خۆپیشاندانی ڕانیە بە پێشەنگایەتی ژنان: ئێمە یەک ڕۆح و یەک جەستەین

لە دەروازەی ڕاپەڕینەوە، ژنانی ئازادیخوازو توێژە جیاوازەکان لە چالاکییەکی شکۆداردا بە ناوی "هەینی بەرخۆدان" بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە لەژێر لێزمەی باراندا هاواریان کرد: سنوور بوو بە تەپوتۆز، بەرخۆدانتان لێ پیرۆز.

ڕانیە

 

دوێنێ لە شارۆچکەی ڕانیە، بە بەشدارییەکی بەرچاوی ژنان و توێژە جیاوازەکان، گردبوونەوەی گەل بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، ئەوەی سیمای ئەم گردبوونەوەیەی جیاواز کردبوو، ڕەنگ و دەنگی ژنان بوو کە وەک هەمیشە لە ڕیزەکانی پێشەوەی بەرخۆداندا دەبینران. سەرەڕای کەشوهەوای باراناوی و سەرمای زستان، بەڵام گڕی دڵی دایکانی ئاشتی و کچانی گەنج بۆ یەکێتی نەتەوەیی، گەرمییەکی تایبەتی بە مەیدانەکە بەخشیبوو و سات بە سات جۆش و خرۆشی ئامادەبووان بەرزتر دەبووەوە.

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری ڕاپەڕین چەندین بەرهەمی ئەدەبی و هونەریی پێشکەش کرد. لەم بەشەدا هونەر وەک ئامرازێکی بەرگری دەرکەوت.

 

ژنان و ئامادەبووان بە یەک دەنگ ڕادەستبوونی سنوورە دەستکردەکانی سایکس-پیکۆیان تێکشکاند. دروشمەکانی "یەکە یەکە کوردستان یەکە" و "سنوور بوو بە تەپوتۆز، بەرخۆدانتان لێ پیرۆز" گەیشتبوونە تەشقی ئاسمان و لەرەیان خستبووە جەستەی شارەوە. ژنانی بەشداربوو بە بەرزکردنەوەی دروشمەکان، پەیامی ئەوەیان دا کە باشوور و ڕۆژئاوا یەک جەستەن و هیچ هێزێکی سیاسی و پیلانگێڕ ناتوانێت ڕێ لە یەکگرتنی ڕۆحی نەتەوەیی و ئیرادەی ئازادیخوازان بگرێت.

 

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، جەماوەر بە ڕێپێوانێکی هێمنانە بەناو بازاڕ و شەقامەکانی شاردا دەستیانپێکرد. ژنان بە وتنەوەی دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" پێشەنگایەتی ڕێپێوانەکەیان کرد و جارێکی تر ڕانیە سەلماندی کە قەڵای بەرخۆدانە و ژنانیش دڵی ئەو قەڵایەن کە هەرگیز لە لێدان ناکەوێت.