خۆپیشاندەر ئەکرەم پیركزی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژرا
خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران ١٤ ڕۆژی تێپەراند و هیشتا بەرخۆدان دژی ڕژێمی ئیران بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا، ئەکرەم پیركزی لە پارێزگای خۆراسان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێم کوژرا.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژی ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەهۆی قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە و سەرەڕای فشارەكانی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازاییەکان، بەڵام خۆپیشاندانەکان زیاتر پەرەی سەندووە و تا ئێستا بەردەوامە.
بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەکرەم پیرگزی خەڵکی نەیشابووری پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شارەکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئیران کوژرا.
شایەنی باسە، ئەکرەم پیركزی یەکەم ژنی گیانبەختكردووی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم دواییەیی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێرانە.
بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لە ماوەی ١٤ ڕۆژی خۆپیشاندانەکان، دوو هەزار و ٣١١ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و ٥٧ خۆپیشاندەر کوژراون، کە لەو ژمارەیە حەوت کەسیان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵیدان.