"دژی لەسێدارەدان دەبینە دەنگی ژنان"
ژنە ڕۆژنامەنووسانی عەفرین و شەهبا سەبارەت بە بڕیاری لەسێدارەدانی ژنانی چالاکوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایانگەیاند، دەنگی خۆیان لە دژی بڕیارەکانی لەسێدارەدان بەرز دەکەنەوە و ڕووخساری ئەقڵیەتی پیاو-دەوڵەت ئاشکرا دەکەن.
حەسنا محەمەد
شەهبا- ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر چالاکوان شەریفە محەمەدی و ڕۆژنامەنووسی کورد پەخشان عەزیزیدا سەپاند، هەر بۆیە ژنانی ڕۆژنامەنووسی عەفرین و شەهبا کاردانەوەی خۆیان لە دژی بڕیاری لەسێدارەدانی ژنان دەربڕی.
"ئێران بڕیاری لەسێدارەدان بە ڕەوا دەزانێت"
سیدرا مەمۆ، پەیامنێری ژن تیڤی، بڕیاری لەسێدارەدانی ژنانی لە ئێران ڕەتکردەوە و باسی لەو سیاسەتانە کرد کە ژنان دەکەنە ئامانج و وتی: بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە لە ئێران ڕەتدەکەینەوە و هەرگیز قبوڵی ناکەین، ژنان کاتێک دەیانەوێت ئازادانە کار بکەن و ڕاستییەکان دەرخەن دەکرێنە ئامانج و دەسبەسەر دەکرێن و کردەوەی دڕندانەیان بەسەردا دەسەپێندرێت، لە ئێران زۆرێک لە ژنانی کرێکار بە هۆکاری جیاجیا دەستبەسەر کران و سزایان بەسەردا سەپێندرا، بە توندی مەبەست لەم کردەوانە ڕێگریکردن بوو لە سەرهەڵدانی ژنان دژی دەسەڵات.
ئەو پەیامنێرە وتیشی: لە دژی ئەقڵیەتی پیاو-دەوڵەت، هەر لە سەرەتای شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'ەوە، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری لە چالاکییەکان دەکەن، کاردانەوەکانیان لە دژی ئەم ئەقڵیەتە نیشان دەدەن و خەبات دەکەن بۆ شکاندنی، سەدان ژن کە دژی هۆشیاری دەوڵەت خەبات بۆ ئازادی دەکەن، لە ئێران دەستبەسەر کراون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، بڕیاری لە سێدارەدان لە هەموو جیهان و لە یاسای مافی ڕۆژنامەنووساندا قبوڵکراو نییە، بەڵام ڕژێمی ئێران ئەم بڕیارە بە ڕاست دەزانێت.
"ئێمە بەشداری هەڵمەتی 'نا بۆ لەسێدارەدان' دەکەین"
سیدرا مەمۆ ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەشدارن لە هەڵمەتی دژی بڕیاری لەسێدارەدان وتی: کۆمەڵگە و ژنان هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ واژۆکردن دژی بڕیاری لەسێدارەدان، ئێمە وەک ژنە ڕۆژنامەنووسان لە عەفرین و شەهبا بەشداری ئەم هەڵمەتە دەکەین و دەنگمان دژی لەسێدارەدانی ژنان بەرز دەکەینەوە و دەڵێین کەس ناتوانێت دەنگی ژنان سەرکوت بکات و مافەکانی پێشێل بکات، بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'، ژن لە هەر شوێنێک بێت لە ڕێگەی قەڵەم و کامێرا و ئایدۆلۆژیای ڕزگاریخوازی ژنەوە دەنگی بڵند دەکات.
"بڕیاری لەسێدارەدانی شەریفە و پەخشان هەموو ژنانیش دەگرێتەوە"
زانا ڕۆژ، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی ڕۆناهی سەرنجی بۆ ئەو سیاسەتانە ڕاکێشا کە دژی ژنان ئەنجام دەدرێن و ڕوونیکردەوە، ئەو سیاسەتانەی لە ئێران بەڕێوەدەچن سیاسەتی پێشێلکاری و چەوساندنەوەی ژنانە و بە دڵنیاییەوە ئەم سیاسەتە درێژەپێدەری ئەقڵیەتی پیاوانی دەسەڵاتدارە لە دژی ژنان و گەشەکردنیانە لەم سەدەیەدا.
لە کۆتاییدا وتی: لە دوای پریشکی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' و تا ئێستا سیاسەتی توند لە دژی ژنی تێکۆشەر و سەرهەڵدێر بەڕێوە دەچێت، لەم دواییانەدا حکومەتی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو ژنە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسدا سەپاند، وەک ژنە ڕۆژنامەنووس هەرگیز قبوڵی ناکەین لەم قۆناغەدا بڕیاری لە سێدارەدان لە دەوڵەتی ئێراندا بەڕێوە بچێت، ئەمەش جێگەی شەرمەزارییە بۆ جیهان و پێویستە ئەم بڕیارە نەک تەنها لە ئێران، بەڵکو لە هەموو جیهاندا لاببرێت.