بەهۆی لافاوەکەی بەرازیل ١٠٧ کەس گیانیان لەدەستدا

لە بەڕازیل ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٠٧ کەس و ١٣٦ کەسیش بێ سەروشوێن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ویلایەتی ڕیۆ گراندە دو سول کە دەکەوێتە باشووری بەڕازیل، بارانبارینی بەخوڕ بووە هۆی دروستبوونی لافاو و زیانی گیانی و ماددی هەبووە، بەپێی بەیاننامەی بەرگری شارستانی پەیوەست بە دەوڵەت؛ ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە ١٠٧ کەسە و ژمارەی بێسەروشوێنبووانیش ١٣٦ کەسە.

 

هەروەها ٣٧٤ بریندار لە نەخۆشخانەکان چارەسەر دەکرێن، ڕاگەیەندرا کە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و فریاگوزاری بەردەوامن، بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانیش، هێشتا هەزاران کەس بێ کارەبا و خزمەتگوزاری ئینتەرنێتن و مەزەندە دەکرێت ژمارەی گیان لەدەستدان زیاد بکات.

 

'دۆخی کارەسات' ڕاگەیەندرا
ئیدواردۆ لیتێ، پارێزگاری ڕیۆ گراندە دو سول لە بەیاننامەکەیدا لە ٣ی ئایاردا ڕایگەیاند، هێشتا ناوچەگەلێک هەن کە ناتوانرێت دەستیان پێ بگات و وتی: "ئێمە بە دۆخێکی زۆر نائاساییدا تێدەپەڕین، ئەم ڕووداوە ڕووداوێکی گرنگی مێژووییە بۆ دەوڵەت، بۆیە بەهۆی گەورەیی کارەساتەکەوە بۆ ماوەی ١٨٠ ڕۆژ "دۆخی کارەسات" ڕادەگەیەنن.