گەوهەر ئەشقی هەڵویستی خۆی دژی کوشتن و دەستگیرکردن نیشاندا

گەوهەر ئەشقی دژی دەستگیرکردنی دایە شەریفە، دایکی ڕامین حسێن پەناهی و کوشتنی سپهەر شیرانیی ١٩ ساڵ هەڵویستی خۆی خستەڕوو، دەڵێت: دەست لە تاوان هەڵگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو، گەوهەر ئەشقی، یەکێک لە دایکانی داواکاری دادپەروەری، دژی دەستگیرکردنی دایە شەریفە، دایکی ڕامین حسێن پەناهیی زیندانی سیاسیی لەسێدارەدراو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی هەڵوێستی خۆی خستەڕوو، نووسیویەتی: بیستم دوێنێ جەلادەکانی خامنەیی لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان دایە شەریفە و هاوەڵەکانییان دەستگیر کردووە و بێ ڕێزییان بەرامبەر کردوون، بەوان و سەرکردەکەیان دەڵێم واز لەم کارانە بهێنن، چیتر پێتان لەسەر قوڕگمان دامەنێن، ئەم گەلە تا شوێنێک سەبر دەگرێت و بێدەنگ دەبن، ئەم کارانە مەکەن.

 

گەوهەر ئەشقی ئەوەشی نووسیوە، "بە جەلادەکانی خامنەیی دەڵێم، ئەگەر بیر لە خۆتان نەکەنەوە، بیر لە خێزانەکانتان بکەنەوە، ئەم گەلە بجوڵێت ڕەحم بە گەورە و بچوکتان ناکات".

 

دایە شەریفە، ١ی شوبات لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، بەنیازبوون گەشتێک بۆ کامیاران بکەن و چاویان بە بنەماڵەی پژمان فاتحی، یەکێک لەو چوار زیندانییە سیاسییە کوردە بکەوێت کە ٢٩ی کانوونی دووەم لەسێدارەدران، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران.

 

ئەمە دووەم جار بوو لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا کە ڕێگری لە دایە شەریفە بکرێت سەردانی خێزانی پژمان فاتحی بکات، هێزە ئەمنییەکان بە زارەکی دایە شەریفەیان ئاگادار کردووەتەوە کە ڕێگەی پێنادرێت لە ماڵەوە دەربچێت و قەدەغەیە.

 

لەلایەکی دیکەوە گەوهەر ئەشقی دژی کوشتنی سپهر شیرانیی ١٩ ساڵ لە زیندانی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران، کە خوێندکارە و خەڵکی شاری زاهیدانە، لە تۆڕی ئینستاگرامی خۆی کاردانەوەی نیشاندا و نووسیویەتی، "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئاناهیتا ئەمیرپوور خوێندکارێکی گەنج لە شاری بۆروجەرد کوژرا، ئەمڕۆ بیستم کە خوێندکارێکی تەمەن ١٩ ساڵی بەلوچ بە ناوی سپهر شیرانی لە زاهیدان بە دەستی تاوانبارانی سوپای پاسداران کوژراوە، هاوخەمی خۆم بۆ خەڵکی بە پەرۆش و خۆڕاگری سیستان و بەلوچستان دەردەبڕم، داوا لە نەتەوەی ئێران دەکەم بێدەنگ نەبن، بێدەنگی ئەمڕۆمان هاوبەشی لەگەڵ تاوانبارانە، بێدەنگی ئەمڕۆمان ڕێگەدانە بە کوشتنی ئێمە و منداڵەکانمان.

 

جێی ئاماژەیە، ٣٠ی کانوونی دووەم سپهر شیرانی بە نیازی چوونە زانکۆ ماڵەوەی بەجێهێشت و پاش ڕۆژێک لە بێ هەواڵ و بەدواداچوون، بنەماڵەکەی بۆیان دەرکەوت کە ناوبراو دەستبەسەر کراوە، لەکاتێکدا بنەماڵەی ئەم خوێندکارە تەمەن ١٩ ساڵە بەدوای دەستگیرکردنەکەیدا دەگەڕان، ڕۆژی ١ی شوبات تەرمەکەیان لەسەربانی ماڵەکەیان دۆزیەوە.

 

ئەم خوێندکارە تەمەن ١٩ ساڵە، کە لە ئینستاگرام زیاتر لە سێ هەزار فۆڵۆوەری هەبوو، چەندین جار لەلایەن هەواڵگری زاهیدان بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا و هەڕەشەی لێکرا و داوایان لێکرد چالاکییەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ڕابگرێت.