خەڵکی ڕانیە یارمەتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کۆدەکەنەوە
لە شاری ڕانیە بە دەستپێشخەری کۆمەڵێک لە کەسایەتی و چالاکوانانی نیشتمانی، کەمپینێکی فراوانی هاوپشتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا.
ڕانیە
دوێنی ٢٣ی کانوونی دووەم، لەبەردەم باخی گشتی شارۆچکەی ڕانیە، مەراسیمی ڕاگەیاندنی کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەک و پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد.
لەم چالاکییەدا کە بە هەستی بەرزی نەتەوەیی بەڕێوەچوو، هاوڵاتیانی ڕانیە و دەوروبەری وەک هەمیشە سەلماندیان کە سنوورە دەستکردەکان ناتوانن ڕۆح و جەستەی نەتەوەیەک لەیەک داببڕن و ئازاری ڕۆژئاوا، ئازاری ڕاستەقینەی ئەوانە.
سەرەڕای ئەوەی شەپۆلێکی بەفر و سەرما ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەڵام خەڵکێکی بەرچاو و بە ئەمەک، بە پیر و گەنجەوە لە دەوری ڕێکخەرانی نیشتمانیی کەمپینەکە کۆبوونەوە، تا پەیامی ئەوە بدەن کە گەرمیی دڵیان بۆ خوشک و براکانیان بەسەر ساردیی کەشوهەوادا زاڵە.
ڕێکخەرانی کەمپینەکە ستایشی بەدەنگەوەهاتنی بەپەلەی دانیشتووانی ڕانیەیان کرد، کە بێ گوێدانە بارودۆخی کەشوهەوا، سەلماندیان ڕانیە هەر بە دەروازەی ڕاپەڕین و قەڵای پشتیوانی لە پرسە نەتەوەییەکان دەمێنێتەوە.