئەو ڕێکخراوەی ژنان دەکەم کە ئەوهەلەیان بۆ ڕێکخستووین تا بتوانین فێری بڕین و دوورمان ببین، خۆم لە زووەووە حەزم لە پیشەی دروومان بووە، بەڵام بۆم نەڕەخساوە فێرببم، باشە لەو خولە زۆر باش فێریان کردوین بەشێوەی پراکتیکی دروومان فێربین.

 

عایشە محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ژنانی ڕۆژئاوا هەمیشە ئازان و سەلیقەیان جوانە و حەز دەکەن کار بکەن و خۆیان خاوەنی کاری سەربەخۆی خۆیان بن.