ژنان تاجەگوڵینەیان لەسەر گۆڕی شەهیدانی ژن دانا

لە درێژەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، کەمپەینی یەکڕیزی ژنان تاجەگوڵینەیان لەسەر شوێنی تیرۆرکردنی تاگیهان ئاکارسەل و مەزاری شەهیدانی ژن دانا.

سلێمانی

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کەمپەینی یەکڕیزی ژنان، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادیی بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین" و بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان و ئازادیخواز، لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی لە شوێنی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەر، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، کە لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەلایەن میتی تورک و بە هاوکاری سیخوڕی ناوخۆیی تیرۆر کرا، تاجەگوڵینەیان دانا.

 

لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیدا فەوزیە عبدولکەریم، ئەندامی کەمپەینەکە وتارێکی پێشکەشكرد و ئاماژەی بەوەدا، "٨ی ئادار لە ژنانی جیهان و بە تایبەت کورد پیرۆز دەکەین، بە پێویستمان زانی لەم ڕۆژەدا یادی ژنانی شەهید و تێکۆشەر بکەینەوە، یەکێک لەو شەهیدانە ناگیهان ئاکارسەلە کە لەم شوێنەدا خوێنی پاکی ڕژێنرا و شەهید کرا، ژنانی کورد هەمیشە خەباتکار و شۆڕشگێر بوون و لەو پێناوەشدا شەهیدی سەنگەر و قەڵەممان هەیە، هەڤاڵ زیلانیش یەکێکە لە شەهیدانی قەڵەم کە کاری هۆشیارکردنەوەی ژنان بوو".

 

فەوزیە عەبدولکەریم وتیشی: سەرمان لە ئاست ژنانی شەهید دادەنەوێنین کە لەپێناو دۆزی ژناندا کاریان کرد و ئێمەش وەکو ژنان دەبێت بەردەوام بین لەسەر ڕێبازی شەهیدان و کار بکەین بۆ هۆشیارکردنەوە و ڕزگارکردنی ژنان و ئەم سەدەیە بکەینە سەدەی ژنان.

 

لە درێژەی چالاکییەکەدا بۆ بەبیرهێنانەی ژنانی پێشەنگی تێکۆشانی ژنان، سەردانی گۆڕی ڤیان جاف، کە لە شەوی ١/٢ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٦دا لە حەفتانین لە دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا، و گۆڕستانی ژنانی بێناونیشانیان لە گردی سەیوان کرد و گوڵیان لەسەر گۆڕی ژنان دانا.

 

چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، لە سەرانسەری جیهان و کوردستان بە چالاکی جۆراوجۆر بەردەوامی هەیە.