خەڵاتی ڕێزلێنانی موسا عەنتەر بەخشرایە بنەماڵەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین

٣١ەمین خەڵاتی ڕۆژنامەگەریی موسا عەنتەر و خەڵاتی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد پێشکەشی بنەماڵەی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٣١ەمین ساڵی بەخشینی خەڵاتی ڕۆژنامەگەریی موسا عەنتەر و شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد بەڕێوەچوو، تیایدا خەڵات بەخشرایە بنەماڵەی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، کە لە شاری سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کرانە ئامانج.

 

ئەمساڵیش بە یادی موسا عەنتەر، کە لە ٢٠ی ئەیلوولی ١٩٩٢ لە ئامەد لەلایەن ڕێکخراوی ژیتەمەوە تیرۆر کرا و ئەو خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد کە لە چالاکییەکاندا ژیانی خۆیان لە دەستدا، دیاری دەکرێن و براوەکانی ئەمساڵ ڕاگەیەندران.

 

سی و یەکەمین پێشبڕکێی ڕۆژنامەگەریی موسا عەنتەر و شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد، لە لایەن ڕۆژنامەی یەنی یاشام، بۆ باشترین "هەواڵی تورکی"، "هەواڵی بە دیمەن"، هەواڵی کوردی"، "وێنەی هەواڵ"، "کاریکاتۆر" و بۆ یادی گوربەتەلی ئەرسۆزیش "ڕۆژنامەگەری ژن" لە شەش لقی جیاوازدا دەبەخشرێت، خەڵاتەکان لە مەراسیمێکدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ئەیلوول لە ناوەندی ڕۆشنبیری شاری شیشلی جەمیل جانداش کاتژمێر ١٨:٣٠ بەڕێوەبچێت، دەبەخشرێنە خاوەنەکانیان.

 

"هەواڵی تورکی"

لە کۆی ٣٣ بەرهەم کە لە بەشی "هەواڵی تورکی" پێشکەش کران، ٢٦ بەرهەمیان "هەواڵی تورکی" بوون و ٧ بەرهەمیش لە بەشی "هەواڵی بە دیمەن" بوون.

 

لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکانی لیژنەی باڵای "هەواڵی تورکی" هەواڵی جەنگیز ئەنیل بولوکباش لە T24 شایستەی خەڵاتەکە دانرا.

 

لە بەشی "هەواڵی بە دیمەن"، هیچ هەواڵێکیان بە شایستەی خەڵات نەبینی، بەڵام خەڵاتی تایبەتی لیژنەی باڵایان بە دیلان بابات لە ژن نیوز بۆ گرتنی دیمەنی " قسە بکە، تۆ خەڵکی کوێێت؟" بەخشرا.

 

سەبارەت بە خەڵاتەکەش لیژنەی باڵا ڕایانگەیاند، "هەرچەندە هیچ هەواڵێک شایستەی خەڵات لە بەشی "هەواڵی بە دیمەن" نەبووە، بەڵام هەواڵەکەی دیلان بابات بەناونیشانی 'لە کاتی دەنگدان سەربازەکان دەچنە شرناخ' شایەنی خەڵاتی تایبەتە، چونکە لەو کاتە کاریگەری باشی لە سەر ڕۆژەڤ هەبوو و وێنەکەی زۆر سەرنجڕاکێش بوو، ئێمەش دەستخۆشی لە هاوکارە گەنجەکەمان دەکەین".

 

هەروەها لە بەشی وێنەی هەواڵی دا، خەڵات بە ڕۆژنامەوانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا موژدەت جان بەخشرا.

 

"هەواڵی کوردی"

ئەندامانی لیژنەی باڵای ئەم بەشە، هەواڵی ڕۆژنامەوان سلاڤا عەبدولڕەحمان محەمەد ئەمین لە ئاژانسی هەوالی هاوار – ئانها،  بە ناوی "چیرۆکێکی سودبەخشی زمان و تێکۆشان بۆ ئازادی" بە شایستەی خەڵاتی تایبەتی لیژنەی باڵا بینرا.

 

"گوربەتەلی ئەرسۆز، ڕۆژنامەگەری ژن"

لەم بەشەدا ڕۆژنامەوان ڕەحیمە کارڤار بە بابەتێک لەسەر ژیانی ئەو ژنانەی کە لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا کرێکاری دەکەن، خەڵاتکرا.

 

هەروەها لیژنە باڵای ئەم بەشە ڕایگەیاند: "ئێمە وەک لیژنەی باڵای ڕۆژنامەگەری ژنی گوربەتەلی ئەرسۆز، ڕایدەگەیەنین کە هەموو هەواڵێک گرنگە، هەواڵێک کە تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی ژنان و منداڵان لەم پرۆسەی قووڵکردنەوەی نایەکسانی جێندەریدا جارێکی دیکە گرنگیی ڕۆژنامەگەری لەسەر بنەمای مافەکان دەردەخات، لەم سەردەمەدا کە ژنان دەکوژرێن و تاوانی سێکسی دژی منداڵان لە هەڵکشاندایە، بابەتی هەموو هەواڵێک وەک پێشێلکارییەک دێتە دەرەوە، تەوەری ٨ هەواڵ بریتی بوو لە پێشێلکاری بەرامبەر ژنان و منداڵان، سوپاس بۆ هەموو هەوڵەکانتان".

 

لە بەشی کاریکاتێریشدا سەرەڕای ئەوەی کە لێژنەکە بەرهەمێکی بۆ خەڵات بەخشین نەبینی، خەڵاتی ڕێز لێنان بەخشرا بە خەلیل چۆبان.

 

"خەڵاتی کەرامەت"

خەڵاتی کەرامەت کە هەر ساڵە لەلایەن ڕۆژنامەی "یەنی یاشام" دەبەخشرێت، ئەمساڵ بە بۆنەی یادی ڕۆژنامەوانان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵ لە شارۆچکەی سەیدسادق لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج، بەخشرایە بنەماڵەی هەردوو ڕۆژنامەنووس.

 

هەروەها ڕۆژنامەی "یەنی یاشام" خەڵاتی کەرامەتی بەخشی بە پارێزەری مافی ژنان و ڕۆژنامەوانی کورد، پەخشان عەزیزی کە لە ڕژێمی ئێران سزای سێدارەی بە سەردا سەپاندووە.