خانم لەتیف لە دانیشتنی ئەنجومەنى ئاسایش داوای لەبەرچاو گرتنی بەشداری سیاسی ژنانی عێراقی کرد
خانم لەتیف، نوێنەری ڕێکخراوی ئاسودە لەبەردەم ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى ئاماژەی بەوەکرد لە هەرێمى کوردستان چالاکوانانی ژن ڕووبەڕووى تووندوتیژی دەبنەوە.
ناوەندی هەواڵ - لە دانیشتنێکى تایبەتى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتی کە لە ١٨ی ئایار لەبارەى دۆخى عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، خانم لەتیف، نوێنەری ڕێکخراوی ئاسودە ئاماژەی بەوەکرد، دۆخى ناهەموارى ژنان لە عێراق و نەبوونى یەکسانى کۆمەڵایەتى و ئابوورى، وایکردووە کە وەک پێویست ڕۆڵی و بەشدارییان نەبێت لە پڕۆسەکانى بڕیاردان و کارکردنیان سنووردارە.
ئەوەشی خستەڕوو، سێ پرس هەن کە پێویستە لە عێراق لەبەرچاو بگیرێن، لەوانە یاسای پاراستنى ژنان لە تووندوتیژى، بەشدارى سیاسیی ژنان و دەنگدان بە نوێکردنەوەى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.
لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خانم لەتیف ئاماژەی بەوەشکرد، لە نێوان ساڵانى ٢٠٢٠- ٢٠٢١دا ٢٤ هەزار تووندوتیژى جێندەرى لە عێراق هەبووە و ٧٥%ی ئەو کەسانەى کە ڕووبەڕووى ئەو جۆرە تووندوتیژییە دەبنەوە ژنن.